کوردستان نێت ٢٠٠٩ - ٢٠١٠

...because open source matters

Wednesday
Jun 18th
Text size
  • Increase font size
  • Default font size
  • Decrease font size

پارتی پێویستی به‌ پرۆگرام و په‌یڕه‌وێک هه‌یه‌ که‌ پارتی و کۆمه‌ڵگا ته‌یار بکات بۆ ئاینده‌یه‌کی دره‌خشان ... رزگار رەزا چوچانی / سوید

تەها بەرواری: ئه‌و حزبه‌ی ده‌یه‌وێت سه‌رکردایه‌تیی کۆمه‌ڵگا بکات ده‌بیت خۆی بۆ قۆناغی ئێستا و داهاتوو ئاماده‌ بکات ده‌نا متمانه‌ی جه‌ماوه‌ر له‌ ده‌ست ده‌دات

 

 

 

سیسته‌می فره‌ئه‌ندامی و فره‌کارمه‌ندی وه‌ڵامده‌ری پێداویستیه‌کانی کۆمه‌ڵگا نین نه‌ له‌ کوردستان و نه‌ له‌ هێچ شوێنێکی تر

 

بەشی یەکەم

تەها بەرواری وەزیری پێشوی وەرزش و لاوان و یەکێک لەوکوردە چالاکانەی ئەوروپایە کە خاوەنی تایبەتمەندی و کاریگەری خۆیەتی لەناو رەوەندی کورد لە ئەوروپا، لەروی حزبیەوە چەندین بەرپرسیارەتی لەناو پارتیدا بڕییوە، بەڵام خۆی دەڵیت( ده‌مه‌وێت به‌ خوێنه‌رانی به‌ڕێز ڕابگه‌یێنم که‌ من ئێستا هیچ پله‌یه‌کی فه‌رمیم نیه‌ و بۆیه‌ ئه‌م ڕایانه‌ی لەم دیمانەیەدا دەخرێتەروو خوێندنه‌وه‌ی خۆمه‌ بۆ پرسه جۆراوجۆره‌‌کان). کاتێک لەگەڵ ئەم پیاوە ئەدوێی هەست بەپەرۆشی بۆ وڵات دەکەیت و فکرگەلێکیش دەبیستی کە ئەگەر بچنە واری جێبەجێکردن زۆر گۆڕانکارییەک لەو ڵاتە دێتەکردن، لەم دیمانەیەدا کە لەسوید سازکراوە بۆ گۆڤاری سڤیل بەرواری رای خۆی لەمەڕ پارتی و ئایندەی ئەو حزبە دەخاتەروو باسی گرفتەکانی بەردەم وەزارەتەکەی دەکات لە کابینەی پێشوی حکومەتی کوردستان، ئێستاش بۆ هەرپرسێک لەسەر ئەو وەزارەتە بەشەفافی ئەدوێت و لەهەر بارێکەوە داوای بەڵگەیەک دەکەی ئەم وەزیرە دەیان بەڵگەت دەخاتە بەردەست.

 

رزگار رەزا چوچانی: پارتی دوای 64 ساڵ كۆنگرەی سیانزەی خۆی دەبەستێ، قسە زۆرە لەسەر ئەوەی پارتی چەند ئامادەیە لەرووی فكرییەوە خۆی لەگەڵ سەردەمەكە بگونجێنێ، ئایا پارتی ئەو سەردەمە چۆن دەخوێنێتەوە؟

تەها بەرواری: پارتی حزبی دایكە لەكوردستان، لەخەباتدا بۆ بەرگری لەكەرامەت و مان و نەمانی كوردستان و ناسنامە نەتەوایەتیەكەی قۆناغی زۆر سەختی بڕیوە. لەماوەی تەمەنی درێژی خۆیدا هەڵكشان و داكشانی زۆر بە خۆیەوە بینیوە. لەهەموو ئەو ئەزموونانەشدا سەربەرزانە دەرباز بووە. ناكرێت باس لەپارتی و شۆڕش و خەبات بكەین، ئەگەر باس لەبارزانی نەمر نەكەین، كە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بلیمەتبوونی ئەوكەسایەتیە زیاتر دیار دەبێت. پارتی ئێستا خاوەنی ئەو زەخیرەیە گەورە و لەبن نەهاتوویەیە. ئایا پارتی توانیویەتی وەكو پێویست پەیڕەوی لەم فەرهەنگە دەوڵەمەندەی بارزانی نەمر بكات یان نە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بە دیدی من نەخێرە! ئێمە پتر كەڵكمان لەو سەرمایە گەورەیەی بارزانی وەرگرتووە، دەبا لێشی زیاد بكەین. ئەگەر خەباتی كوردستانیەكان لەسەرەتای شۆڕش خەبات بێت بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوایەتی كوردستانیەكان، ئەوە ئێمە ئەمڕۆ لەسایەی خەباتی میللەتەكەمان و حزبەكانمان كە پارتی پشكی شێری بەردەكەوێت، بووینە خاوەن پەرلەمان و حكومەت. پاراستنی دەستكەوتیش پرۆسەیەكی قورسترە، زۆر جار لەكاركردن بۆ گەیشتن بەو دەستكەوتانە‌.

ئەو حزبەی دەیەوێت سەركردایەتیی كۆمەڵگا بكات، دەبێت خۆی بۆ قۆناغی ئێستا و داهاتوو ئامادە بكات، دەنا متمانەی جەماوەر لەدەست دەدات. بە واتایەكی تر پارتی كە یەكەم كۆنگرەی خۆی دوای ڕووخانی داپڵۆسێنەرترین ڕژێم دەبەستێت و حزبێكە كە سەنگی تایبەتی خۆی هەیە لەئاستی كوردستان و عێراق و ناونەتەوەییدا لەكۆنگرەی 13 دا دەبێت خۆی ئامادە بكات، بۆ ئەوەی حزبی هەرە كارا بێت، بۆ گۆڕینی ڕۆڵی خۆی و خەباتە سیاسی و دیموكراتی و پەرلەمانتەریەكەشی بە جۆرێك ڕێك بخات كە وەڵامدەری پێداویستیەكانی ئێستای كۆمەڵگا بێت. دروشمی پارتی دەبێت دروشمێك بێت كە بەرچاوڕوونی بداتە خەڵكی كوردستان. سەرەتای خەبات، پارتی داوای دەسەڵاتی لامەركەزی دەكرد، وردە وردە ئەم داوایە گەشەی كرد بەرەو ئۆتۆنۆمی و ئۆتۆنۆمی ڕاستەقینە و ئەوجا فیدڕاڵی. خۆشبەختانە ئەمڕۆ فیدراڵیزم بووەتە كۆڵەگەیەكی بنەڕەتی دەستووری عێراق كە لە15/10/2005 لەلایەن زیاتر لە80% هاووڵاتیانی عێراق دەنگی پێدراوە. پارتی ئێستا وەكو حزبی سەرەكی بۆ ئەوەی متمانەی زیاتری خەڵك بۆ خۆی ڕابكێشێت، پێویستی بە پرۆگرام و پەیڕەوێك هەیە كە پارتی و كۆمەڵگا تەیار بكات بۆ ئایندەیەكی درەخشان. جگە لەمەش پێویستی بە دانانی پلانێك هەیە بۆ چۆنیەتی جێبەجێكردن و گەیشتن بەو ئامانجانە.

رزگار رەزا چوچانی: لەدنیای پێشكەوتوودا حیزب كار لەسەر ئەوە ناكات زۆرترین كەس بەخۆیەوە ببەستێتەوە و بیكات بە ئەندام، بەڵام هەوڵ دەدات زۆرترین كەس پشتی بەرنامەكەی بگرن و لەهەڵبژاردندا دەنگی پێ بدەن، پارتی ئیستا زیاتر لە بیست لقی هەیە، ئەوە جگە لەبارەگاكانی ناوچە و ڕێكخراو، بەبڕوای تۆ لەو ڕووەوە پارتی چ بەرنامەیەكی هەیە؟ یان پێویستە چی بكات؟

تەها بەرواری: حزبەكانی كوردستان و پارتیش لەناویاندا و هەروەها كۆمەڵگای كوردستانیش بە قۆناغێكی ئینتقالیدا تێپەڕ دەبن. لەو باوەڕەدام كە سەركردایەتی پارتی ڕاستیەكان دەبینێت و كاریش دەكات بۆ ئەوەی خوێندنەویەكی وردی ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو بكات و لەچارەسەری گونجاو بگەڕێت. بە دیتنی خۆم سیستەمی فرە ئەندامی و فرەكارمەندی وەڵامدەری پێداویستیەكانی كۆمەڵگا نین نە لەكوردستان و نە لەهێچ شوێنێكی تر. بە دیتنی من سیستەمێكی فێركاریی باش و بەرنامەی باش و كاری باش و خزمەتی باش و مێدیایەكی بەرپرس و زانا كە بە ڕەنگێكی سیستەماتیك و زانستی بەدواداچوون بكەن و بەرچاوڕوونیەكی باش بە هاووڵاتیان بدەن دەبێتە هۆی متمانەیەكی زۆر و هەر ئەمەش وا دەكات كە پێگەی پارتی بەهێزتر ببێت. لەگەڵ ئەمەشدا كۆمەڵێ ڕاستی ناو كۆمەڵگای كوردستان هەیە پێویستی بە كات و حیكمەت هەیە بۆ ئەوەی دەرهاوێشتەی نەرێنی لێ نەكەوێتەوە.

رزگار رەزا چوچانی: لەدوای ڕاپەڕینەوە ژمارەیەكی زۆر لەگەنج و خانەوادەی كورد ڕوویان لەهەندەران كرد، ئیستا لەئەوروپا و ئەمریكاش ژمارەی بەرچاوی كورد هەن، بەڵام پارتی لقێكی هەبوو ئەویش كارا نییە، بۆچی پارتی نەیتوانیوە پێگەیەكی بەهێز لەنێو ڕەوەندی كورد دابنێ؟

تەها بەرواری: لەدوای ڕاپەڕینەوە، هەوڵی گەورەی من چ وەك بەرپرسی پارتی لەسوێد و ئەندامی لقی ئەوروپای پارتی، لەسەرەتای نەوەدەكان و چ وەك نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان (1999-2009) لەباكووری ئەوروپا و چ وەك وەزیری وەرزش و لاوان لەكابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا (2006-2009) بریتی بوو لەدروستكردنی پردێكی بەهێزی پەیوەندی لەنێوان دیاسپۆرای كوردستان و هەرێمی كوردستان. پارتی پێگەیەكی زۆر باشی لەناو ڕەوەند (جالیە)ی كوردستانیدا هەیە، بەڵام ئامراز و سیاسەتێكی وردتری گەرەكە. باوەڕم وایە لەدوای كۆنگرەی 13 هەنگاوی جددی بۆ ئەم پرسە ستراتیژیە بهاوێژرێت.

رزگار رەزا چوچانی: باس لەوە دەكرێ پارتی سیستەمی كۆتا پەیڕەو ناكات، ئەگەر وایە چۆن ئافرەت دەتوانرێ بهێنرێنە سەركردایەتی؟ یان تۆ ئاگادار بی لەو بارەیەوە چ پلانێك هەیە؟

تەها بەرواری: ژمارەی نوێنەرانی ئافرەتی سەر بە پارتی لەپەرلەمانی عێراقدا زۆر زیاترن لەنوێنەرانی هەموو لایەنەكانی دیكەی كوردستان بە تێكڕاییەوە. كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتیی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی، لەچەندین ڕووی سیاسی، قانوونی، میدیاگەری و جڤاكییەوە هەنگاوی زۆر سەركەوتووی نا بۆ پێشخستن و سەرخستنی دۆزی ئافرەتان. لەگەڵ ئەوەشدا، لەهەمووان ڕوونە كە كارێكی زۆر جددی و هەمەلایەنە پێویستە بۆ ئەوەی ڕۆڵی ئافرە‌تان لەناو كۆمەڵگادا بەهێزتر ببێت. ڕەخساندنی دەرفەتی جیددی بۆ ئافرەتانی كوردستان بۆ شكاندنی ئەو تەلیسمە فەرهەنگی و پیاوسالارییە كە ڕەگوڕیشەیەكی بەهێزی داكوتاوە بە كارێكی لۆژیكی باش دەبینم.

رزگار رەزا چوچانی: لەم ساڵانەی دوایی پارتی لەڕێكخستن و ئیدارەش هەندێ گرنگی بە بەرپرسی گەنج دا، بەڵام گرنگیدانەكە تارادەیەك سنوردار بوو، ئەبێ لەبارەی گەنجەوە بەرنامەی چی بێت؟

تەها بەرواری: كۆمەڵگای كوردستان وەكو زۆربەی كۆمەڵگای وڵاتانی تری ڕۆژهەڵات كۆمەڵگایەكی گەنجە. بۆیە گرنگیدان بە گەنجان و لاوان گرنگی دانە بە ئایندەیەكی پرشنگدار هەم بۆ كوردستان و هەمیش بۆ لاوان. بە دیتنی من خوێندنەوەیەكی تازە پێویستە پارتی دیموكراتی كوردستان بیكات بۆ ئەم پرسە. ئەو ستروكتوورەی ئێستا پێویستی بە هەڵسەنگاندنێكی جددی دەكات. ئێمە دەبێت زەمینەی پێگەیاندنی لاو هەر لەمنداڵیەوە دەستی پێ بكەین تا گەورە دەبێت دەستەبەر بكەین. ژێرخانێكی باشی فێركاری لەهەموو ئاستەكان دابین بكەین بۆ دووركەوتنەوە لەسیاسەتی دروستكردنی فەردی ئاراستەكراو، ڕوو بكەینە سیاسەتێك بۆ یارمەتیدانی فەردی داهێنەر و بڕوابەخۆ.

رزگار رەزا چوچانی: كێشەیەك لەنێو حیزبی كوردیدا هەیە، ئەویش مەسەلەی ناسنامەیە، پارتی وەك حیزبێكی دەسەڵاتدار ئەو كێشەیەی زۆرتر هەیە، بۆ نموونە بە حیزبێكی عەلمانی ناسراوە، بەڵام زۆرجار لەسایەی ئیدارەكەیدا هەڵسوكەوت و بڕیاری زۆر ئیسلامیانە ئەنجامدراوە، چاودێران پێیانوایە پارتی بەشەرم و ترسەوە لەو بوارانە ڕەفتار دەكات، دەكرێ بزانین ئەو ترس و شەرمەی پارتی لەچییە؟

تەها بەرواری: خوێندنەوەی من جۆرێكی ترە. پارتی ئاوێنەی كۆمەڵگای كوردەوارییە. بە واتایەكی تر پارتی زۆر بە حەساسیەت تەعامول لەگەل پرسە حەساسەكانی كۆمەڵگا دەكات. بیركردنەوەی حزبی باسێكە ‌و‌ پیادەكردنی بەرنامەیەكی حكومەتی باسێكی ترە. گۆڕانێكی زۆر بەرچاو لەكۆمەڵگادا ڕووی داوە، گۆڕانكاریەكە بەبەرنامەی پارتییە بە پلەی یەكەم‌. با ڕابردووی نزیك بەسەر بكەینەوە، بۆ نمونە، لەڕاپەڕینەوە هەتا ئێستا:

ئافرەتی شۆفێر ژمارەیان چەند زیادی كردوە

پۆلیسی ئافرەت كە هەر نەبوون ئێستا ژمارەیەكی باشمان هەیە

رێژەی پەرلەمانتارانی ئافرەت ساڵی 1994 نزیكەی 4% بوون ئێستا 33%.

جەنابی كاك نێچیرڤان ترادیسۆنی دەنگدان لەگەڵ هاوسەرەكەی كردە ڕێبازی كەسایەتیەكانی تری كوردستان لەهەڵبژاردنی 7/3/2010

گەر لەم پرسیارەدا مەبەست لەوشەی «ناسنامە» چەمكی «ئایدیۆلۆژی»یە، ئەوا باسێكی زۆر گرینگ دەكرێتەوە. بە دیدی من پارتی دیموكراتی كوردستان بەگشتی و هەر لەسەرەتای خەباتییەوە پارتێكی دیموكراتی ئایدیۆلۆژبەدەر بووە نەك ئایدیۆلۆژبەند، پـــارتێكی میللی بەرفرەوانتر بووە لەپارتێكی تایبەت بە چین و زایەند، ناوچە و دین و نەتەوە. هەژار و دارا، جوتیار و ئاغا، موسڵمان و ناموسڵمان، كورد و ناكورد، ژن و پیاو – لەچێوەی خەبات بۆ ئازادیی، بۆ سەروەریی كوردستان كۆكردۆتەوە، بە هەموو خاڵ و وێستگەی گەش و كەمتر گەشییەوە.

ئەم هەڵوێستە لەگەڵ دیمەنی گشتیدا كە داوای «ناسنامەی ئایدیۆلۆژی» دەكات ناكۆكە بۆیە سیاسەتی پارتی لەچەندین بواردا وەها شەرمن و هێمنكار دێتە بەرچاو. لێرەشدا دوو خاڵ جێی سەرنجن:

  1-ڕەوتی پارتی، مانەوە و گەشەكردنی بەراورد بكە بە حیزبە ئایدیۆلۆژبەندەكانی ناوچەكە. سیاسەتی ناسیۆنالیستی فاشیستیی كەمالیست، ڕەستاخیز و بەعسییەكان، كۆمیونیستیی سۆڤیەت و ماویست، حیزبی دژەدین و حیزبی تاكەدین، حیزبی تاكە ناوچە و تاكە میللەت و.. هتد چییان بەسەر هات و ڕووكاریان كامەیە؟

  2- لەكوردستان دەربچۆ سەیری دونیای سیاسەتی جیهانی بكە. لەمێژە - هەر نەبێ بە كۆتابوونی جەنگی دووەمی جیهان – ئەو ئایدیۆلۆژیپەرستییە سەختگیرە كاڵ بۆتەوە و دیدێكی ئازادانەترو خۆشڕەوتە.

لەگەڵ ئەوەشدا پرسی دیاركردنی ئایدیۆلۆژی پرسێكی زۆر گرنگە بخرێتە بەر باس و گفتۆگۆ لەكۆنگرەی داهاتووی پارتیدا.

رزگار رەزا چوچانی: كێشەیەكی دیكە هەیە لەنێو پارتیدا ئەویش بێ جورئەتی كادیرانی پارتییە، بە دەگمەن كادیرێكی پارتی دەبینی ڕای خۆی هەبێت و دەریبڕێت كە پێچەوانەی ڕای پارتی بێت، ئەم ترسە بۆچی؟

تەها بەرواری: پارتی كۆمەڵێك كادری زۆر شارەزا و زۆر بوێر و باشی هەیە. فەرهەنگی ڕێكخراویی پارتی فەرهەنگێكی تایبەت بە خۆیەتی كە جیاوازە لەفەرهەنگی حزبەكانی تر. ئایا ئەم فەرهەنگە كە تا ئێستا بەكارهاتووە تا چ ڕادەیەك لەگەڵ كۆمەڵگاكانی مۆدێرنی مێدیایی و سۆسیال مێدیایی ئێستادا دەگۆنجێت بە دیتنی من پرسێكی ترە. گرنگە پارتی لەكۆنگرەی خۆیدا بە وردی لەسەرئەم پرسە ڕابوەستێت. ڕووداوەكان زۆر خێرا دەچن و دواكەوتن لەهەر رووداوێك كاریگەری پۆزەتیڤ و نێگەتیڤی خۆی دەكات لەسەر دیتنی ڕای گشتی خەڵكی كوردستان و دەرەوە.

رزگار رەزا چوچانی: دەگوترێت بۆ نوێكردنەوەی پارتی نێچیرڤان بارزانی سود لەئەزموونی كەسانی بیانی وەردەگرێ ڕاستە؟

تەها بەرواری: كە سیستەمی سیاسی و حوكمڕانی یەكێتی سۆڤیەت ڕووخا دەسەڵاتی تازەی ڕووسیا پرۆفیسۆرێكی ڕاوێژكاری سوێدی بەناوی ئەندەش ئۆسلۆند دانا بۆ ئەوەی یاریدەریان بێت بۆ داناندنی سیستەمێكی تازەی ئابووری. ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی كەسێكی مۆدێرن و دونیادیدەیە ‌و‌ تۆڕێكی زۆر بەرفرەوانی پەیوەندی هەیە. من ئاگام لەوە نییە كە ئێوە ئاماژەی پێ دەكەن، بەڵام‌ ئەگەر شتێكی وا هەبێت باسێكی یەكجار باشە. لەبیر نەكەین ئێستا پارتی ئەكتۆرێكی گەورەیە و پرسی كورد پێویستی بە خەڵكی پسپۆڕ و شارەزایە لەهەموو بوارێكدا.

www.civilmag.com


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 
We have 6 guests online