یهکێك لهو کتێبه گرنگانهی که خوێندومهتهوه کتێبێکه دهربارهی چۆنێتی کاری موخابهراتـــی نێودهوڵهتی و جۆنێتی کارکردنیان دژ بهیهکتری . بە سهرکهوتنی هەر پلانێك دهتوانن دهوڵهتی بهرامبهر بۆ چهند ســاڵێك له ههموو بوارهکاندا دواخهن و نەهێڵن بوارەکانی ژیان پەرەبسـێنێت ومتمانـەی میللەت لە حـکومەتەکەی بسـێنێتەوە، ئەمە جەنـگی جیهانـی سـێهەمە و بەو جــۆرە وڵاتان دژ بەیەکتری ئەجەنگێن . . . ئهو پلانهی که بۆتان باســدهکهم ئەگەر بە ساکاری سەیریکەین . . زۆر سـادەیە و بەئاسانی تێدەپەڕێت، بەڵام ئەگەر رۆچینە ناخی پلانەکەوە و بە وردی سەیرمانکرد تێدەگەین کە چ جەنگێکی ترسناکە و دانانی کەسێکی نەشیاو لە شوێنێکی گرنگ چەند مەترسیدارە بۆ داهاتو و سەرفازی میللەتێك بەتایبەتی میللەتێکی وەك کورد کە تازە لە هەوڵ و تەقەلای ئەوەدایە که بناغەی دەوڵەتێکی مۆدێرن داڕێژێت .
پلانهکه دهڵێت . . موخابهراتی روسیا ( هەواڵ هەڵگری روسی ) راپۆرتێك ئهدات به چیکهکان که بهپێی زانیارییهکان بۆیاندهرکهوتوه که ئهندامێکی گهورهی لیژنەی مەرکەزی حیزبی شیوعی چیك که چهندین پۆستی حکومی وهرگرتوه، ساڵانێکە بۆ موخابهراتی ئهمریکی کاردهکات، دوای دەستگیرکردنی و لێکۆڵینەوە . . داندەنێت بەوەی کە ئەو زانیاریانە راستە و ساڵانێکە ئەم کادیرە پێشکەوتوە بۆ موخابەراتی ئەمریکی کاردەکات .
لە وەڵامی پرسیارێکدا وەڵام ئەداتەوە کە تەنها کار و ئەرکی سەرشانی ئەم کادیرە بۆ موخابەراتی ئەمریکی تەنها ئەوەبوە کە لێپرسیارێتی هەرچ دەزگایەك یاخود وەزارەتێکی کردبێت ئەو کارمەندان و فەرمانبەرانەی کە وەزارەتەکەی بۆدەبەن بەڕێوە بەخشیوێتی بەو کەسانەی کە شیاوی ئەو پلەیە نین، وەك بەڕێوەبەری بەشەکان و بەڕێوەبەری گشتییەکان یاخود ئەو فەرمانبەرانەی کە لە بەشە گرنگەکانی ئەو وەزارەتە یاخود ئەو دەزگایە کاردەکەن . ئەمەش دەبێتە مایەی ئاڵۆزی و تێکچونی بناغە و پوچەڵکردنەوەی هۆ وئامانجی دامەزراندنی ئەو دەزگایە و وروژاندنی رق و چینەی جەماوەر.
لە سەرەتادا پرسیارێك ئاراستەی پارتی و یەکێتی دەکەم، بۆ تەنها دەبێت بە ئستیحقاقی حیزبی پلە و پایەی هەرێم دابەشبکرێت بەسەر لایەنگرانتاندا ؟ ئایە هەرێمی کوردستان لە مەترسی ئەوە دەرنەچوە کە ئەو پلەو پایەیە بکەوێتە دەست کەسانێکەوە کە دژ بە ئیرادەیان کاربکات؟
ئایە کوردستان پسپۆر و رۆشنبیر و شارەزای کەمە ؟ ئایە تاکەی بە حیزبی نەبوونی خەڵکانێکی پسپۆڕو شارەزا ببێتە تاوان و دوورخرێنەوە لە خزمەتکردنی گەل و نشتیمان .
وەزارەتی رۆشنبیری یەکێکە لە وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە کەم تا زۆر لە دام و دەزگا حکومییەکانی تری هەرێم کاولترە، گەندەڵی تێیدا زۆرترە . . ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ حیزبی دەسەڵات کە ئیعازی دا بە رێکخراوی هونەرمەندان کە رێکخراوەکەیان پڕکەن لە نا هونەرمەند و هەلپەرستان ودەرگای قاسەی بۆ کردنەوە و پلە و پایەیان پێبەخشین، بڕوادەکەن کە بەڕیوەبەری بەشێك لە وەزارەت بە ئاشکرا چەند ملیۆنێکی برد کە ئەو کارەیم ئاشکراکرد، زۆر بە ساردی وەڵامی دامەوە و وتی : حیزب لەم شوێنە دایمەزراندووم کە خۆم پێکەوە بنێم !!
بە دەستنیشانکردنی حیزبی شیوعی بۆ جەنابی د. کاوە ( دکتۆرا لە بواری دیانەتی ئیسلامدا )کە ببێتە وەزیری رۆشنبیری، تەسبیحەکە هۆنرایەوە و فاتیحا لەسەر تەرمی رۆشنبیری خوێندرا، پرسیارێك ئاراستەی وەزیری رۆشنبیری دەکەم . . جەنابتان چ پلانێکتان هەیە بۆ بواری رۆشنبیری لە کوردستانێك کە بەدرێژایی مێژوو لەژێر دەستی داگیرکەراندا بوەو دژایەتی هونەر وکلتووری کراوە ؟ لەوەتەی بویتەتە وەزیر جەنابتان رێگرن لە کارو بەرهەمەکانی وەزیری پێشوو، هەموو هەوڵێکتان ئەویە کە گەندەڵییەکان دەستنیشانکەیت، تەنانەت بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەکتان نارد بۆ ئێران بەمەبەستی وەرگرتنی هەندێك زانیاری دەربارەی بودجەی فلیمێك کە لە زەمەنی کاك فەلەکەدین بەئەنجام درابوو، هەر لەیەکەم رۆژەوە کە لەسەر کورسی وەزارەت دانیشتیت ئەمرتان فەرموو بە راگرتنی هەموو ئەو بەرهەمانەی کە ساڵی پێشوو پلانی بۆ دانرابوو چ لە بواری شانۆ، فیلم سازی یاخود فیستیڤاڵ، بۆ نمونە راگرتنت بۆ درامایەکی هونەرمەند ناصر حەسەن لەژێر ناوی ( کەرکوك ٤ ) کە نزیکەی هەشت مانگە ئەو هونەرمەندانە جاوەڕوانی جەنابتانن کە دراماکەیان ئازادکەیت، بەبێ هیچ هۆیەك تەنها لەبەر ئەوەی ناصر حەسەنە کە رێزێکی تایبەتی هەیە لە نێو رۆشنبیرانی کورد و عەرەبدا .
ناکرێت هەموو بەرهەمێك بەبیانووی گەندەڵی بوەستێنیت، وەگەر گەورەیی ئەو هونەرمەندە نەبوایە چی هونەرمەندانی کوردستان هەیە دەرگای وەزارەتیان لێدەگرتیت و نەیاندەهێشت جارێکیتر ئەو کورسییەی کە بەخەو بیرتان لێنەکردۆتەوە بیبینیتەوە و ئیجباریاندەکردیتەوە کە بەرەو هەندەران بگەڕێیتەوە هەر بۆ زانیاری خوێنەر وابزانم جەنابتان رەگەزنامەی هۆڵەندیتان هەیە، هەربۆ سەیر و سەمەرە نوسینی ئایندەم ئەو نوسراوەی کە بە ئیمزای جەنابتانە و ئاراستەی کاستی درامای(کەرکوك ٤) تان کردبوو، کە تیایدا تێبینی و شەرتی جەنابتانی تێدا نوسرابوو بۆ ئەوەی رەزامەندبن لەسەر بەردەوامی وێنەگرتنی بەشی دوهەمی دراماکە دەبێت :
١- لە ٢٥ ئەڵقەوە بیکاتە ١٥ ئەڵقە بەمەبەستی ئەوەی دراماکە چڕ و پڕتر بێت .
٢- ئاگاداری ریتم و ئیقاعی دراماکە بن .
٣- بایەخدان بە پێکهاتەی کوردی لە کەرکوك .
دوای هەشت مانگ راگرتنی بەرهەمی لەشکرێك لە هونەرمەندانی بەهەڵوێست و خۆڕاگری وەکو جهاد دڵپاك و ناصر حەسەن و ئازاد جەلال و خوالێخۆشبوو صلاح حەسەن و سەدان هونەرمەندی شاری کەرکوك ئەمە تێبینییەکانی جەنابی وەزیری رۆشنبری کابینەی شەشەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە سەرۆکایەتی د . بەرهەم ئەحمەد صالح، کە ئەم نوسراوە بدەیتە هەر یەکێك و بڵێیت ئەمە نوسراوی وەزیری رۆشنبیرییەکەمانە گاڵتەمان پێدەکات !!!
پاش ساڵانێکی دوور و درێژ لە ترسناکترین ئابڵوقە لە مێژوودا . . ئابڵوقەی رۆشنبیری لەلایەن
جیهانەوە بۆ سەر عێراق و کوردستان لە عێراقیشەوە (رژێمی بەعس ) بۆ کوردستان و دابڕانمان لە ئاستی رۆشنبیری و هەنگاوە نوێکان، هەندێ هونەرمەندی کوردستان دوای ئازادی کوردستان توانیان تاڕادەیەك هەندێ پەیوەندی پەیداکەن لەگەڵ دەزگا رۆشنبیری و هونەرییەکان لە جیهاندا و هەندێ بەشداری لە فیستیڤاڵە جیهانییەکاندا بکەن و چەند خەڵاتێکی جیهانی وەرگرن.
وەزیرمان هەموو بەشداریکردنی هونەرمەندانی کوردی لە فیستیڤاڵەکاندا وەستانوە و بەهیچ جۆرێك رێگەنادات بەرهەمەکانی وەزارەت بەشداری بکات، هەر وەکو گرێیەکی دەروونی ئەزەلی لەگەڵ فیستیڤاڵدا هەبێت . . تاوایلێهات هونەرمەندان بەمەبەستی بەشداریکردن جارێك پەنا بۆ د . بەرهەم بەرن و، هەندێ جاریش لەرێی پارێزگارەوە وەك جەند جارێك لە دهۆك رویدا جەند جارێکیش لە رێی لێپرسراوە حیزبییەکانەوە .
جەنابی وەزیر بۆ خۆت توشی مەوقیفێك دەکەیت کە دەرەقەتی نەیەیت، بۆ دەبیتە داردەستی ئەو کەسانەی کە دژایەتی ئەوە دەکەن کە سلێمانی پایتەختی رۆشنبیری هەرێم بێت، کە زۆر بەتوندی هەوڵی راگرتنی فیستیڤاڵی سێی سینەماتان لە سلێمانی دا، بەڵام بۆتنەچوەسەر، تەنها ئەمرتان بە راگرتنی هەموو بودجەیەکی ئەو فیستیڤاڵە دەرکرد بەمەبەستی کۆسپ خستنە رێی ئەو فیستیڤاڵە کە سێ ساڵە بەردەوامە و هەوڵێکی گرنگە بۆ خستنە رووی گەشی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئیرادەی هونەرمەندان زۆر لە بڕیارە سەیر و سەمەرەکانتان بەهێزترە ئەوەتا زەنگی فیستیڤاڵ لێدراو راستەوخۆ لە کەناڵەکانەوە رۆژی یەکەمی پەخشکرا، ئەوە زەنگی پایتەختی رۆشنبیرییە، وەزیرمان پێی خۆشبێت یا پێی ناخۆشبێت .
لە وتاری ئایندەمدا هەوڵ ئەدەم هەندێ بەڵگەو نوسراوی سەیر و سەمەرەی ئەم وەزیرەتان بۆ بڵاوکەمەوە، کە لە پێکەنین زیاتر هیچ بایەخێکی ترینییە ( شر البلیة ما یضحك ).
دوا پەیامم بۆتان جەنابی وەزیر وتەیەکی ( ئیمام عەلی )ت ئاراستە دەکەم کە باش لەم وتانە دەگەیت ( احذروا صولة الکریم اذا جاع واللئیم اذا شبع ) .
دوا گلەیشم لە حیزبی شیوعییە. . ئەو حیزبەی کە فێری کتێب خوێندنەوەی کردم . . لەم وەزیرە زیاتر کەسی ترتان نەبوو، تکا لە بەڕێز د . کەمال شاکر دەکەم کە لە وەزیرەکەیان بپرسێت چەند ملیاری لە بودجەی ٢٠١٠ ی وەزارەتی رۆشنبیری گەڕانۆتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت کە جەندین هونەرمەندی کارای بوارەکانی شانۆ، سینەما، میوزیك، شێوەکاری و رۆشنبیری بێبەش و مەحروم کردوە لە بەرهەمهێنانێکی هونەری جددی و زەوتکردنی بینینی میللەتێك بۆ بەرهەمێکی هونەری، بەڕێز د . کەمال لەم وەزیرەتان بپرسن بۆ هەوڵ ئەدات بەڕێوەبەرایەتی گشتی سینەما داخات، هەر بۆ ئەم مەبەستەش نوسراوێکی ئاراستەی پەرلەمان کردوە، کە ئەو بەڕێوەبەرایەتییە زیادە . . پێی بڵێن لە یەکگرتووی سۆڤێتی جاران نەك بەڕێوەبەرایەتییەكی سینەما بەڵکو وەزارەتێك هەبوو لەژێر ناوی وەزارەتی سینەما .
بەڕێز د . کەمال بۆیە ئەم پرسیارانە ئاراستەی جەنابتان دەکەم، جونکە ئەم وەزیرە پاڵێوراوی حیزبە تێکۆشەرەکەتانە و حکومەتەکەمان بایەخ نادات بەم گرفتانەو خۆی بە ساحێبی ئەم میللەتە نازانێت .
رێبوار حمە شریف
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
| < Prev | Next > |
|---|





