ناوبه‌ناوێك له نێوان مه‌لا و رۆشنبیراندا شه‌ڕ سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه. ئه‌مه شه‌ڕێك نییه رۆشنبیران بیخوازن وه‌ك مه‌لایه‌ل رای ده‌گه‌ینن و بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، ده‌ق پێچه‌وانه‌كه‌ی راسته، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌مووجار بڵندوێژی مزگه‌وته كه ده‌نگی لێوه هه‌ڵده‌ستێ و ئه‌وانن رۆشنبیر به‌گاور و له ئاین وه‌رگه‌ڕاو له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و خوێنیان حه‌ڵاڵ ده‌كه‌ن. تا ئێسته رۆشنبیرێك خوێنی مه‌لایه‌كی حه‌ڵاڵ نه‌كردووه هه‌رچه‌نده به‌شێك له‌م مه‌لایانه بیرێكی زۆر بۆگه‌ن و دواكه‌تووانه بڵاو ده‌كه‌نه‌وه به‌ناو گه‌لێكدا كه تازه ده‌رفه‌تی هه‌ڵسانه‌وه و خۆناسینی بۆ دابین بووه. ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یكه‌ن گوناح و تاوانێكی زله، یاسا ده‌یگرێ ئه‌گه‌ر بێ‌و لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بێته‌كردن. به‌م مه‌لایانه بێ، كورد ده‌گێڕنه‌وه پێش هه‌زار ساڵ وه‌ك ئه‌وه‌ی كورد زۆری خێر و به‌ره‌كه‌ت له‌و پێش هه‌زار ساڵه وه‌رگرتبێ و ئێسته له ده‌ستی چووبێ.
من له هه‌موو مه‌لایان نادوێم، مه‌لاش باشیان هه‌یه. مه‌لای جاران رێنوێنیكاری كۆمه‌ڵگه بوون، چه‌ند پیاوی سه‌رناس له رابردووی كورده‌واریدا هه‌ڵكه‌وتوون، بۆ نموونه له بواری كۆمه‌ڵایه‌تیدا وه‌ك مه‌لافه‌ندیی هه‌ولێری، یان له بواری بیری روونپه‌روه‌ری "تنویر" و ئه‌ده‌بدا مه‌لای گه‌وره‌ی كۆیێ، جاربه‌جاریش پیاوی سیاسیی گه‌وره له ریزی مه‌لایاندا هه‌ڵكه‌وتووه وه‌ك پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د. ئه‌مانه وه‌ك كه پیاوی ئاین بوون، له هه‌مان كاتدا جڵه‌وكێشی كۆمه‌ڵگه‌ش بوون بۆ رزگاربوون له ده‌رد و كوێره‌وه‌ری.
ئه‌و شه‌ڕه‌ی ناوبه‌ناو له هه‌ولێر یان له سلێمانی، له نێوان رۆشنبیران و مه‌لای مزگه‌وتێل سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه شه‌ڕی ئاین نییه وه‌ك مه‌لایه‌ل جاڕی بۆ ده‌ده‌ن، ئه‌وان ئه‌گه‌ر بیانه‌وێ شه‌ڕی گاور بكه‌ن كه‌س رێی لێ نه‌گرتوون با به‌شیر و مه‌تاڵه‌وه بچن بۆ گاورستان، ئه‌م شه‌ڕه شه‌ڕی به‌هاگه‌لی كۆمه‌ڵایه‌تییه. ئه‌وان ده‌یانه‌وێ ئێمه له سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌مدا وه‌ك سه‌ده‌ی حه‌وته‌م بیر بكه‌ینه‌وه و هه‌ڵسوكه‌ت بكه‌ین، ئه‌وان پارێزگاری له به‌هاگه‌لێكی رزیو ده‌كه‌ن كه باوی نه‌ماوه، به‌ڵام هه‌رچی رۆشنبیرانه، ده‌یانه‌وێ ببن به‌پرد بۆ گه‌یشتنی به‌هاگه‌لی نوێ و سه‌رده‌مییانه به كۆمه‌ڵی كورده‌واری، كه زۆری پێویست پێیه‌تی. ئه‌م جۆره مه‌لایانه هێنده په‌ڕپووت و دابڕاون له ژیان ته‌نانه‌ت ناتوانن ئه‌و به‌هایانه‌ی بۆی به‌په‌رۆشن و له‌سه‌ری ده‌كه‌نه‌وه، له ماڵی خۆشیاندا بسه‌پێنن یان ساغی بكه‌نه‌وه، دێن له وتاری هه‌ینیدا ره‌شوڕووتی پێ ده‌سخه‌ڕۆ ده‌كه‌ن. ئه‌مه وه‌ك ئه‌وه وایه تۆ له سه‌رده‌می "ئایپاد"دا شاباش بۆ داهێنانی "سیواك" بكه‌ی.
پێش هه‌زار و 400 ساڵ له‌م ده‌ڤه‌ره‌ی ئێمه‌دا كه ئیسلام سه‌ری هه‌ڵدا و تا ماوه‌یه‌كی زۆری پاش ئیسلامیش، ئافره‌ت كۆیله بوو. كه‌س ناتوانێ نكووڵی له‌مه بكا له‌به‌رئه‌وه‌ی تۆماری مێژوو هه‌زاران نموونه‌ی گرتووه‌ته‌خۆ. سه‌ركرده‌ی ئیسلام هه‌یه پیاوی كوشتووه و هه‌مان شه‌و له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌یدا نووستووه. من ناڵێم ئاینه‌كه وا بووه یان رێی ئه‌مه‌ی داوه، ده‌ڵێم ئه‌مه به‌ها و نه‌ریتی ئه‌و رۆژانه بووه. ئێسته مه‌لای كورد له وتاری هه‌ینیدا داوای زه‌وتكردنی مافی ئافره‌ت و به‌كۆیله‌كردنی مێیینه ده‌كا، بیر و هزری كۆنینه‌ی خۆی له هه‌زار به‌ندوباوی پڕوپووچ ده‌پێچێ و ده‌یفرۆشێته‌وه. ئه‌مه پیاوێكی دواكه‌وتووی كۆنه‌خوازه به‌گوێره‌ی نه‌ریتی ئێسته، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌قی یاسا داوای یه‌كسانیی نێر و مێ ده‌كا. زۆربه‌ی توندوتیژی له دژی ژن سه‌رچاوه‌كه‌ی له‌م وتاره بۆگه‌نانه‌وه دێ و زۆر له‌م ئافره‌ته داماوانه بوونه‌ته قوربانیی وتاره‌یلی مزگه‌وت. وه‌زیری ئه‌وقاف له‌به‌رئه‌وه‌ی نوێنه‌ری هزری كۆنه، دژی یه‌كسانییه و رێ له "جێنده‌ر" ده‌گرێ. بێگومان ئه‌و ده‌زانێ جێنده‌ر یه‌كسانییه، ئه‌گه‌ر نه‌یزانی ناشێ وه‌زیر بێ له حكوومه‌تێكدا كه دروشمه‌كه‌ی یه‌كسانییه، ده‌ڵێ جێنده‌ر ماره‌كردنی مێ و مێ یان نێر و نێره له یه‌كتر. سه‌یركه چۆن به‌هاگه‌لی سه‌رده‌مییانه ریسوا ده‌كه‌ن.
كێشه‌ی ئێمه ئه‌وه نییه ئاوه‌زكه‌ی كۆن له كۆمه‌ڵی ئێمه‌دا زاڵه، بێگومان كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك هه‌زاران ساڵ بیری خێڵه‌كییانه به‌ڕێوه‌ی بردبێ له‌مه باشتر نابێ، كێشه‌ی ئێمه ئه‌وه‌یه كوردستان كه تازه بووه به‌خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و خۆبه‌ڕێوه‌بردنی خۆی، ده‌یه‌وێ ژیانێكی نوێده‌مانه بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی خۆی پێشكێش بكا. یاسا و ده‌ستووری هه‌رێم هه‌مووی له روانگه‌ی سه‌رده‌مییانه و پێشكه‌وتنخوازییه‌وه هاتوونه‌ته داڕشتن، به‌ڵام له‌ولاوه، داووده‌زگای میری و داودوه‌ری مۆنجه‌یان دێ له مێشكی به‌تاڵ و كای كۆن. مزگه‌وت ده‌زگایه‌كی ره‌سمییه، مه‌لا و مزگه‌وت مووچه و به‌رات له حكوومه‌ت وه‌رده‌گرن، ناشێ ئه‌مانه به‌ئاراسته‌یه‌كدا رای بكێشن جیا بێ له ئاراسته‌ی گشتیی حكوومه‌ت. وا بڕوا ئه‌م ئه‌زموونه له ناوه‌نده‌وه ده‌پچڕێ و ده‌بێ به‌دووبه‌شه‌وه. یاخۆ داووده‌زگای دادوه‌ری چۆن ده‌بێ جێی دادوه‌ر و كارمه‌ندی وای تێدا ببێته‌وه كه به‌رگریكار نه‌بن له به‌هاگه‌لی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
بیری تۆز له‌سه‌ر نیشتووی هه‌زار و ئه‌وه‌نده ساڵه، له رێی دادگه‌وه جارێكی تر به‌ره‌و رووی رۆشنبیران و داهێنانی ئه‌ده‌بی ده‌بێته‌وه و ده‌بێ به‌مایه‌ی تۆقاندنیان. ئه‌مه وا ده‌كا كوردستان پێویستی به‌شۆڕشێكی رۆشنبیری ببێ له جۆری ئه‌وه‌ی ما‌و تسیتونگ له سه‌ره‌تای شیسته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا له چین، له ئاست ناحه‌زانی سیسته‌مه‌كه‌یدا كردی. داووده‌زگای حكوومه‌ت و دادوه‌ری و مزگه‌وت و هه‌ر شتێكی تر، كه حكوومه‌ت به‌خێویان ده‌كا و خه‌رجییان بۆ ده‌كێشی، ده‌بێ هه‌ڵگری په‌یامی ره‌سمیی حكوومه‌ت بن نه‌ك شتێكی تر. رۆشنبیرێك له به‌رامبه‌ری دادگه‌دا وه‌ك تاوانبار و دیل بووه‌ستێ له سۆنگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌قێكی ئه‌ده‌بییه‌وه، ئه‌مه ئه‌و داهاتووه نییه كه خه‌ڵك خوێنیان بۆی رشت و خه‌باتیان بۆی كرد. دۆڕاندنی بنووس و شایه‌ر و رووناكبیرانی وڵات له دادگه‌یلی كوردستان له به‌رامبه‌ر سكاڵا و گازانده‌ی مه‌لا و ئیسلامییه‌كاندا، مژده‌یه‌كی ناخۆش و ئاماژه‌ی داهاتووێكی لێڵ و مه‌ترسیداره. نابێ رۆشنبیر بدۆڕێ و مه‌لا بیباته‌وه، ئێسته چاخه‌یلی ناوه‌ندیی ئه‌وروپا نییه، سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌مه و ریسواییمان له چركه‌یه‌كدا ده‌گا به‌وپه‌ڕی دنیا. ئه‌م مه‌لا و ئیسلامی و بیر بۆگه‌نانه‌ی ناو كۆمه‌ڵگه، له سه‌رده‌می ئایپاددا بازاڕ بۆ سیواك گه‌رم ده‌كه‌ن، بیكردنه‌وه‌شیان له راده‌ی ئه‌و جیاوازییه‌دایه، بۆیه به‌نموونه ده‌یهێنمه‌وه.
به‌ڵام نابێ رۆشنبیران چۆك بده‌ن له‌م شه‌ڕه‌دا، كه شه‌ڕی مان و نه‌مانی نێوان به‌هاگه‌لی كۆنه‌ی رزیو و به‌هاگه‌لی ژیانی سه‌رده‌مه. فه‌رهاد پیرباڵ ماوه‌ی هه‌شت مانگه له ژێر پاڵه‌په‌ستۆدایه، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی داوای لێبووردن بكا له مه‌لایه‌ل و له بیروباوه‌ڕی خۆی په‌شێمان ببێته‌وه، نه‌یكرد تا چووه به‌رده‌می دادگه. نه‌ده‌بوو رۆژنامه‌ی "ئاسۆ" كه له‌لایه‌ن سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم خۆی، واته له‌لایه‌ن د. به‌رهه‌مه‌وه ده‌رده‌چێ، داوای لێبووردن بكا له بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌قێكی ئه‌ده‌بی كه له‌وپه‌ڕی جوانیدایه. مێژووی ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی پڕاوپڕه له ده‌قی ئه‌ده‌بیی وا و له‌مه‌ش كراوه‌تر، كه عه‌ره‌ب خۆیان خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی ئاینه‌كه‌ن و كه‌سیشیان ده‌نگی لێوه نایێ.
25/12/2010
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
| < Prev | Next > |
|---|





