"ژنه‌كه‌م و سه‌حاف گۆرانییه‌كانی منیان پی عه‌یبه"
"كه دووگردكانم به ئه‌نفالكراوی بینی، گریانم هات"
هونه‌رمه‌ند هۆمه‌ر دزه‌یی نوێخوازی سه‌رده‌می خۆی بوو، ئه‌وكاته‌ی كه گۆرانی "ئامینی" و "بریندارم"ی گوت، له‌رووی ئاواز و مۆسیقاوه به‌شێوازێكی جیا له‌و سه‌رده‌مه كه گۆرانی كوردی پێ ده‌ناسرێته‌وه گۆرانییه‌كانی گوت، به‌ڵام لای خه‌ڵكیشه‌وه مه‌قبول بوو، تادوایین به‌رهه‌میشی له‌سه‌ر هه‌مان رێچكه‌ی خۆی به‌رده‌وام بووه، ئه‌و جگه له‌ئاواز و مۆسیقا، له‌هه‌ڵبژاردنی تێكستیشدا تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌بووه، هونه‌رمه‌ند هۆمه‌ر دزه‌یی جگه له هونه‌ر، راگه‌یاندنكاریش بووه، له‌هه‌مانكاتدا سیاسیشه، ئێستا راوێژگاری سه‌رۆك كۆماری عێراقه.
سڤیل: ئه‌و ئافره‌تانه‌ی ئێستا هاتوونه‌ته بواری گۆرانی گوتنه‌وه، تاچه‌ند ده‌توانن ئه‌و تاموچێژه‌ی له گۆرانییه‌كانی ئایشه‌شان و نه‌سرین شێروان و گوڵبه‌هار هه‌بوون، درێژه‌پێده‌ری ئه‌و رێچكه‌یه بن؟
هۆمه‌ر دزه‌یی: باشبوو ئه‌و خاڵه‌تان وروژاند، چونكه ئایشه‌شان و مریه‌م خان و گوڵبه‌هار و ئه‌و گۆرانیبێژه كۆنانه، هه‌روه‌ها پیاوه‌كانیش كاوێس ئاغا و تاهیر تۆفیق و ئه‌وانه بۆ ئێمه كلاسیكی كوردن، ئه‌مانه گه‌نجینه‌یه‌كن وه‌كو موزیكی كلاسیكی رۆژئاوا بۆمان ماته‌وه و شتی زۆر خۆشن، به‌ڵام به (ڵ) مێكی زۆر گه‌وره، خۆنابێت ئێمه هه‌ر له‌ناو توێكلی كلاسیك و فۆلكلۆر گیربخۆین. هه‌موو دنیا به‌ره‌و گۆڕان ده‌ڕوات، ده‌بی ئێمه‌ش به‌ره‌و گۆڕان بڕۆین، چونكه گه‌نج حه‌ز له گۆڕان ده‌كات، گه‌نج پاش ماوه‌یه‌ك، پێنج یان ده ساڵ له‌و شته‌ی كه هه‌یه بێزار ده‌بی، ئه‌وه‌ش له هه‌موو دنیا وایه هه‌ر كورد وا نییه.
ئه‌وشته به‌سه‌ر خۆشم هاتووه، ساڵی 1952 تازه ته‌مه‌نم نه‌وجه‌وان بوو، چوارده ساڵ ده‌بووم، هه‌موو رۆژی یان عه‌لی مه‌ردان بوو، یان تاهیر تۆفیق یان ره‌سوول گه‌ردی یان كاوێس ئاغا لێده‌دران، شتی دیكه‌مان زۆركه‌م بوو، بیرم ده‌كرده‌وه باشه ده‌بی ئێمه ئه‌وه‌نده دواكه‌وتووبین هه‌ر ئه‌وه‌مان هه‌یه، كه‌چی رادیۆم ده‌كرده‌وه ده‌بینم دنیایه‌ك شتی دیكه‌شی تێدایه، مه‌به‌سته‌كه‌م ئه‌وه‌یه گه‌نج به‌دوای شتی تازه ده‌گه‌ڕێت و شتی تازه‌ی ده‌وی، له‌هه‌ر سه‌رده‌مێكیش چێژی مرۆڤ ده‌گۆڕێت. بۆیه ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆش پێویسته بۆ گه‌نج، دوای چه‌ند ساڵێكی دیكه ئه‌وه‌ش نامێنێ و شتێكی تازه‌تر دێت. ئێستا راپی كوردیش په‌یدابووه، به‌لای منه‌وه شتێكی زۆر ئاساییه، ئه‌وجا خۆش بێت یان ناخۆش، ئه‌وه شتێكی دیكه‌یه، به‌ڵام به ملیۆنه‌ها گه‌نج پێی خۆشه، له‌وانه‌یه من ته‌مه‌ن گه‌وره بووه هه‌ر غه‌ریبی شته كۆنه‌كان بكه‌م، به‌ڵام من كێم به‌رامبه‌ر به ملیۆنه‌ها گه‌نجی كورد؟.
سڤیل: گوی له‌و گۆرانییه تازانه راده‌گری؟
هۆمه‌ر دزه‌یی: راستییه‌كه‌ی زۆرنا، هه‌ندێكیان ئا، ده‌نگیان خۆشه و حه‌زم لێیه، به‌ڵام به گشتی زۆر گوی راناگرم.
سڤیل: گۆرانییه‌كانت له‌لایه‌ن هه‌ندی له گۆرانیبێژه گه‌نجه‌كان دووباره گوتراوه‌ته‌وه، به‌بڕوای تۆ باشیان گووتۆته‌وه؟
هۆمه‌ر دزه‌یی: باش یان خراپ هه‌ر هونه‌رمه‌ندێك به ستایلی خۆی، به‌ڵام هه‌موویان پێش ئه‌وه‌ی گۆرانییه‌كه‌م بڵێنه‌وه پرسیان پێكردووم، یه‌ك له‌وانه "ئاراس فاتیح"، له سوید ته‌له‌فۆنی بۆكردم و گوتی: حه‌زده‌كه‌م گۆرانی "بریندارم" بڵێمه‌وه، به‌س به‌شێوه‌ی تایبه‌تی خۆم.. گوتم: چی لێده‌كه‌ی كه‌یفی خۆته، چونكه شتێكی ئاساییه، خۆشم هه‌ندی گۆرانی كۆنی یۆنانی و رۆژئاوایی هه‌یه من دووباره گوتوومه‌ته‌وه، به‌س وه‌كو ئه‌وان نییه، من كورداندوومه به ستایلی تایبه‌تی خۆم، گۆرانی "ئامینێ تاقانه‌ی دایه" پێش من هه‌بووه، من له ساڵانی چله‌كانه‌وه بیستوومه، كه ته‌مه‌نم حه‌وت ساڵان بوو، به‌ڵام به‌و ستایله‌ی كه من پێیده‌ڵێم ئه‌وه نه‌بوو، وشه‌كانی گۆرانییه‌كه هه‌ندی هه‌بوون و هه‌ندێكی دیكه‌ش خۆم زیادم كرد. له‌به‌رئه‌وه من پێم ئاساییه هونه‌رمه‌ند گۆرانییه كۆنه‌كان دووباره بڵێته‌وه، هه‌روه‌ها گۆرانی "دوێنی شه‌و بینیم له‌خه‌وی" ئه‌ویش ئاینور ته‌له‌فۆنی بۆ كردم و گوتی: حه‌زده‌كه‌م ئه‌و گۆرانییه‌ت بڵێمه‌وه.. پێمگوت رازیم. گوتی: ده‌بێت به نووسین بۆم بنووسی، چونكه له توركیا قبوڵ ناكه‌ن، توركیا وه‌كو لای ئێمه ئه‌و به‌ره‌ڵلاییه نییه، لای ئه‌وان ئه‌گه‌ر بڵێی ئه‌و شیعره یاخود ئه‌و ئاواز و گۆرانییه هی فلانه كه‌سه، ده‌بێت مۆڵه‌تی خاوه‌نه‌كه وه‌ربگری به نووسین. ئینجا بۆم نارد و نووسیم "من رازیم و چۆنی ده‌ڵێی بیڵی، به‌س حه‌قی من نه‌خۆی، له‌سه‌ر گۆرانییه‌كه ناوم بنووسه".
سڤیل: له‌و ئافره‌ته هونه‌رمه‌ندانه‌ی ئێستا ده‌نگی كامه‌یانت پێخۆشه؟
هۆمه‌ر دزه‌یی: وه‌ڵڵا زۆریان ده‌نگیان خۆشه، بۆ نموونه ده‌نگی "له‌یلا فه‌ریقی"م زۆر پێخۆشه، ژێی ده‌نگه‌كانی "له‌یلا" بۆ هه‌ردوو جۆری گۆرانی رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا ده‌گونجێت، واتا ده‌توانێت گۆرانی "تاهیر تۆفیق" زۆر رێك‌وپێك بڵێته‌وه "ئای ئای" ده‌نگی زۆر تیژه، ده‌شتوانێت گۆرانییه‌كی نزیك له رۆژئاوایی بڵێت وه‌كو من، هه‌روه‌ها ده‌نگی "هانی"م زۆر پێخۆشه، "فاتێ" و "رۆژین"، ده‌نگی "نولیفه‌ر ئه‌قبال" به‌تایبه‌ت گۆرانییه زازایه‌كه‌ی، چونكه خۆی زازاییه، هه‌روه‌ها ده‌نگی "لۆكه"ش زۆر خۆشه.
سڤیل: بۆچی به‌رهه‌می تازه‌ت نییه؟
هۆمه‌ر دزه‌یی: من پێشانیش به‌رهه‌مم زۆر نه‌بووه، زۆر خه‌ریكی هونه‌ر نه‌بوویمه، چونكه من به پیشه هونه‌رمه‌ند نیم، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه هونه‌رمه‌ندێكی پیشه‌یی نیم، ده‌نگخۆشێكم جاروبار ئه‌و گۆرانیانه‌ی من كه گوێتان لی بووه، یان له كۆنسێرت یان له بۆنه‌كانی نه‌ورۆز و بۆنه‌كانی دیكه بووه، ئه‌گه‌رنا به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی چووبم بۆ ستۆدیۆ تۆماریان بكه‌م زۆر كه‌م بووه، چونكه من هونه‌رم وه‌ك پیشه وه‌رنه‌گرتبوو، هۆكه‌شی بنه‌ماڵه‌كه‌مان بوو، ساڵی په‌نجاكان زۆر هه‌وڵمدا به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی ببم به گۆرانیبێژ و واز له خوێندن بێنم، به‌ڵام له ماڵه‌وه نه‌یانهێشت، گوتیان "ئه‌وه شتێكی عه‌یبه بۆ ئێمه"، به‌داخه‌وه دابونه‌ریتی كۆن كاریگه‌ری زۆری تێ‌كردم، له‌به‌رئه‌وه من نه‌بووم به گۆرانیبێژ، به‌ڵام خه‌ڵكه‌كه ده‌نگی منی پێ‌خۆش‌بوو، جاروبار له بۆنه‌كان بانگیان ده‌كردم، گۆرانیم ده‌گوت.
ئه‌و حه‌ز و ئاره‌زووه‌ی كه له گه‌نجیمدا حه‌زم ده‌كرد بایه‌خی پێبده‌م، به‌ڵام به‌داخه‌وه بۆم نه‌كرا، بۆم نه‌چووه‌سه‌ر، ئێستا به‌و ته‌مه‌نه ده‌مه‌وێت تۆزێك تێی بینمه‌وه، ئێستاش وا ئه‌لبوومێكی به‌ده‌سته‌وه‌یه و له توركیایه بۆ چاپكردن، ئه‌لبوومێكی سێدیه، كه گۆرانییه‌كانی سی سێدی له‌خۆده‌گرێت، دوو سێدی زۆربه‌ی گۆرانییه كۆنه‌كانمه، سێدیه‌كه‌ی دیش هه‌مووی نوێیه، له‌گه‌ڵ ژیاننامه‌ی خۆم به ئینگلیزی و كوردی لاتینی نوسراوه‌ته‌وه، له‌م رۆژانه ده‌كه‌وێته بازاڕه‌وه.
سڤیل: كه نه‌یانهێشت ببی به گۆرانیبێژ، گله‌یت له كه‌سێكی دیاریكراو هه‌یه؟
هۆمه‌ر دزه‌یی: به‌بی هیچ گومانێك گله‌یم له بنه‌ماڵه‌ی خۆم هه‌یه، هه‌میشه پێیان ده‌ڵێم، به‌ڵام كه گله‌یی ده‌كه‌م ده‌بێت هه‌میشه هه‌ناسه‌یه‌كی قوڵ هه‌ڵبێنم، چونكه گله‌یی من چییه، ناتوانم لێیان خۆش نه‌بم، شت هه‌یه لێی خۆش ده‌بی، به‌ڵام له‌بیری ناكه‌ی، بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌ش كه نه‌یاهێشت ببم به گۆرانیبێژ گوناحیان نه‌بوو، چونكه دابونه‌ریتی ئه‌و زه‌مانه په‌نجا و شه‌ست ساڵ له‌مه‌وپێش وابوو، كه نه‌یانهێشتووه، عه‌قلییه‌تی جاران وابوو، زۆربه‌یان نه‌خوێنده‌وار بوون، عه‌یب و شه‌رم بوو، یه‌عنی دنیا وابوو، له‌به‌رئه‌وه گله‌یه‌كه‌م، بیكه‌م و نه‌یكه‌م له نه‌زانین و كه‌مزانینه‌وه بووه، به‌ڵام وه‌كو ده‌ڵێم لێیان ده‌بوورم به‌ڵام قه‌ت له‌بیریشی ناكه‌م، چونكه ژیانی منی گۆڕی. رێچكه‌ی ژیانم ئه‌و رێچكه‌كه‌ی كه ئێستا پێیدا ده‌چم من ئه‌وهام نه‌ده‌ویست، حه‌زم ده‌كرد رێچكه‌ی هونه‌ری بگرمه‌به‌ر، به‌ڵام ئیتر سه‌ری نه‌گرت.
سڤیل: به‌ڵام تۆ هه‌ر گۆرانیت گوت؟
هۆمه‌ر دزه‌یی: پیاو ئه‌و قسه‌یه‌ش بكات، مه‌به‌ستی ئه‌وان ئه‌وه‌بوو، كه گۆرانیبێژی نه‌كه‌م به‌پیشه‌ی خۆم، كه پاره‌ی پێ په‌یدابكه‌م و بچم خه‌ڵك هه‌ڵپه‌ڕێنم بۆ پاره، وه‌كو "چاوه‌ش"، چونكه چاوه‌ش زوڕنای لێده‌دا خه‌ڵك هه‌ڵده‌په‌ڕی و پاره‌ی خۆی وه‌رده‌گرت، به‌ڵام بنه‌ماڵه‌ی ئێمه لاریان له‌وه نه‌بوو له ئاهه‌نگێك گۆرانی بڵێم به‌بی پاره، له‌به‌رئه‌وه ساڵی 1954 كه له به‌غدا ده‌مخوێند، پۆڵی پێنجی ئاماده‌یی بووم، رادیۆی به‌غدا به‌شی كوردی داوایان لێكردم هه‌شت گۆرانی تۆمار بكه‌م، ئه‌وكاته ته‌له‌فزیۆن نه‌بوو، منیش چووم پرسم به ماڵه‌وه كرد، گوتیان "بڕۆ، به‌ڵام ناوی ته‌واوت مه‌ده و یه‌ك فلسیش وه‌رنه‌گری، چونكه كه پاره‌ت وه‌رگرت ده‌بیه چاوه‌ش". چووم هه‌شت گۆرانیه‌كه‌م تۆماركرد و ناوی خۆم نه‌دا، هه‌ر به‌ناوی "دزه‌یی" گۆرانییه‌كانم تۆماركردن، هیچ پاره‌شم وه‌رنه‌گرت، گۆرانیبێژه‌كانی دیكه كه له‌وێبوون، هه‌موویان یه‌كی دوو، سی دیناریان وه‌رگرت، به منیان ده‌گوت "كو پاره وه‌رناگری؟" به پێكه‌نیه‌وه ده‌مگوت "ئی چیبكه‌م من له‌به‌ر ماڵه‌وه‌مان ناوێرم پاره وه‌ربگرم".
سڤیل: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تۆ كه له بنه‌ماڵه‌یه‌كی "ئاغا" په‌روه‌رده بووی، به‌ڵام گۆرانیشت هه‌ر گوت و خه‌ڵكیش تۆیان وه‌ك گۆرانیبێژ ناسی، ئه‌وه جۆرێك له یاخی بوونی تۆ نه‌بوو له بنه‌ماڵه‌كه‌ت؟
هۆمه‌ر دزه‌یی: مرۆڤ پاشماوه‌یه‌ك ده‌بێت یاخی بێت له‌و شته‌ی كه هه‌یه، به‌تایبه‌ت هونه‌رمه‌ند به‌رده‌وام حه‌ز به گۆڕانكاری ده‌كات و حه‌زده‌كات شتی تازه بابه‌ت ببینی، ئه‌و یاخیبوونه نه‌بوایه كه‌واته ژیان به‌پێشناكه‌وی، له‌به‌رئه‌وه یاخی بوونه‌كه‌ی من شتێكی زۆر ئاسایی بوو، منیش بێزاربووم له‌وه‌ی كه هه‌بوو، رووم له‌شتی تازه‌كرد، به‌ڵی من زۆرم هه‌ڵمداوه له بنه‌ماڵه‌كه‌م یاخی بم و به گوێیان نه‌كه‌م و بچم موزیك بخوێنم، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌رووی داراییه‌وه نه‌متوانی، چونكه تۆ گه‌نجی منداڵی ناتوانی خۆت بژێنی، ئه‌گه‌ر گه‌وره بومایه و وه‌ك ئێستا بومایه به‌بێگومانی به گوێی ماڵه‌وه‌م نه‌ده‌كرد، چونكه ئێستا ده‌توانم خۆم بژێنم، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا راسته من هه‌میشه یاخی بووم، به‌ڵام هه‌ندێجار بۆم چووه‌ته‌سه‌ر و هه‌ندێجار بۆم نه‌چووه‌ته‌سه‌ر.
سڤیل: كه گۆرانییه‌كه‌ت بۆ گونده‌كه‌ی خۆتان "دووگردكان" بڵاوكرده‌وه، خه‌ڵك وایانده‌زانی ئیتر عومه‌ر دزه‌یی به‌یه‌كجاری دێته‌وه هه‌ولێر، به‌ڵام ئێستا به‌رده‌وام له‌ڕێی به‌غدا و سلێمانی و ئه‌مه‌ریكا دای، به‌نیازنیت به‌یه‌كجاری بگه‌ڕێیته‌وه هه‌ولێر؟
هۆمه‌ر دزه‌یی: وه‌ڵڵا من حه‌زم لێیه یه‌كجاری بێمه‌وه، به‌ڵام ماوه‌یه‌كی زۆره كوردستان‌م جێشتووه، ئه‌وه له‌بیر مه‌كه كه من كوردستان‌م جێهێشت ته‌مه‌نم 18 ساڵ بوو، ئێستا ته‌مه‌نم له 70 ساڵ زیاتره، واتا زیاتر له په‌نجا ساڵ له ده‌ره‌وه بوومه، زۆربه‌ی ژیانم له ده‌ره‌وه رابردووه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش من خۆم پێمخۆشه بێمه‌وه، به‌ڵام منداڵم هه‌یه و منداڵه‌كانم له ده‌ره‌وه گه‌وره بوونه، مرۆڤیش له كوی گه‌وره‌بێت ئه‌وێی پێخۆشه، باوك و داكیش به‌ستراوه‌ی منداڵه‌كانیانن، منداڵ له‌كوی بێت مه‌جبوری تۆش له‌وی بی، ئینجا من ساڵی 2000 كه هاتمه‌وه هه‌ولێر ئه‌و شیعره‌م بۆ "دووگردكان" دانا ئه‌وكاته من "دووگردكان"م به ئه‌نفالكراوی نه‌دیبوو، كه رۆیشتم كوردستان‌م به‌جێهێشت "دووگردكان" گوندێكی ئاوه‌دان و خۆش‌بوو، كه هاتمه‌وه به ئه‌فالكراوی بینم، هیچی نه‌مابوو ته‌نیا قه‌برستانه‌كه نه‌بێت، گریانم هات، گه‌ڕامه‌وه ئه‌مه‌ریكا ئه‌و شیعره‌م بۆ دانا و كردم به‌و گۆرانییه. ئێستاش كه دێمه‌وه كوردستان چوار مانگ بۆ پێنج مانگ ده‌مێنمه‌وه و ده‌گه‌ڕێمه‌وه، به‌ڵام تازه بێمه‌وه ئه‌و گونده ئه‌نفالكراوه چی بكه‌م.
سڤیل: خه‌مان زرار، ئه‌ندامی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌چاوپێكه‌وتنێكیدا ده‌ڵێت "حه‌زم زۆر له‌گۆرانییه‌كانی عومه‌ر دزه‌یی هه‌یه، چونكه گۆرانییه‌كانی زۆر بێئه‌ده‌بن".
هۆمه‌ر دزه‌یی: راستی ئه‌و كێشه‌یه‌م له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌ی خۆشم هه‌یه، ئه‌ویش ناڕازیه له وشه‌ی گۆرانییه‌كانم، به‌ڵام من به‌بی ئه‌ده‌بی دانانێم، ئه‌ده‌بی كوردی هه‌روایه، ئه‌ده‌بی كوردی ئه‌ده‌بێكی زۆركراوه‌یه، گۆرانییه‌كانی حه‌سه‌ن زیره‌ك زۆری وایه، ئه‌وه عه‌یبی تێدا نییه، ساڵی 1964 من له ڤینه‌نا بووم بانگهێشتكرام بۆ ته‌له‌فزیۆنی به‌غدا كه چه‌ند گۆرانییه‌ك تۆمار بكه‌م، محه‌مه‌د سه‌عید سه‌حاف، ئه‌وكاته به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌له‌فزیۆنی به‌غدابوو، ده‌بوایه گۆرانییه‌كانم بۆ ئه‌و ته‌رجه‌مه‌ی عه‌ره‌بی بكه‌ن، بزانی وشه‌كانی چۆنه، كه ته‌رجه‌مه‌یان بۆكرد، بانگیان كردم، گوتیان محه‌مه‌د سه‌عید سه‌حاف حه‌زده‌كات بتبینی، چووم بۆلای دانیشتین و به‌یه‌كه‌وه قاوه‌یه‌كمان خوارده‌وه، گوتی "ئوستاز ده‌نگت زۆر خۆشه، به‌ڵام وشه‌ی گۆرانییه‌كانت زۆر عه‌یبه، بۆچی نایانگۆڕی" منیش گوتم "گۆرانییه‌كان به عه‌ره‌بی ناڵێم، من به كوردی ده‌ڵێم، به كوردیش زۆر ئاساییه، له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی پیاو كه ماڵه‌وه له‌گه‌ڵ دایك و خۆشك و ژن و كیژی دانیشتووه، گۆرانیبێژ كه ده‌ست به‌و قسانه ده‌كات زۆر ئاسایه، یه‌كێك له‌تایبه‌تمه‌ندی ئه‌ده‌بیاتی كوردی ئه‌وه‌یه". گوتی "وه‌ڵڵا من ئه‌وه‌م نه‌زانیوه، بڕۆ گۆرانییه‌كانت تۆمار بكه!".
سڤیل: تۆ زۆر له‌وڵاتانت بینیووه، كچی كام وڵاتت زۆر پێجوانه؟
هۆمه‌ر دزه‌یی: به‌پێكه‌نیه‌وه، كچی هه‌موو دنیا جوانن، له ئاسیا من كچی فارسم زۆر پێجوانه، به‌تایبه‌ت چاو و برۆیان، شاعیرانی كۆنی ئێرانی شیعریان هه‌موو به‌سه‌ر چاو و برۆی كچی فارس داناوه، هه‌روه‌ها له‌شه‌رق كچی سوری و لوبنانی زۆر جوانن، له ده‌ره‌وه‌ش ئه‌وروپییه‌كان زۆر جوانن، كچی ئه‌مه‌ریكای لاتین جوانن، كچی جوان له‌هه‌موو دنیادا هه‌ن.
سڤیل: هاوته‌مه‌نه‌كانت كاتێك له ته‌له‌فزیۆن ده‌تبینن، ده‌ڵێن "ئێمه پیربووین، هۆمه‌ر دزه‌یی هه‌ر قۆزه و وه‌ك خۆیه‌تی"، به‌ڵام تۆ هه‌ست به‌پیربوونی خۆت ده‌كه‌ی؟
هۆمه‌ر دزه‌یی: نا من هه‌ست به‌پیربوون ناكه‌م، مرۆڤ كه هه‌ستی به‌پیربوون كرد پیرده‌بێت، له‌به‌رئه‌وه تۆ نابێت حیساب بۆ پیری بكه‌ی، نابێت حیساب بۆ ساڵ بكه‌ی، ته‌مه‌نی مرۆڤ به ساڵ ناژمێرم، به هه‌ستی دڵی خۆت سه‌یری ژیانت بكه، هه‌ست به گه‌نجی بكه‌ی، گه‌نجی، كه هه‌ستتكرد پیری، ئیتر پیری، بۆخۆشم له‌وانه‌شه له‌به‌ر زه‌وقی هونه‌ریم كاریگه‌ری هه‌بووبێت.
پرۆفایلی هونه‌رمه‌ند هۆمه‌ر دزه‌یی:
+ 1936 له گوندی "دووگردكان" ده‌شتی هه‌ولێر له دایكبووه.
+ 1955 یه‌كه‌م گۆرانی له‌رادیۆی به‌غدا تۆماركرد.
+ 1958 كوردستانی جێهشت و چووه توركیا و 1959 بۆ ڤیه‌ننا.
+ 1970 له‌گه‌ڵ "رووناك"خانی دزه‌یی ژیانی هاوسه‌ری پێكهێنا.
+ بڕوانامه‌ی زانستی سیاسیی له ڤینه‌نا به‌ده‌ستهێناوه.
+ باوكی دوو كوڕ و دوو كچه.
+ دوو كتێبی به‌ناوه‌كانی "چیرۆكی ئه‌وینداریم" و "توێژینه‌وه‌ی حه‌یران" بڵاوكردۆته‌وه.
+ له‌ساڵی 2006ه‌وه راوێژگاری سیاسیی سه‌رۆك كۆماری عێراقه.
سه‌رچاوه: گۆڤاری سڤیل
zanadzey@yahoo. com
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
< Prev | Next > |
---|