
لهسايتى رووداو وهركيراوه
رەوشت كەمال، 17 ساڵ، بەرگەی ئەوەی نەگرت وەك قوپییەكار لەنێو خوێندنگەكەی ناوی بڵاوبكرێتەوە، كە گەڕایەوە ماڵ نەوتی بەخۆیدا كرد و خۆی سووتاند. جەستەی رەوشت %97ی سووتا، رۆژی 26/11/2010 لە نەخۆشخانەی سلێمانی گیانی لەدەستدا.
رۆژی 21/11/2010 دوای ئەوەی رەوشت كەمال 17 ساڵ، پۆلی دەیەمی ئامادەیی لە خوێندنگەی چوارقوڕنە، لە وانەی كۆمەڵزانی قۆپیەی لێدەگیرێت و قۆپیەكەی لەلایەن یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانەكە بە پۆلەكاندا دەگەڕێندرێ، رەوشت بەرگەی ئەوە ناگرێ و دەگەڕێتەوە ماڵ و بە مەسینەیەك هەندێك نەوت بەخۆیدا دەكات و ئاگر لە خۆی بەردەدات.
لیمۆ رەمەزان، 40 ساڵ، كە ئامۆژنی رەوشتە و لە ماڵەوەش بە یەكەوە دەژین، ئاماژەی بەوەدا كە ئەو كاتەی رەوشت چووە بۆ قوتابخانە هیچ كێشەیەكی نەبووەو خۆی گۆڕیوەو خۆی بۆنخۆشكردووە ئینجا چووە، بەڵام دەڵێت "كە لە قوتابخانە گەڕایەوە رەنگی زەرد هەڵگەڕابوو، لێمپرسی چییتە، گوتی كەلەكەم ئازاری هەیە، بەڵام زۆری پێنەچوو منداڵەكان هاتنە ژوورەوە گوتیان وەرە رەوشت خۆی سووتاند".
لیمۆ كە لەگەڵ رەوشت چوو بۆ نەخۆشخانە، دەڵێت "رەوشت دەیگوت زۆر لەبەر مامۆستاكەم پاڕامەوە كە لای ئیدارە باسی نەكات، بەڵام مامۆستاكەم قۆپیەكەی دایە مامۆستا (ش)ی یاریدەدەری خوێندنگاكەو ئەویش دەریكردم"، گوتیشی "رەوشت زۆر بەسەرخۆیدا شكابووەو كە ناوی بە پۆلەكاندا گەڕابوو، نەدەبوو ئەو مامۆستایە بەوشێوەیە تووندوتیژ بێ بەرامبەری".
ژیان عەلی، كە هاوپۆلی رەوشتە، دەڵێت بەخۆی رەوشتی بینیوە كە لەبەر مامۆستاكەی دەپاڕایەوە تاوەكو قۆپیەكە نەداتە ئیدارە "رەوشت هاتە لام گوتی قۆپیەی لێگرتم داوام لێكرد كە بمبەخشێ، بەڵام گوتی دەیدەمە مامۆستا (ش)، بەڵام نایەڵم ناوت بڵاو ببێتەوە لە پۆلەكان، كەچی بە قسەی نەكردبوو و لە پۆلەكان ناوی خوێندرایەوە، رەوشتیش لەداخان خۆی سووتاند".
ژیان كە لە نەخۆشخانە لەسلێمانی بووەو دوای ئەوەی دەچێتەوە قوتابخانە دەبینێ مامۆستا (ش) لە پۆلەكەیانە دەڵێت "گوتم خوێندكارینە گەردنی رەوشت ئازاد بكەن تازە ئەو رۆیشت، یەكسەر مامۆستا دەریكردم و هەڕەشەی فەسلكردنی لێكردم، گوتی بۆی بگری فەسڵت دەكەم، ئێمە چوار كچی لە پۆل دەركرد لەبەرئەوەی بۆ رەوشت گریاین".
ژیان دەڵێت مامۆستا (ش) ئێستا حاشا لەوە دەكات كە ناوی رەوشتی لە پۆلەكان خوێندبێتەوە "بەڵام سەرجەم خوێندكارانی وێژەیی شایەتن كە مامۆستا (ش) گوتوویەتی رەوشت قۆپیەی كردووەو پێنج نمرە لە سلوكی شكاوە، تەنانەت گوتبووشی ناوی لەلای پاقلە فرۆشانیش هەڵدەواسم".
(رووداو) هەوڵیدا قسە لەگەڵ ئیدارەی قوتابخانەكە بكات، بەڵام ئامادەنەبوون قسە لەسەر رووداوەكە بكەن. هەروەها پەیوەندیمان بە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رانییەشەوە كرد و ئەوانیش ئامادەنەبوون قسە لەسەر رووداوەكە بكەن.
رائید حەسەن خۆشناو، لێپرسراوی نووسینگەی بەدواداچوونی تووندوتیژی دژ بە ژنان لە رانیە رایگەیاند كە ئەوان ئاگاداری خۆسووتاندنی رەوشتن و بە (رووداو)ی گوت "بەپێی لێكۆڵینەوەی سەرەتایی، گوایە ئەو خوێندكارە قۆپیەی لێگیراوەو لە دوای قۆپیەكەش ناوی رەوشت لە پۆلەكان بڵاوكراوەتەوە، ئەوەش هۆكار بووە بۆ خۆسووتاندنی".
بە بڕوای توێژەرانی دەروونی سیستمی دامەزراندنی مامۆستا لە قوتابخانەكان كەموكوڕی تێدایە، بەتایبەتیش دامەزراندنی ئەو مامۆستایانەی كە كۆلیژی پەروەردەیان تەواو نەكردووە. نەبەز رەسوڵ، توێژەری دەروونی لەو بارەیەوە دەڵێت " هەركەسێك كۆلیژی تەواوكرد دەكرێتە مامۆستا، بەڵام مامۆستا دەبێ كۆلێژی پەروەردەی تەواوكردبێ، نەگونجاوە كەسێك دەكرێتە مامۆستا بەبێ ئەوەی بزانێ پیشەی مامۆستایەتی و تەمەنی هەرزەكاری و سایكۆلۆژی خوێندكار چییە، تەنانەت ئاگای لە شێوازی وانە گوتنەوەش نییە"، ئەو توێژەرە دەڵێ " مامۆستا دەبێ بەلایەوە ئاسایی بێت كاتێك خوێندكار هەڵە دەكات، لەبەرئەوەی هەموو كەس لەوانەیە هەڵە بكات". بەبڕوای نەبەز رەسوڵ"مامۆستای باش ئەوەیە خوێندكارەكە بێنێتەوە سەر رێگەی راست و وابكات جارێكیتر قۆپیە نەكات، نەوەك ناوی بە پۆلەكاندا بگێڕێ".
سەبارەت بەو سزادانەی رەوشت لە قوتابخانەكەی لەسەر قۆپییەكردن، كە ناوی بە پۆلەكاندا بڵاوكراوەتەوەو پێنج نمرەش لە رەوشتی شكێندراوە هەروەك هاوپۆلەكانی دەڵێن، ئیسماعیل بەرزنجی لێپرسراوی راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە بە (رووداو)ی راگەیاند "سیستەمی نوێی خوێندن لەگەڵ ئەوەدا نییە كە قوتابی و خوێندكار بەهیچ جۆرێك رووشكێن بكرێ".
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
| < Prev | Next > |
|---|





