کوردستان نێت ٢٠٠٩ - ٢٠١٠

...because open source matters

Friday
Jan 16th
Text size
  • Increase font size
  • Default font size
  • Decrease font size

وەلامێک بۆ کاک ئارام. . . لەسەر کۆچی ئاشوریەکان. . . جعفر رسول. . . ئەلمانیا

کورد میللەتێکی سادەو ساویلکەیە ..

ببورە کاک ئارام ئەگەر لەیەکەم بڕگەی نوسینەکەم ناوی میللەتەکەم بەسادەو ساویلکە ناو برد، بەلام دەبێ مرۆڤ . . . وەکو کورد دەلێ . . . مرۆڤ پێش ئەوەی دەرزی لەچاوی دوژمن ببیبی دەبێ کاریتە لەچاوی خۆی ببینی، ئێمە نابێ ئاسا بالندەی نەعامە ڕەفتار بکەین کە کارە بێ سەروبەرەکانی خۆمان چاو لێپۆشی ئەوە خەلکانی دیکە نایبینن، با پێش ئەوەی دوژمنان و ناحەزانمان کەموکوریەکانمان ئاشکرا بکەن با بۆخۆمان بیکەین،

بونی کیان و دەولەت بۆ هەر نەتەوەیێک زۆر گرینگە یەکێ لەو پالپشتە بەهێزەی کە دەولەت دەیبەخشیتە ڕۆلەکانی، کەسایەتیە، هەرچەندە کیان بەهێزبێت لە هەموو بوارەکاندا، ، ئەوە هەلبەت کەسایەتی ئەفرادەکانی هێندە بەهێز دەبێت . میللەتی کورد بەدرێژایی مێژوو هەر بن دەست و داگیرکراو بوە . . خاکەکەی، خەلکەکەی، کەلوتورەکەی ئاینەکەی، بارەسایکۆلۆجیەکەی، بەکورتی ئەوەی وابەستە بە مرۆڤەوە لێ ی داگیرکراوە، ، بۆیە ڕۆژێک دەرفەتی نەبوە بۆ ئەوەی بتوانی تەعبیر لە ئیرادەی خۆی بکات، ڕەش و سپی لێک بکاتەوە، دۆست و دوژمنی خۆی بناسیت پەرژەوەندیە بالاکانی وولاتی خۆی بپارێزێت، ڕاستە ئەوە چەند سالێکە تۆزێک سەرمان لەبن زیخی هەزارەها سالی داگیرکراوی دەرهێناوە بەلام ئەوە بەس نیە بۆ گەیشتن بە لوتکەی ئامانجەکانمان، هێشتا دوژمن لەناخماندا دەژیت، هێشتا قرێژی هەزارەها سالی بن دەستی بەدەم و چاومانەوە دیارە .

سادەو ساکارین چونکە وەکو پێویست نەمێژوو چ وەکو زانست و چ وەکو مێژووی خۆشمان بەڕاست و دروستی نەنوسیتەوەو نە خوێندیتەوە، تامرۆڤیش مێژوو نەخوێنیتەوەو نەنوسیتەوە، ئەوە وەکو ئەو مشکەی لێ دێت کە پشتاو پشت هەر لەناو تەلە دەمریت .

ڕاستە ئێمە لەسەر خاکی خۆمان کە کوردستانە ژیاوین و دەژین، بەلام لەهەمان کات دا گەل و خەلکانی دیکەش لەگەلماندا دەژین لە کۆنەوە تا ئیمڕۆ. جا ئەو خاکە چۆن هی ئێمەیە هی ئەوانیشە، هەر چەندە ئەوان ئێستا کەمینەنە، ئەگەر خاکی ئەوانیش نیە ئەوە با بەلگەی مێژوویان پێ نیشان دەین و لەكوێ وە هاتون با بگەڕێنەوە ئەوێ بۆیە پێکەوە ژیان و لێک تێگەیشتن دلنیایی مانەوەی هەموو لایەکمانە لەسەر ئەم خاکە .

بە درێژایی مێژوو پێکهاتەکانی کوردستان زۆر قەتل و عامیان دەرهەق بەیەکدی کردوە جا گرنگ نیە چ لایەنێک دەست پێشخەر بوە، ئەوە هەمو لایێک تیادا زەرەر مەند بوە، هەر لایەنێکیش موبەریرو هۆکاری خۆی هەبوە دەتوانن کەسانی دیکە باوەر پێ بینن، بەلام چونکە کوردە موسلمانەکە زۆرینە بوە بەهۆی دینەکەیانەوە کارەکانیان بەڕەوا زانیوە وە ڕۆژێک لەڕۆژان ئەگەر قەتل قو عامی ئێزدی و فەلەکانیان کردبێت، ئەوە هەرگیز خۆیان بەخەتابار نەزانیوە، چونکە لوت بەرزی دینەکەیان وای لێ کردون کەهەرگیز دان بەهەلەکانیان دانەنێن بەلکو لەچوارچێوەی جیهادو ئەرکی سەرشانی ئاینەکەیان بوە، قەتل و عامی کردە ئێزدیەکان بە فەرمانی . . . شێخ نورەدینی بریفکان. . . باشترین گەواهین . ڕۆژێک لەڕۆژان نەسیاسەت مەدارەکانمان و نەڕۆشەن بیرەکانمان و نە مێژوونوسەکانمان جورئەتی ئەوەیان نەکردوە روونکردنەوەیێک، نامیلکەیێک، دراسەتێک نامەی دکتۆرایێک لەسەر ئەو بابەتانە بلاو بکەنەو، بۆ ئەوەی نوسەرانی ئێستا هەر یەکە بە کەیف و ماشای خۆی بابەتەکان لێک نەداتەوە، جگە لەهەندێ نوسێنی بەڕێز دکتۆر کمال مەزهەر نەبێ لەسەر کوشتار و ناکۆکیەکانی بەینی کوردەکان و ئەرمەنەکان لە باکوری کردستان .

کاک ئارام من لەگەل زۆربەی نوسینەکەت دام، بەلام وەک دەلێن هیچ کارێک بەڕەها وەرناگیرێت، وە هەموو فەلەکانی کوردستانیش لە یەک تای تەرازوو داناندرێن وە هەندێ جاریش شۆفینیزم کاردانەوەی زولمێکە، بۆیە ماوەم بدە هەندێ ڕاستی بەیان بکەم،

١. هەموفەلەکانی کوردستان بەم شێوەیەی کە تۆ باست کردون واشۆفینی نین و دەتەوێ خوێنەری نوسینەکەت باوەر پێ بینی کە ئاشوریەکان هەمیان کورد کوژن، ئەگەر وابێ ئەی چ لە عەلەکەی وەزیری مالیەی حکومەتی مەلیک محمود بکەین، ئەی چ لەمامە سێوەو مامۆستا باکوری بکەین کە ئەوەندەی ئەو دوو کەلە مێرە ی ئاشوری خزمەتی گۆرانی و مۆسیقای کوردیان کردوە لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردو ئەوەندە کوردێکی ئەو سەردەمە ئەو خزمەتەی نەکردوە، ، ئەی چ لە موسیک ژەنەفەلەکانی تیپی مۆسیقای سلێمانی بکەین وە چەندین و چەندینی دیکەش کە نەتوانین لێرە ناوی هەمویان بەرین .

٢. لەشۆرشی ئەیلول چەندین ڕۆلەی ئاشوری شان بەشانی کوردەکان خەباتیان دەکرد دژی دوژمن و داگیر کەری کوردستان لە پێشەوەی هەموشیان کچە قارەمانی فەلە لەدەڤەری دهۆک مارگرێت کە بەدەستی پێشمەرگە کوردەکان شەهید کراو حەیاشیان برد،

٣. شارۆچکەی عەنکاوە تا پاش نسکۆی شۆڕشی ئەیلول خەلکەکەی زۆر بەئارامی و بێ گیروگرفت لەگەل دەوروبەرە ئیسلامیەکەی دەژیا، بەلام ڕژێمی لەناو چوی بەعس دیمۆگرافی ئەو شارەی تێک دا بەمەبەستی ئاژاوە نانەوەو چاندنی تۆی دوبەرەکی لەبەینی کوردو ئاشوری، ئەوەبو گەڕەکێکی بە ناوی کورانی عەنکاوە لە پال شارۆچکەی عەنکاوەبۆ ئەو کوردە ڕاگوێزراوانەی سەرەوەی هەولێرو ناو چیاکان دروست کرد، ئەو کوردانە چەندین گیروگرفتیان بۆ خەلکی عەنکاوە دروست دەکرد یەکێ لەگیروگرفتەکان ئاراستە کردنی بلندگۆی مزگەوتەکانیان بەئاراستەی عەنکاوە، بەلکو خوا لەسەر دەستی ئەو کوردە ساویلکەو نەزانانە هیدایەتیان دەدات و ئیسلام دەبن، هەرچەندە ئەو کات فەلەکانی عەنکاوەناڕەزاییان دەردەبڕی بەلام رژێم ئەوەی مەبەست بوو،

٤. لەلای هەمو خەلکی هەولێر ئاشکرایە کە خەلکی عەنکاوە لەکوردەکانی هەولێر کراوەترو شارستانی تر بون، وەکو نەریتێکی عەنکاوەییەکان هاوینان دەمەو ئێواران تادرەنگانێکی شەو دەڕژانە کوچەو کۆلانەکانی عەنکاوە لەهەمو عێراق و کوردستان ئەو کات تابلۆیێکی ئاوا جوان نەبو، گەنجەکانی هەولێر بەسەیارەو بە ماتۆرسیکل دەچونە عەنکاوە نەک بۆئەوەی ئەوانیش وەک و ئاشوریەکان ساتێک ئاوا بەخۆشی بەسەر بەرن ئەوەی لە هەولێر و مالەکانیان قەدەغەیەو ناچێتەسەر لەوێ بەدەستی بێنن بەلکو بۆ لێ تێک دانی ئەو کەشوهەوایە خۆشە بو، دوور نیە ئەو شۆفینستانەی کاک ئارام باسیان دەکات هەندێکیان لە ڕەنگدانەوەی کوردەکانی هەولێر دروست نەبوبن، ئەوەش دیسان بە پێچەوانەی قسەکانی کاک ئارامە کە دەلێ کورد نەدەوێرا بچنە ناو عەنکاوە لێ یان دەدان،

٥. لەدەڤەری بەرواری بالا لە پارێزگای دهۆک چەندین گوندی ئاشوری و کورد تێکەلاوە، گوندە ئاشوریەکان ئەوکات و ئێستاشی لەگەل دابی پێشکەوتوتر بون له هی کوردەکان کوردەکانیش بۆ بەجێگەیاندنی جیهاد شەوانە بەروبومە کشتوکالیەکانیان لی دەدزین و دارەکانیشیان لێ دەشکاندن و ئەو شوێنەی کە ئارەق و شەرابیان لێ دروست دەکرد تێکیان دەدا، من لەسەرەتای هەشتاکان کە لەو دەڤەرە پێشمەرگەبوم ئەو حالەتانەم بەچاوی خۆم دەدیت،

٦. لە یەکێ لە جەولەکانمان ڕێمان بە گوندی . . . سینە. . ئێزدی نشین کەوت لەباشوری شاری دهۆک کە شەو دابەشکراین بەسەر مالەکان ئێمە سێ کەس بەبەر مالێک کەوتین، ئەو مالە کورێکی گەنجیان هەبو لە سلێمانی کاری دەکرد زۆر کراوە رۆشەنبیر بوو، کەزانی ئێمە پێشمەرگەی حزبێکی ترین بۆیە گوتی حەز دەکەم مرێشکێکتان بۆ ئامادە بکەم، گوتی بەلام ئێوە خۆتان سەری دەبڕن یان ئێمە سەری ببڕین، منیش ئەو قسەیەم زۆر پێ سەیر بوو گوتم ئەوە یانی چی، گوتی پێشمەرگەکانی پارتی دێنە ئێرە ئەگەر مریشکیان بۆ لێ بنێین ئەوە دەبێ ئەوان بەخۆیان سەری ببڕن، دەلێن چونکە ئێوە ئێزدین سەربڕێن بەدەستی ئێوە حەرامە، باشە کاک ئارام مرۆڤ چۆن کاردانەوە وەنەگرێت لە ناو مالی خۆی ئیهانە بکرێت،

٧. لەیەکەم ڕۆژی مەراسیمی کردنەوەی کۆنگرەی ١٣ پارتی، کاتێ مەلا جەردیسی قورئان خوێنی بۆنەکانی بەعس چەند ئایەتێکی قورئانی خوێندەوە یەکەم دەستپێکردنی بە . . اعوزوبالله بوو . . یەک سەر کامیرە مانەکەش زوومی کامیرەکەی خستە سەر بابە شێخ سەرۆکی روحانی ئێزدیانکە ئەمەش پێویست بە روونکردنەوە ناکات

٨. کاتێ فەلەیێک جنێوێک بە کوردێک دەدات، کە هەلبەت جنێودان نیشانەی بێ دەسەلاتیە چونکە فەلە مرۆڤی مەسالمن، دیارە تەنها بەوەندە دەتوانن رقی دلی خۆیان بەرامبەر بەرامبەرەکەیان هەلڕێژن، بۆیە دەلێن، ، هەی ئیشلامی حیزودز، ، بۆ وادەکەی، ، لێرە بەدیار دەکەوی ئەوەی ئێمە بە برامبەرەکەمان دەکرد یان پێ یان دەکردین هۆکارە ئاینیەکە بوو، ئەگەر نا ئێمەی کورد هیچ دوژمنکاری نەتەوەییمان لەگەل گەلانی دەوروبەر نەبوە لەو شەڕەش هەر کورد زەرەر مەند بوەو باجەکەشی ئێستا دەیدەین بۆیە ئەگەر فاشیزمیشیان لێ دەرچوبێ و ئیمڕۆ بەرۆکی ئێمە بگرن ئەوە زۆربەی هۆکارەکان بۆ ئیمە دەگەرێتەوە.

 

 

 

 ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

 

 

 
We have 20 guests online