"ساڵی 1964 له قامیشلو له دایكبوومه و ناوی ئه‌سڵیم خۆشناوه، هه‌موو خوشك و براكانم ناوه‌كانیان كوردییه، له‌به‌رئه‌وه‌ی باوكم له‌ناو سیاسه‌ت گه‌وره بووه، بۆیه ناوی من و هه‌موو برا و خوشكه‌كانم به رووداوێكی مێژووی كورد به‌ستۆته‌وه، ناوی خوشكێكم مه‌هاباده ناوی برایه‌كم به‌درخانه، ناوی برایه‌كی دیكه‌م بارزانه، باوكم ناوی ناوم خۆشناو له‌سه‌ر ناوی زابتێكی كوردـ كه له كۆماری مه‌هاباد له‌گه‌ڵ قازی محه‌مه‌د له‌سێداره درا و ناوی خۆشناو بوو". ئه‌وه سه‌ره‌تای قسه‌كانی هونه‌رمه‌ند خۆشناو بوو بۆ (سڤیل)، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "باوكم ناوی عه‌بدولقادر تلۆیه، به ئه‌سڵ خه‌ڵكی كوردستانی توركیایه و له گوندی تلۆ له دیكبووه".
خۆشناو له‌دوا دیمانه‌ی خۆیدا له‌گه‌ڵ (سڤیل) وێڕای باسكردنی لایه‌نه هونه‌رییه‌كانی، ئاماژه‌ی به‌چه‌ندین لایه‌نی تایبه‌تی ژیانی خۆیشی ده‌كات، له باره‌ی جێهێشتنی شاره‌كه‌ی خۆی "قامیشلو" كه نزیكه‌ی 20 ساڵه له ئه‌وروپا نیشته‌جێیه، ده‌ڵێت "ساڵی 1984 ته‌مه‌نم 18 ساڵ‌بوو كوردستان‌م جێهێشت، وه‌ك خوێندكارێك بۆ پۆلۆنیا رۆیشتم، ئێستا ماسته‌رم له زانستی سیاسی‌دا هه‌یه، كه خوێندنه‌كه‌م ته‌واو كرد، هاتم بۆ وڵاتی سوید، له‌وكاته‌وه له سوید نیشته‌جێم". ئه‌و له‌سه‌ر باسی خوێندنه‌كه‌ی به‌رده‌وام بوو، گوتیشی "كاتێك له پۆلۆنیا ده‌ستم به خوێندن كرد، نه‌مده‌توانی موزیك بخوێنم، چونكه خوێندنی باڵای موزیك له وڵاتی ئه‌وروپی به‌لانیكه‌م ده‌بێت له قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی موزیكت خوێند بێت ئینجا ده‌توانی خوێندنی باڵا بخوێنی، ئه‌وه له‌لای ئێمه له "قامیشلو" نه‌بوو، له‌به‌رئه‌وه ئه‌و خوێندنه‌م هه‌ڵبژارد، كه له حه‌زی خۆم نزیكه، ئه‌ویش سیاسه‌ته، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نامه‌ی ماسته‌ری من له‌سه‌ر گۆرانی سیاسی بوو، ئه‌و گۆرانییه سیاسیانه‌ی بوونه‌ته به‌شێك له كه‌لتووری كورد، ئه‌و گۆرانییه بۆ كام رووداو گوتراوه؟ گۆرانی سیاسیی چۆن دروست ده‌بی و واتای چییه؟ په‌یوه‌ندی به‌میلله‌تی كورده‌وه چییه؟".
خۆشناو باس له‌وه ده‌كات، بڕیار له‌ده‌ست خۆیدا نییه بگه‌ڕێته‌وه كوردستان یان نا، پێشی وایه زۆر زه‌حمه‌ته له كوردستان بژی، ده‌ڵێت "من ئێستا هاوڵاتییه‌كی سویدیم". ناوبراو ئه‌و حه‌وت مانگه‌ی، به‌هۆی به‌رنامه‌كه‌ی خۆی "تامخۆش" كه كه‌ناڵی زاگرۆس پێشكه‌شی ده‌كرد، به نموونه‌ی قسه‌كان خۆی دێنێته‌وه و ده‌ڵێت "كه له‌كوردستان بووم، ئه‌و مووچه‌ی له‌زاگرۆس وه‌رمده‌گرت به‌شی ژیانی خۆمی نه‌ده‌كرد، به‌شی كرێی خانووه‌كه‌ی نه‌ده‌كردم، به‌ڵكو كه‌ناڵی زاگرۆس له كوردستان خانووی بۆ گرتبووم، ته‌نانه‌ت مافم نه‌بوو له كوردستان خانوویه‌ك بكڕم، نه‌مده‌توانی ئۆتۆمبێلێك له كوردستان بكڕم". خۆشناوی هونه‌رمه‌ند ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، به بڕوانامه ماسته‌ره‌كه‌ی له هه‌ولێر به‌دوای ئیشدا گه‌ڕاوه، به‌ڵام نه‌یتوانیووه ئه‌و ئیشه بدۆزێته‌وه، ئه‌و ده‌ڵێت "خه‌تای خۆم بوو، له سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ به منیان گوت: بڕۆ سۆران له‌وی پێویستمان به مامۆستا هه‌یه، به‌ڵام بڕیارێكی هه‌ڵه‌مدا نه‌چووم بۆ سۆران، راستی نه‌مزانی سۆران شارێكی چۆنه؟ بۆ من دوور بوو، كه‌سیشم له‌وی نه‌ده‌ناسی، هه‌روه‌ها براده‌رانی من له سوید گوتیان: باشتره دكتۆراكه‌ت بخوێنی، له‌به‌رئه‌وه له كوردستان بڕیامدا دكتۆرا بخوێنم، ئێستا له سوید له قۆناغی دووه‌می خوێندنی دكتۆرام". خۆشناو ئێستا له پۆلۆنیا هه‌م له زانكۆی زانسته سیاسییه‌كان مامۆستایه، هه‌میش خه‌ریكی خوێندنی دكتۆراكه‌یه‌تی و ده‌ڵی "وه‌رزی هاوینانیش موزیك ده‌خوێنم".
خۆی كرمانجییه و ناوێكی سۆرانی هه‌یه، ئینجا دوو گۆرانیشی به شێوه‌زاری سۆرانی بڵاوكردۆته‌وه، خۆشناو كاتێك باسی گۆرانییه سۆرانییه‌كانی خۆی ده‌كات، دێته‌وه سه‌ر رای سۆرانییه‌كان، له‌سه‌ر گۆرانییه سۆرانییه‌كانی، "هه‌موویان پێیان خۆش بووه، به‌تایبه‌ت گۆرانی (نارین نارین)، كه له سێدی دووه‌مم گوتوومه، هه‌تا زۆرجار كه ده‌چمه پرۆگرامێك یان ئاهه‌نگێك داوای ئه‌و گۆرانییه‌م لێده‌كه‌ن". خۆشناو كه تائێستا چوار ئه‌لبوومی گۆرانی بڵاوكردۆته‌وه، به‌ڵام زۆركه‌م كلیپ بۆ گۆرانییه‌كانی ئه‌نجام ده‌دات، كه كۆی كلیپه‌كانی له په‌نجه‌كانی ده‌ست تێپه‌ڕ ناكه‌ن، ئه‌و هۆكاری ئه‌وه بۆ نه‌بوونی توانای مادی خۆی ده‌گێڕێته‌وه، كه پێشی وابوو "ڤیدیۆ كلیپی باش خه‌رجی زۆری ده‌وێت، من ناتوانم كلیپێك ئه‌نجام بده‌م و خۆم بكه‌مه گاڵته‌جار، هه‌ندی شت هه‌یه ده‌مه‌وی بیكه‌م، به‌ڵام زۆر گه‌وره‌ترن له توانای ئابووری من، ناتوانم بیكه‌م، كلیپی باش پێویستی به ئابووریه‌كی گه‌وره هه‌یه، ئه‌و ئابووریه له‌ژێرده‌ستی مندا نییه". خۆشناو وه‌ك خۆی باسی له‌وه ده‌كات، چۆنیه‌تی له دایكبوونی گۆرانییه‌كانیشی وه‌ك قۆناغه‌كانی ژیانی خۆی جۆراوجۆر بووه، "له گه‌نجی كه ده‌ستم به‌گۆرانی گوتن كرد به هۆنراوه‌كه ده‌ستم پێده‌كرد، قۆناغی دوای ئه‌وه هۆنراوه و ئامێره‌كه‌م به‌یه‌كه‌وه بوون، ئامێره‌كه‌م له‌ده‌ست ده‌گرت و هۆنراوه‌كه‌م له‌گه‌ڵی ده‌نووسی، چونكه زۆربه‌ی ئه‌و گۆرانیانه‌ی من گوتوومه هۆنراوه و ئاوازه‌كه‌ی هی خۆمن، له قۆناغی ئێستامدا ئاوازه‌كه داده‌نێم ئینجا هۆنراوه‌كه ده‌نووسم".
خۆشناو، كه له‌ئێستادا ته‌نیا دوو ئاواتی هه‌یه، له ئاواتی یه‌كه‌مدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، حه‌وت ئه‌لبووم بڵاوبكاته‌وه، كه تائێستا سی ئه‌لبوومی بڵاوكراوه‌ی هه‌یه، چونكه گوتی "له ژیانمدا پلانی حه‌وت سێدیم هه‌یه". هه‌روه‌ها بۆ ئاواته‌كه‌ی دیكه‌یان خۆشناو ده‌ڵێت "شتێكی تازه له مێشكی مندا دروستبووه ده‌مه‌وێت ئه‌زموونی ژیانی خۆم له منداڵییه‌وه تائێستا بنووسمه‌وه، هه‌رچه‌نده ئێستا بووه‌ته شتێكی مۆده و هه‌ركه‌سێك هه‌ڵده‌ستێت بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆی ده‌نووسنه‌وه، به‌ڵام من مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه، ئه‌وانه‌ی جیلی من زۆر به‌سه‌رهاتی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی له ژیانی خۆیان تۆمار كردووه، ئێمه له ژیانێكی سه‌خت و قورس گه‌وره بوون".
خۆشناو ساڵی 1987 ژیانی هاوسه‌ریی پێكهێناوه و ساڵی 1988 كوڕێكیان بووه به‌ناوی "سواره"، كه ئێستا له وڵاتی له سوید له قۆناغی زانكۆ ده‌خوێنێت، به‌ڵام خۆشناو ده‌ڵێت "چه‌ند ساڵێكه له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌م جیابووینه‌ته‌وه و ئێستا به‌ته‌نیا ده‌ژیم، به‌ڵام ئه‌و 10 ساڵه‌ی كۆتایی، هه‌ست به ته‌نیایه‌كی زۆر ده‌كه‌م، زۆرجاریش پێویستم به ژیانێكی تۆزێك قه‌ره‌بالغ هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و ژیانه نادۆزمه‌وه". خۆشناو كه باس له ته‌جروبه‌كانی ژیانی خۆی ده‌كات، ژیانی خۆی وه‌ك "فیلمی هیندی" ناوده‌بات و ده‌ڵێت "كه باس له ژیانی خۆم ده‌كه‌م، فیلمی هیندیم بیرده‌كه‌وێته‌وه، له گۆرانیبێژێكی هیندیان پرسی بۆچی ئه‌وه‌نده گۆرانی خه‌م و خه‌فه‌ت ده‌خوێنی؟ ئه‌ویش گوتی رۆژێك له ژیانم خۆشیم نه‌بینیووه تاكو گۆرانی بۆ شادی و خۆشی بخوێنم، من زۆر رۆژی ناخۆشیم بینیووه، به‌تایبه‌ت كه چاو له‌و 20 ساڵه‌ی رابردووی خۆم ده‌كه‌م ئه‌وه‌نده‌ی، كه له ئه‌وروپا ژیاوم بیرم نایه‌ت رۆژێك به دڵه‌وه پێكه‌نی بم، هه‌موو ئه‌و ژیانه‌ی كه له ده‌ره‌وه به‌سه‌رم بردووه هه‌ستم كردووه ژیانێكی كاتییه و رۆژێك ته‌واو ده‌بی و ده‌گه‌ڕێمه‌وه".
zanadzey@yahoo. com
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
< Prev | Next > |
---|