*ئەو گرژیى و ئاڵۆزییەى کە لەسەرەتادا لەنێوان پارتی و زەحمەتکێشاندا هەبوو لەئێستادا نەماوە
*بەبڕیارى سەرۆکى هەرێم بڕى 30% ى بودجەکەمان کە دەکاتە (120) ملیۆن بۆ ئێمە گەڕاوەتەوە
*پڕۆژەیەکى خۆڕێکخستنەوەى تازەمان لەبەردەستە کە بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەکرێت
* ئەگەر بزانین پڕۆژەکەى یەکێتی پڕۆژەیەکى سیاسییە و جیددیەتى تێدایە رەتى ناکەینەوە
قادر عەزیز سکرتێری گشتیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە رێی ئەم دیمانە تایبەتەوە باس لە ئەگەری یەکگرتنی حزبەکەیان لەگەڵ یەکێتی دەکات و رایدەگەیەنێت تا ئێستا یەکێتی هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ گفتوگۆ لەمەڕ زەمینە خۆشکردن بۆ یەکگرتن، پاشان باسی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی و خوازیارە کە لەماوەیەکی نزیکدا گفتوگۆ لەگەڵ پارتی دەستپێبکەن بەمەبەستیی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا، پاشان باس لە پێدانەوەی مینحەی حزبی زەحمەتکێشان دەکات و دەڵێت بەبڕیاری سەرۆکی هەرێم لە 30% بودجەکەی پێشوویان کە دەکاتە 120 ملیۆن دینار بۆیان دەگێڕدرێتەوە کە پێشتر هەمووی بەباڵی جیابووەوە دەدرا، لە بەشێکی تری دیمانەکەدا باس لە جیابوونەوەی باڵی مەکتەبی سیاسیی دەکات لە حزبی زەحمەتکێشان و پێیوایە کە ئامانج لەو کارە لاوازکردنی حزبەکەیان بووە لە گۆڕەپانەکە، لە بەشی کۆتایی دیمانەکەشدا سکرتێری حزبی زەحمەتکێشان باس لە هۆکارەکانی پاشەکشەیان لە هەڵبژاردنی حەوتی ئازاری رابردوو دەکات و پێیوایە دەبێت بۆ لەمەودوا خۆیان یەکلایی بکەنەوە کە ئۆپۆزیسیۆنن یان بەشێکن لە دەسەڵات، چوونکە چیتر ئەو قۆناغە گرنگیی نەماوە کە ئەوان لەو نێوەندەدا کاریان دەکرد.
ستیڤان:دەنگۆی ئەوە هەیە کە حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان دەچێتە ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە و بۆ ئەو مەبەستەش چەند رێوشوێنێک ئامادەکراون. پرسیار دەکەین تا چەند ئەو دەنگۆیانە راستن؟. پاشان دەپرسین ئێوە بە چ مەرج و لەسەر چ بنەمایەک دەچنە ناو یەکێتییەوە؟.
قادر عەزیز: پڕۆژەى یەکگرتنەوەکە تائێستا لاى یەکێتى خۆیەتى، تائێستا نە لەگەڵ ئێمە و نەلەگەڵ لایەنى تر نەکەوتوونە گفتوگۆ و دانوستاندنەوە، تائێمەش لەلایەن خۆمانەوە دیراسەى بکەین و وەڵامیان بدەینەوە.
ستیڤان:باس لەوە دەکرێت کە پەیوەندییەکانتان لەگەڵ پارتی ئاسایی بۆتەوە و ئەو بارگرژییەی پێشوو کۆتایی پێهاتووە. ئێمە دەپرسین ئایا هیچ رێککەوتنێکتان لەگەڵ پارتی سازکردووە بەمەبەستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانتان؟. هەروەها دەپرسم لەسەر چ بنەمایەک ئەو بارگرژییانە کۆتاییان پێهاتووە؟.
قادر عەزیز: ئەگەر دروستبوونى کێشە لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا ئاسایی بێ یا شتێکى چاوەڕوانکراو بێ، بەڵام بەردەوامبوونى ئاسایی نییە و لەخزمەت هیچ لایەنێک و لەخزمەت یەکڕیزیى و تەبایی نێوان هێزە سیاسییەکاندا نییە. بۆیە بەلەبەرچاوگرتنى ئەم پرانسیپەى سەرەوە بەردەوامبوونى ئەو هەڵوێستەى پارتى لەبەرامبەر زەحمەتکێشاندا ئاسایی نییە و ئومێدمان وایە لەنزیکترین دەرفەتدا لە رێگەى دانیشتن و دیالۆگەوە کێشەکە چارەسەر بکرێ و پەیوەندییەکان بگەڕێتەوە دۆخى جارانى، بێگومان ئەو گرژیى و ئاڵۆزییەى کە لەسەرەتادا هەبوو جیابوونەوەى ئەو باڵە لەحزب دروستیکرد، لەئێستادا ئەو بارگرژییە نەماوە، مەنتقیش هەر وامان پێدەڵێ کە کێشەکە بەرەو چارەسەر دەچێت، کە ئەمە بەقازانجى هەردوولامان و بەقازانجى تەبایی نێوماڵى کوردییە، ئیمڕۆش پارتى کە لەدەسەڵاتە لەهەموو لایەک زیاتر دروستکردنى ئەو تەباییەى لەسەر شانە.
ستیڤان:پاش جیابوونەوەی باڵی مەکتەبی سیاسیی لە حزبی زەحمەتکێشان، مینحەی مانگانەی حزبی زەحمەتکێشان بڕابوو، ئایا تائێستاش ئەو مینحەیە بە باڵەکەی تری حزبی زەحمەتکێشان دەدرێت یان نا؟. تاچەند ئەو دەنگۆیە راستە کە سەرۆکی هەرێم بڕیاری گەڕانەوەی مینحەی حزبەکەتانی داوە؟.
قادر عەزیز: رۆژێک یا دوو رۆژ دواى جیابوونەوەى ئەو باڵە لەحزب بودجەکە (400 ملیۆن دینار) هەرهەمووی و بەشێوەیەکى نایاسایی وەک مکافەئەیەک بۆ هەڵوێستەکەیان هەر هەمووی درا بەئەوان، لەم مانگەوە بەبڕیارى جەنابی سەرۆکى هەرێم لە کۆبوونەوەى ئەو دواییەى حزبەکاندا بڕى 30% ى بودجەکە کە دەکاتە (120) ملیۆن بۆ ئێمە گەڕاوەتەوە، کە دیارە لەمەشدا ناهەقى و نایاسایەکى گەورە لەبەرامبەر ئێمەدا کراوە، چوونکە ئەمە بە چ پێوەرێکە، خۆئەگەر زۆرینە و کەمینە بێ، ئەوا جیاوازییەکە لەنێوانماندا زۆرە، ئەمە جگە لەوەى ئێمە کورسیمان هەیە لەپەرلەمان کە لەپرۆژە یاسای دیاریکردنى بودجەى حزبەکان کورسی بەسەرەکیترین پێوەر بۆ پێدانى بودجە ئەژمار دەکرێت، جگە لەمانە هەمووی ئەمە زیاتر لەساڵ و نیوێکە ئەوان بودجەکە هەر هەمووى وەردەگرن، ئێمە چاوەڕێى دەرچوونى یاساکە دەکەین، کە کابینەى شەشەم لەیەکەمین رۆژى راگەیاندنیدا بەڵێنى بەلایەنەکان دا، کەچى تائێستا ئەو یاسایەیان راگرتووە هەر بۆ ئەوەى بەئارەزووى خۆیان و بەدووریى و نزیکى هەڵوێستى سیاسیی حزبەکان بودجەى لایەنەکان دیارى بکەن، نەک بەو پێوەرەى کە لەیاساکەدا هاتووە، جێگەى داخە ئێمە زۆر باسی سەروەریى یاسا و بەیاساییکردنى ژیانى سیاسیی و رێکخستنى کۆمەڵگا بەیاسا دەکەین، کەچى زیندووترین بوار کە بوارى ژیانى سیاسیی و حزبایەتییە ئامادەنین بەیاساو بەشێوەیەکى دادپەروەرانە رێکیبخەین.
ستیڤان:یەکێک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حزبی زەحمەتکێشان– باڵی مەکتەبی سیاسیی، دوای پێشکەشکردنی وازنامە لە حزبەکەی، لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەوان لەلایەن پارتییەوە کۆنترۆڵ کرابوون، ئایا دوای ئەم ئاشکراکردنە ئێوە چۆن مامەڵە لەگەڵ باڵی جیابووەوە دەکەن؟.
قادر عەزیز: ئەوەى دواى ساڵ و نیوێک مامۆستا عیماد عەلی ئەندامى کۆمیتەى ناوەندیى ئەو باڵە پێی گەیشت، لەیەکەمین رۆژى جیابوونەوە و لەشێوازى جیابوونەوەکەدا و لەو هەموو پشتیوانییە ئاشکرایەى کە لێیان کراو لە پێدانى تەواوى بودجەکەى حزب بەئەوان، بۆ ئێمە ئاشکرابوو، لەکۆبوونەوەى ئەو دواییەى جەنابی سەرۆکى هەرێمیش لەگەڵ حزبەکاندا هەموو ئەوشتانەى کە مامۆستا عیماد لە رۆژنامەى "هاوڵاتی"دا باسی کردبوو هەموویم لەکۆبوونەوەکەدا باسکرد. ئیمڕۆ خەڵک وەک دەبینن کاغەزى سپى دەخوێنێتەوە، بۆیە هیچ شتێک لەخەڵک و لە میدیا و لایەنە سیاسییەکان ناشاردرێتەوە، بەڵام بۆ ئێمە باش بوو ئەم راستیانە لەنێو خۆیاندا ئاشکرا بکرێ، سەرەتا مامۆستا کەمال و مامۆستا نەورۆز و ژمارەیەک لەمامۆستایانى تر پێش هەڵبژاردنیش لقى دهۆک و هاوڕێ "یاسین نەبی" ئەندامى کۆمیتەى ناوەندیى و تێکۆشەرى دێرینى ناوچەى بادینان، ئەوا ئێستاش مامۆستا عیماد و خەڵکانى تر، وەک دەڵێن "وشهد شاهد من اهلها".
ستیڤان:بەشێک لە لایەنگرانی باڵی مەکتەبی سیاسیی لەسەر هەموو ئاستەکان وازنامەیان پێشکەش کردووە، ئایا ئاست و رێژەی گەڕانەوە بۆ ناو حزبەکەی ئێوە لە باڵەکەی ترەوە چۆن بووە؟. پێتوایە زۆربەی ئەوانەی لە باڵی مەکتەبی سیاسیی وازدەهێنن دەگەڕێنەوە بۆ لای ئێوە؟.
قادر عەزیز: بەدڵنیاییەوە دواى ئەوەى ئاڵۆزیى و کاردانەوە و چەواشەکارییەکان دەڕەونەوە زۆر راستى هەیە لەم جۆرە کارانەدا بۆ هاوڕێیان دەردەکەوێ، یان خەڵکەکە بەراوردى ئەو دروشم و ئیدعاتانە دەکات لەکاتى جیابوونەوەدا و لەگەڵ ئەو راستییانەى کە ئێستا بۆى دەرکەوتووە، هەڵوێستەکان دەگۆڕێن و بەربەستە نەفسییەکانیش کاڵ دەبنەوە، بۆ ئێمە ئێستا کێشەى ژیانى ئەو خەڵکەمان هەیە ئەگینا زۆرن ئەوکەسانەى حەز بەیەکگرتنەوە دەکەن، یا دەیانەوێ سەربەخۆ بگەڕێنەوە، هەرچەندە ئەو مەسەلە ئەو گرنگییەى جارانى نەماوە، بەڵکو ئەوەى گرنگە لەنێوان ئێمە و ئەواندا هەڵوێستە سیاسییەکەیە، دیارە ئێمە هەردوو لا زەرەرمان کرد لەم لێکترازانە، کەئامانج لەکارەکەش هەر لاوازکردنى رۆڵى کارای زەحمەتکێشان بوو لەگۆڕەپانەکەدا، بۆیە ئەگەر مەسەلە زاتى و بەرژەوەندییە شەخسییەکان نەبێ، یان دەستێوەردانى دەرەکى نەبێ و هەردوولامان لەبڕیارداندا سەربەخۆ بین دەتوانین رێکەوینەوە و حزب یەکبخەینەوە، ئەوکاتە هەردوولامان لەپێگەیەکى کاراو بەهێزدا دەبین و نەئێمە و نە ئەوانیش ناچار بەهەندێ هەنگاو یان هەڵوێست نابین کەلەگەڵ بیرکردنەوە و قەناعەتى خۆمان و تەنانەت لەگەڵ دروشمەکانى رابردوو ئێستا و بەرژەوەندیى گەلەکەشماندا ناگونجێ، بۆیە وەک دەڵێن "رب اشارە ابلغ من عبارە" هیوادارم ئەم ئاماژەیەى من مەفهووم بێ بۆ هەردوولامان و بەدڵسۆزیى و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتییەوە لێم وەربگرن.
ستیڤان:دادگای سلێمانی بڕیاری ئەوەیدابوو کە ناوی زەحمەتکێشان بە باڵی مەکتەبی سیاسیی بدرێت. ئایا کۆتایی بڕیاری دادگای تەمیزی هەرێم بەکوێ گەیشتووە؟. ئایا ئاکامەکان بە سوودی ئێوە تەواو دەبن یان لایەنی بەرامبەر؟.
قادر عەزیز: سەبارەت بەیەکلایکردنەوەى ناوەکە دادگاى بەرایی سلێمانى بڕیارى یەکەمى بەقازانجى ئەوان دابوو، بەڵام ئەمە بڕیارى کۆتایی نییە، بڕیارى کۆتایی لاى دادگاى تێهەڵچونەوەیە کەهێشتا ئەو بڕیارى نەداوە.
ستیڤان:ئایا حزبی زەحمەتکێشان هیچ بڕیارێکی نەداوە کە لە ماوەیەکی نزیکدا کۆنگرە ببەستێت بەتایبەت دوای ئەوەی ئەو باڵە لە زەحمەتکێشان هاتنە دەرەوە؟. ئایا هیچ بڕیارێکتان هەیە بۆ نوێبوونەوە و بەردەوامی لە رێی ئەو ئەجیندایانەی کە لەرێی کۆنگرەوە دێنە بەرهەم؟.
قادر عەزیز: ئێمە ساڵى پار هەر لەدواى جیابوونەوەى ئەو باڵە بەچەند رۆژێک شەشەمین کۆنگرەى حزبمان گرێدا، ئەم کۆنگرەیە هەم بۆ خۆڕێکخستنەوە و هەم بۆ پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییە بوو کە بەڕۆشتنى ئەوان لەسەرکردایەتى و لەهەندێ دام و دەزگاى حزبدا دروستببوو، ئێمە دواى هەڵبژاردنەکان پڕۆژەیەکى خۆڕێکخستنەوەى تازەمان لەبەردەستە کە بە(3) قۆناغ جێبەجێ دەکرێت، کەدوا قۆناغیان بەستنى کۆنگرەى (7) و دابەشکردنەوەى ئیش و کارى قۆناغى دواى خۆڕێکخستنەوەیە.
ستیڤان:بزووتنەوەی گۆڕان هێزێکی جیددی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسییە لە کوردستاندا، ئێوەش وەک حزبەکەتان لە حکوومەت بەشدار نین، ئێوە پەیوەندییتان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان چۆنە؟. ئایا تاچەند ئەو دەنگۆیانە راستن کە پێیانوایە گۆڕان دژایەتی حزبی زەحمەتکێشان دەکات؟.
قادر عەزیز: پەیوەندیمان لەگەڵیان ئاساییە و ئێمە بوونى ئۆپۆزیسیۆنێکى ئیجابی لەکوردستاندا بەتەواوکەرى سیستمە سیاسییەکە و بەهەنگاوێکى گرنگى دیموکراسی لەکوردستاندا دەبینین، هیچ جۆرە دژایەتییەکى گۆڕانیشمان لەبەرامبەر زەحمەتکێشاندا نەبینیوە، چوونکە ئەوان باش دەزانن زەحمەتکێشان باجى هەڵوێستە سیاسییەکانى داوە لە کوردستاندا.
ستیڤان:ئێوە پێشتر ئەزموونی چوار حزبەکەتان هەبوو، بەڵام ئێستا لەگۆڕەپانەکەدا تەنیان، پێتوانییە قۆناغەکە پێویستی ئەوە دەخوازێت بچنە ناو هاوپەیمانی لەگەڵ هێز و لایەنەکانی تر؟. ئێوە چەند ئامادەییتان تێدایە بۆ چوونە ناو هاوپەیمانێتییەکی فراوان بۆ نموونە لەگەڵ چەپەکان یان گۆڕان یاخود هەر هێزێکی تری سیاسیی سەر گۆڕەپانی کوردستان؟.
قادر عەزیز:پێشتر کار و پڕۆژەى چاکسازیى (4) حزبەکە گرنگ بوو، تەنانەت سەرەتایەکیش بوو بۆ بەڕەسمى و پراکتیکى دەرکەوتنى ئۆپۆزیسیۆن، بەداخەوە بەهەر هۆکارێک بێت نەتوانرا دەست بە (4) قۆڵییەکەوە بگرین، ئێستاش بۆ هاوپەیمانێتى، یا بۆ کار و پڕۆژەى هاوبەش لەگەڵ ئەو هێزانەى کە لەهەڵوێستى سیاسیی لێمان نزیکن ئێمە بەگرنگى دەزانین و هەموو ئامادەییەکمان هەیە، دیارە لەرابردوودا بەتایبەتیش لە دروستکردن و چالاکییەکانى (4) حزبە کوردستانییەکە حزبی زەحمەتکێشانى کوردستان رۆڵیکى دیار و بەرچاو و کارای هەبوو، هەر ئەمەش بوو وایکرد ئەو رۆڵەى حزب ببێتە ئامانج بۆ لاوازکردنى.
ستیڤان:ئێوە وەک حزبی زەحمەتکێشان لە هەڵبژاردنی حەوتی ئازاری رابردوو ئاکامێکی باشتان بەدەستنەهێنا، بەوەی هیچ کاندیدێکتان شانسی سەرکەوتنی مسۆگەر نەکرد. ئایا بەشداریی هەڵبژاردنی پارێزگاکان دەکەن؟. ئایا بڕیارتانداوە دیسان بچنەوە ناو چوارچێوەی هاوپەیمانی کوردستانەوە؟. بەکورتی چۆن خۆتان بۆ ئەو پرۆسەیە ئامادەکردووە؟.
قادر عەزیز: هیچ یەکێک لەو لایەنانەى هاوپەیمانى لەهەڵبژاردنى 7-3-2010 سەرکەوتنى بەدەستنەهێنا، ئەمەش ئەگەر بۆ هەمووان هۆکارى گشتیى هەبووبێ ئەوا بۆ ئێمەى زەحمەتکێشان هۆکارى خودیى و تایبەتیش هەبوو، لێکترازان، ئیشکالی ناوەکە، بودجە بڕین، فەوتاندنى دەنگێکى زۆرمان لەهەڵبژاردنەکەدا، کەدیارە لەهەڵبژاردنى (2005)یش هەر دەنگێکى زۆریان سوتاندین، سەبارەت بەهەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانیش بەدڵنیاییەوە بەشدارى دەکەین، بەڵام هێشتا یاساکەى هەڵبژاردن دەرنەچووە، نازانین شێوازى هەڵبژاردنەکە چۆن دەبێ، هێشتا زووە بۆ قسەکردن لەسەر چۆنێتى ئەو بەشدارییکردنەمان، بەڵام دیارە لەهەموو حاڵەتێکدا لیستى هاوبەش، یا هاوپەیمانێتى هەڵبژاردن لە پرۆسەکەدا گرنگە، چوونکە زۆر لەو دەنگانەى لەلیستى جیا دەسوتێن لەلیستى هاوبەشدا ناسوتێن.
ستیڤان:بۆچوونێک برەوی پەیداکردووە کە دوای هاتنە مەیدانی بزووتنەوەی گۆڕان، قۆناغی رۆڵی حزبە بچووکەکان کۆتایی پێهاتووە. ئێوە وەک سکرتێری حزبی زەحمەتکێشان چۆن سەیری ئەم دیتنە دەکەن؟. پێتانوایە کە ئیدی حزبە بچووکەکان ناتوانن رۆڵ لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا بگێڕن؟. بەکورتی ئێوە چ را و سەرنجێکتان لەم بارەوە هەیە؟.
قادر عەزیز: ئەم بۆچوونە ئاکامى شکست یان سەرنەکەوتنى حزبە بچووکەکان لەهەڵبژاردنى 7-3 دروستیکرد، بەبێ ئەوەى بگەڕێنەوە بۆ هۆکارەکان، من پێموایە لێرەدا بۆ حزبی گەورە و بچووک هەڵوێستى سیاسیی گرنگە، راستر ئەوەیە کە بڵێین، یان هەڵبژاردنى 7-3 نیشانى داین کە چیتر بوار بۆ حزبەکانى نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن نەماوەتەوە، چوونکە خەڵک لەهەردوو حاڵەتدا دەنگ بەو نێوەندە نادات، ئەگەر لەگەڵ دەسەڵات بێ دەنگ بەدەسەڵات دەدات، ئەگەر دژ بەدەسەڵاتیش بێ یان لەدەسەڵات ناڕازى بێ، ئەوا وەک بینیمان دەنگ بە ئۆپۆزیسیۆن دەدات، بۆیە بەڕاى من بۆ حزبەکانى ئێمەمانان ئیشکالەکە زیاتر لەم نێوەندە دایە و دەبێ لەپێشدا حزبەکان لەمەدا خۆیان یەکلایی بکەنەوە، چوونکە حزبی سیاسیی دەبێ گوزارشت لە داوا و داخوازییەکانى خەڵک بکات، هەروەک دەبێ فشارى سەر دەسەڵات و ئامڕازى گەیاندنى داوا و داخوازیى و ناڕەزایەتییەکانى خەڵک بێ بەدەسەڵات، ئەگینا خەڵک لەبەرامبەر چى دەنگى پێدەدات؟.
ستیڤان:دوا پرسیارم ئەوەیە چارەنووسی حزبی زەحمەتکێشان بەرەو کوێ دەڕوات؟. چوونکە زۆرێک پرسیار دەکەن ئایا سەرئەنجام لە یەکێتیدا خۆی حەل دەکات یان وەک هێزێکی سەربەخۆ دەمێنێتەوە؟. ئێمە دەمانەوێ لەسەر زاری سکرتێرەکەیەوە وەڵامی ئەو پرسیارە بزانین کە ئایا حزبی زەحمەتکێشان بەرەو کوێ مل دەنێت؟.
قادر عەزیز: هەروەک دەزانن حزبی زەحمەتکێشان بەهۆی مێژوویەکى پاک و دورودرێژى لەخەباتى شاخ و شار و بەهۆی هەڵوێستە سیاسییە شەفاف و بەجورئەتەکانى لەگۆڕەپانەکەدا دژ بەگەندەڵی و ناعەدالەتى و نەبوونى سەروەریى یاساو لەمەسەلەى ماددەى (140) و کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکاندا بەو هۆیە زەحمەتکێشان بەم دواییە بەتایبەتیش لەچوارچێوەى کارى هاوبەشی (4) حزبە کوردستانییەکە وەک هێزێکى کارا و ئەکتیڤ لەگۆڕەپانەکەدا دەرکەوت، دیارە ئەمەش بۆ هەندێ لایەنى دەسەڵات هەزم نەدەکرا، ئەوەبوو دوور لەململانێ سیاسیی و وەک شێوە کودەتا و ئۆپەراسیۆنێک پەلامارى حزبیاندا و پەکى ئەو ئەکتیڤییەى رۆڵى حزبیان خست، بەڵام دیارە دیسان ئەگەر دەست و هاوکاریى نێوخۆ لەگەڵ ئەو کودەتایە نەبوایە دیسان ئەو زەفەرەیان پێنەدەبردین، چوونکە جیاکردنەوەى ئەو باڵە دەرفەت و تەنانەت پاساوێکیش بوو کەهەرچى ویستیان بۆیان کرا لەگەڵ زەحمەتکێشان بیکەن، بەتایبەتى لەوڵاتێکدا شتێک نییە بەناوى سەروەریى یاسا، یاسایەک نییە کە حزبەکان پەناى بۆ ببەن و لە پەلامارى دەسەڵات بیانپارێزێ.
بۆیە ئەمە کاتى دەوێ تا بەتەواوى خۆمان دەگرینەوە، لەپێش هەموو شتێکدا خۆساغکردنەوەى هەڵوێستى سیاسیی دەوێ، بۆیە ئەوەى تائێستا بڕیارمانە و بەرچاویشمان روونە بەردەوامبوونە، دیارە پڕۆژەکەى یەکێتیش یان هەر پڕۆژەیەکى تر ئەگەر بزانین پڕۆژەیەکى سیاسییە و جیددیەتى تێدایە، ئەوا بۆ وەزعى ئێستاى خۆمان رەتى ناکەینەوە، بەڵام ئەو پڕۆژەیەى تائێستا زۆر تا کەم بەڕەسمى قسەى لێنەکراوە و نازانین چۆنە، تەنیا ئەوەندە دەزانین کە پڕۆژەکە هەیە و لەکۆنگرەشدا بەجۆرێک لەجۆرەکان باسی لێوەکراوە، بۆیە ئەوەى هەیە وەک لەپێشدا ئاماژەم پێکرد ئەوەیە کە ئێمە لەسەر خەبات و تێکۆشان و لەسەر خۆڕێکخستنەوەو خۆ تاهیل کردنەوەى خۆمان بەردەوامین، خۆ ئەگەر پارتى وازمان لێبێنێ و لەمە زیاتر فشارمان لەسەر نەکات، ئەوا لەوانەیە ئێمە هەر پێویستیمان بەو جۆرە پڕۆژانە نەبێ، بەڵام دیارە جۆرە بۆچوونێکى وا لەناو هەندێ لە هاوڕێیانى ئێمە دروستبووە کە ئەو جۆرە پڕۆژانە لەم کاتەدا بۆ ئەوە باشە کە لەچوارچێوەیەکى فراوانتر و لە میکانزمێکى کاراتر درێژە بەخەباتى خۆمان بدەین و چیتر غەدر و ناهەقى کەس قەبووڵ نەکەین.
< Prev | Next > |
---|