
*سه‌رجه‌م ژیانی حزبایه‌تی له كوردستاندا به‌و لایه‌نانه‌شی له ده‌سته‌ڵاتدان، له قه‌یرانێكی قووڵی رێكخراوه‌یدایه
* یه‌كگرتنی حزبه بچووكه‌كان یان چوونیان بۆ نێو حزبێكی گه‌وره، به سیاسه‌تێكی راست نازانم
*هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فه‌رمی له نێوان یه‌كێتی و حزبی زه‌حمه‌تكێشاندا، سه‌باره‌ت به یه‌كگرتن نه‌كراوه
* به‌بێ یه‌كتر ته‌واوكردنی ده‌سته‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆن، پرۆسه‌ی دیموكراسی گه‌شه ناكات
فه‌تاح زاخۆیی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان له رێی ئه‌م دیمانه تایبه‌ته‌وه تیشك ده‌خاته سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسیی له عێراقدا و ئه‌گه‌ره‌كانی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق و رۆڵی سیاسیی كورد له‌و هاوكێشانه‌دا، له به‌شێكی تری دیمانه‌كه‌شدا باس له هه‌لومه‌رجی ناوخۆیی كوردستان و بارودۆخی سیاسیی حزبه بچووكه‌كان ده‌كات به‌تایبه‌ت له‌قۆناغی داهاتووی ژیانی سیاسیی كوردستاندا.
ئاسۆ: به‌بڕوای ئێوه قه‌یرانی پێكنه‌هێنانی حكوومه‌تی عێراق تا چه‌ند درێژه ده‌كێشێت؟.
فه‌تاح زاخۆیی:ده‌وڵه‌تی عێراق له یه‌كه‌م رۆژی دروستكردنییه‌وه له‌لایه‌ن كۆلۆنیالیزمی به‌ریتانی و تا ئه‌مڕۆ، ده‌وڵه‌تێكی قه‌یراناوییه، به‌و مانایه‌ی كه هه‌میشه له قه‌یراندایه، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌ته، له‌لایه‌ك ده‌وڵه‌تێكی سروشتی نییه و له‌لایه‌كی دی به‌بی ره‌زامه‌ندیی یان به‌لایكه‌م به‌شداریی فیعلی گه‌لانی عێراق دروستبووه. ئه‌م ده‌وڵه‌ته له‌سه‌ر دوو گرێی ئاڵۆز پێكهێنرا، ئه‌م گرێیانه هه‌میشه رێگربوون له‌به‌رده‌م جێگیربوون و پێشڤه‌چوونی ده‌وڵه‌ته‌كه، ئه‌وانیش گرێی نه‌ته‌وایه‌تی له‌نێوان كورد و عه‌ره‌ب و گرێی مه‌زهه‌بی له نێوان سووننه و شیعه و به تایبه‌تی كه هه‌ڵكه‌وتێكی مێژوویی (ئێره جێی شروڤه‌كردنی نییه) وا حوكمی كردووه كه ده‌سه‌ڵات له سه‌ره‌تای دروستبوونی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌وه و تا ساڵی 2003 به ده‌ست كه‌مینه‌ی عه‌ره‌بی سووننه‌وه بووه و هه‌موو پێكهاته‌كانی تر لێی بێبه‌شكران. قه‌یرانی ئێستای پێكهێنانی حكوومه‌تی عێراق، به‌رده‌وامیی ئه‌و دۆخه قه‌یراناوییه‌یه كه به درێژایی مێژووی عێراق هه‌بووه و ئێستاش هیچ رێگاچاره‌یه‌كی روونی نییه.
یه‌كێ له گرفته سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م قه‌یرانه ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراقه، ئه‌و ده‌ستووره‌ی كه به حساب زۆرینه‌ی زۆری خه‌ڵكی عێراق ده‌نگیان بۆ داوه، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناگونجێت له‌گه‌ڵ پێكهاته و سروشتی كومه‌ڵگای عێراق، چوونكه ئه‌و ده‌ستووره ته‌نیا بۆ وڵاتێكی یه‌كگرتوو (موحد) ده‌گونجێت، كه هه‌موو یان زۆرینه‌ی زۆری دانیشتوانی له یه‌ك نه‌ته‌وه‌بن و له‌و جۆره وڵاتانه‌دا سیستمی دیموكراسیی كه‌مینه و زۆرینه له‌سه‌ر بنچینه‌ی هاووڵاتیبوون ده‌توانێ به‌شێوه‌یه‌كی رێك‌وپێك ململانێی بۆچوونه سیاسییه جیاوازه‌كان به‌ڕێوه ببات، به‌ڵام له ده‌وڵه‌تێكی وه‌ك عێراقدا به‌م پێكهاته جیاوازانه‌وه له رووی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بییه‌وه و به‌تایبه‌تی له دوای چه‌ندین ده‌یه له حوكمی دیكتاتۆریی و سته‌مكارانه‌وه، ده‌بی ده‌ستوور ده‌ستوورێكی ته‌وافقی بێت و له‌م ده‌ستووره‌دا به روونی پۆست و ده‌سته‌ڵاته‌كانی هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی عێراق دیاری بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك پۆست و ده‌سته‌ڵاته‌كانی خۆی بزانێت و ململانێی دیموكراسی له‌سه‌ر ئه‌و پۆستانه له نێو خودی ئه‌و پێكهاته‌یه‌دا بكرێت، ئه‌گه‌ر سه‌یرێكی واقیعی سیاسیی عێراقی دوای ساڵی 2003 بكه‌ین ئه‌وه به ئاشكرا ده‌بینین كه پرۆسه‌ی سیاسیی به گشتیی و پۆسته سیادییه‌كانی عێراق به تایبه‌تی به‌شێوه‌یه‌كی گونجاو له نێوان پێكهاته‌كانی عێراق دابه‌شكراون و تا رادده‌یه‌كی باش ئه‌م پرۆسه‌یه سه‌ركه‌وتوو بووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كێشه و گرفت دروستده‌كات به ده‌ستووریی نه‌كردنی ئه‌م ته‌وافقه سیاسییه‌یه كه له عێراقدا به‌فیعلی كاری پێكراوه.
دیموكراسی ته‌وافقی شتێك نییه له عێراقی دوای سه‌ددامه‌وه داهێنرابێت، به‌ڵكو ئه‌مه تیۆرییه‌كی سیاسیی گرنگه و له زۆربه‌ی ده‌وڵه‌ته فره پێكهاته‌كاندا په‌یڕه‌و كراوه و سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه و جێگیریی و ئارامی بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه فه‌راهه‌مكردووه. لایه‌كی تری خه‌له‌لی ده‌ستووریی له عێراقدا، به فیدراڵ نه‌كردنی هه‌موو عێراقه، له ده‌ستووردا عێراق ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵییه، به‌ڵام له‌واقیعدا تا ئێستا وا نییه، چوونكه نه‌بووه له وڵاتێكی فیدراڵیدا ته‌نیا هه‌رێمێك هه‌بێت و به‌شه‌كانی تری به شێوه‌ی سه‌نتراڵیی حوكم بكرێت، ئه‌مه ته‌نیا له عێراقی نوێ‌دا به‌دی ده‌كرێت، نه‌ك ته‌نیا ئه‌مه به‌ڵكو به‌شێكی زۆری لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق دژی به فیدراڵیكردنی عێراقن، ئه‌مه‌ش دژی ده‌ستووره و قه‌یرانه‌كانی عێراق قۆڵتر ده‌كات.
گرفتێكی تری عێراق ئه‌وه‌یه، سیاسییه‌كانی نا‌وێرن راشكاوانه دان به‌وه‌دابنێن عێراق له سێ پێكهاته‌ی جیاواز ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین ناحه‌ز به‌یه‌ك پێكهاتووه و هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك كار بۆ خۆی ده‌كات به‌بی ره‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی پێكهاته‌كانی تر یان به‌لای كه‌م به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شه‌كانی هه‌موو عێراقییه‌كان، به‌ڵام له واقیعدا ئه‌م سیاسییانه وا كارده‌كه‌ن كه نوێنه‌ر و پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی پێكهاته‌كه‌ی خۆیانن، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ره‌هه‌ندێكی عێراقی یان نیشتمانی وه‌ك خۆیان ئیدعا ده‌كه‌ن به‌كار و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانیاندا نابینرێت.
له دوایین هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقدا دوو لیست ئیدعای نیشتمانیبوون و خۆدوورگرتن له كه‌ڵكه‌ڵه‌ی مه‌زهه‌بییان ده‌كرد، ئه‌وانیش لیستی ده‌وڵه‌تی قانوونی مالیكی كه له‌واقیعدا لیستێكی شیعه‌یه و چه‌ند عه‌ره‌بێكی سووننه بۆ ناو له‌گه‌ڵیدایه و ئه‌وانیش ده‌نگێكی وایان نه‌هێنا و كه‌سێكی وه‌ك حاچم حه‌سه‌نی به ده‌نگی قه‌ره‌بوو كورسی په‌رله‌مانی وه‌رگرت، لیستی عێراقییه‌ی عه‌لاوی كه ئه‌ویش لیستی سه‌ره‌كیی عه‌ره‌بی سووننه‌یه و چه‌ند و شیعه‌یه‌كی كۆنه به‌عسی به‌ناوی عه‌لمانیبوونه‌وه له‌گه‌ڵیدان، به‌ڵام له‌ئه‌نجامی ده‌نگدانی خه‌ڵكی عێراق ئاشكرابوو، كه هیچ لیستێكی سه‌رتاسه‌ریی عێراقیی بوونی نه‌بووه و نییه، چوونكه عه‌ره‌بی شیعه ده‌نگی به‌لیسته شیعه‌كانی داوه و عه‌ره‌بی سووننه‌ش به لیسته سووننییه‌كانی داوه و كوردستانییه‌كانیش به هه‌مان شێوه، به‌مه‌ش ئه‌فسانه‌ی عێراقیبوون یان نیشتمانیبوون له‌چوارچێوه‌ی عێراقدا شكستی هێنا.
پێموایه ئه‌مه شتێكی ئاسایی و سروشتییه و هیچ زیانێكیشی بۆ عێراق نییه، ئه‌گه‌ر به‌باشی كاری له‌سه‌ر بكرێت، ئه‌گه‌رچی تا ئێستا هه‌ندێ لایه‌نی عێراقی نایانه‌وێ دان به‌و راستییه‌دا بنێن، به‌ڵام هه‌موویان كۆكن له‌سه‌ر پێكهێنانی حكوومه‌تی به‌شداریی نیشتمانی به به‌شدارییكردنی نوێنه‌رانی هه‌ر سێ پێكهاته‌ی عێراق ئه‌مه‌ش هه‌مان حكوومه‌تی ته‌وافقی سیاسییه و ناوێكی تری حكوومه‌تی محاسه‌سه‌یه كه زۆر له سیاسییه‌كانی عێراق حه‌ز ناكه‌ن ئه‌م ناوه‌ی لێبنێن، به‌ڵام له واقیعدا هه‌موو ئه‌م ناوانه ده‌ربڕینن له یه‌ك شت، ئه‌ویش به‌شدارییكردنی نوێنه‌رانی هه‌ر سێ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كیی عێراق له به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌دا.
گرفته‌كه‌ی ئێستای عێراق ته‌نیا له‌وه‌دایه كه له دوایین هه‌ڵبژاردندا، شیعه‌كان بوونه‌ته دوو لیست و ئێستاش كه له هاوپه‌یمانی نیشتمانیدا كۆبوونه‌ته‌وه رێكناكه‌ون له‌سه‌ر كاندیدكردنی كه‌سێك بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران، به چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه، قه‌یرانه‌كه چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، چوونكه هه‌ر دوو لیستی شیعه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه ناده‌ن پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران له ده‌ستیاندا نه‌بێت، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێ پۆستی سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكی په‌رله‌مانه له نێوان كورد و سووننه‌كاندا ململانێی له‌سه‌ر ده‌كرێت، بێجگه له‌م سیناریۆیه هیچ رێگا چاره‌یه‌ك نییه و پێموایه ئه‌م پرسه تا كۆتایی ئه‌م ساڵ كێشمه‌كێشمی له‌سه‌ر ده‌كرێت.
ئاسۆ:ئه‌گه‌رچی فراكسیۆنی لیسته كوردستانییه‌كان ده‌ڵێن به‌به‌رنامه‌وه گفتوگۆ ده‌كه‌ین و به‌ڵێنی نوسراومان ده‌وێت. لێ تاكوو ئێستا نه لیستی عێراقییه و نه‌ده‌وڵه‌تی یاسا ئاماده نه‌بوون هیچ په‌یمانێك به‌كورد بده‌ن. من ده‌مه‌وێت ئه‌وه بپرسم ئه‌و دوو لیسته گه‌وره‌یه له‌ستراتیژیاندا هه‌یه مادده‌ی 140 جێبه‌جی بكه‌ن؟.
فه‌تاح زاخۆیی: مادده‌ی 140 ی ده‌ستووری عێراقی كه په‌یوه‌ندیی به گێڕانه‌وه‌ی زیاتر له 40% خاكی هه‌رێمی كوردستان بۆ سه‌ر هه‌رێمه‌كه‌وه هه‌یه، خۆی له خۆیدا مادده‌یه‌كی ئیشكالییه، قبوڵكردنی ئه‌و مادده‌یه به‌و شێوه‌یه هه‌ڵه‌یه‌كی مێژوویی بوو، سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كوردستان نه‌ده‌بوایا ریفراندۆمیان له‌سه‌ر كوردستانی بوونی خاكی كوردستانیان قه‌بوڵ بكردایه، پێموایه له چوارچێوه‌ی هاوكێشه سیاسییه‌كانی ئه‌وكاتی عێراق و ناوچه‌كه‌دا، ئه‌و سه‌ركردایه‌تییه پێگه‌یه‌كی وا به هێزی هه‌بوو، ده‌یتوانی به‌شێوه‌یه‌كی باشتر و به كاتێكی كه‌متر، كێشه‌ی سنووری هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ربكات، به‌ڵام به‌داخه‌وه نه‌كرا.
ئێستاش پرسه‌كه په‌یوه‌ست نییه به ستراتیژییه‌تی لیستی عه‌لاوی یان مالكییه‌وه، چوونكه ئاشكرایه ئه‌م دوو لیسته و لایه‌نه‌كانی تری عێراقیش، بڕوایان به مافه ره‌واكانی خه‌ڵكی كوردسان نییه، بۆیه پێموایه چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م پرسه ته‌نیا په‌یوه‌سته به هه‌ڵوێست و ئه‌و سیاسه‌تانه‌وه كه سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كوردستان "خۆشبه‌ختانه ئێستا فراوانتره له جاران" له‌م قۆناغه‌دا په‌یڕه‌ویان ده‌كات له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی تریشه‌وه په‌یوه‌سته به به‌هێزكردنی به‌ره‌ی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌ویش به‌چاره‌سه‌ركردنی كێشه و گرفته‌كانی نێوان هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان و دابینكردنی لایه‌نی كه‌می دادپه‌روه‌ریی كومه‌ڵایه‌تی بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و درز و كه‌لێنانه‌ی له ئه‌نجامی په‌یڕه‌وكردنی هه‌ندێ سیاسه‌تی چه‌وت له‌ناو جه‌سته‌ی جڤاتی كوردستانیدا دروستبوون.
ئاسۆ:ئێستا كورد به‌ناڕاسته‌وخۆ پشتگیریی له مالیكی ده‌كات. تۆ ئه‌م سیاسه‌ته‌ی كورد چۆن ده‌بینی؟.
فه‌تاح زاخۆیی: سه‌ره‌تا نابی پشتگیریی له كه‌سه‌كان بكرێت له‌سه‌ر بنچینه‌ی كه‌سایه‌تی، به‌ڵكو ده‌بێت به‌رنامه و مێژووی لایه‌نه‌كان سه‌نگی مه‌حه‌ك بێت، دواتر له ئێستادا راگه‌یاندنی پشتگیریی له یه‌كێك له كاندیده‌كانی سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌ت به كارێكی باش نازانم، چوونكه تا ئێستا وێنه‌كه روون نییه و دیار نییه رووداوه‌كان به چ ئاڕاسته‌یه‌كدا ده‌چن به‌تایبه‌تی كه سه‌نگی لایه‌نه كوردستانییه‌كان له هاوكێشه‌ی په‌رله‌مانی عێراقدا یه‌كلاكه‌ره‌وه نییه، من پێموایه ئه‌وه‌ی له‌م قۆناغه‌دا روونه ئه‌وه‌یه كه سه‌رۆكی حكوومه‌ت له یه‌كێك له لیسته شیعه‌كان ده‌بێت چ لیستی مالیكی بێت یان لیستی حه‌كیم، به‌ڵام به هۆی هه‌ڵوێستی توندی سه‌درییه‌كان دژی مالیكی، ئه‌و كه‌مترین چه‌نسی وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌ی هه‌یه.
ئاسۆ:دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی 7-3، رایه‌ك له‌نێوه‌ندی سیاسیی كوردییدا دروستبوو كه پێیوایه رۆڵی حزبه بچووكه‌كان كۆتایی هاتووه. من ده‌مه‌وێت بپرسم ئه‌م بۆچوونانه تاچه‌ند نزیكه له‌راستییه‌وه؟.
فه‌تاح زاخۆیی:ده‌بێ سه‌ره‌تا بڵێم لێره‌دا مه‌به‌ست له حزبه بچووكه‌كان، ئه‌و لایه‌نه سیاسییانه‌ن كه به‌شداربوون له هه‌ڵبژاردنه‌كانی 7 -3ی په‌رله‌مانی عێراقدا و نه‌یانتوانی ده‌نگی پێویست به‌ده‌ستبێنن، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك تانه‌دان له بیر‌و بۆچوون و مێژووی سیاسیی كه‌س نییه، هه‌روه‌ها ده‌بێ ئاماژه به‌وه‌ش بده‌م كه نه‌ك ته‌نیا ئه‌و حزبانه به‌ڵكو سه‌رجه‌م ژیانی حزبایه‌تی له كوردستاندا به‌و لایه‌نانه‌ی له ده‌سته‌ڵاتدان، به چه‌پ و راستییه‌وه له قه‌یرانێكی قووڵی رێكخراوه‌یدان، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌بێت كه تا ئێستا فورمێكی دیاریكراوی نییه، ئه‌م قه‌یرانه به‌رهه‌می دوو هۆكاری سه‌ره‌كییه، یه‌كێكیان فورمی رێكخراوه‌یی حزبه‌كانه كه فورمێكی كلاسیكیی لینینییه، دووه‌میشیان زاڵبوونی هزری خێڵه‌كیی به‌سه‌ریاندا، به‌م شێوه‌یه‌ش حزبه‌كان حزبی ئه‌م سه‌رده‌مه نین و نه‌شیان توانیوه هه‌نگاو به ئاڕاسته‌ی گۆڕان و نوێبوونه‌وه و كرانه‌وه بنێن، حزبه بچووكه‌كانیش بێجگه له‌م قه‌یرانه تووشی جۆرێك له دابڕان و دووركه‌وتنه‌وه له خه‌ڵك بوون، ئه‌مه‌ش قه‌یرانه‌كانیان قووڵتر ده‌كات و زۆرتر رووبه‌ڕووی كێشه و گرفتی ناوخۆ ده‌بن.
بۆیه لێره‌دا ناتوانم بڵێم رۆڵی ئه‌م حزبانه كۆتایی هاتووه به‌ڵكو زیاتر شێواز و میكانیزمه‌كانی كاركردنیان بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه و راپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كانی ئه‌م قۆناغه گونجاو نییه و پێویستیان به گۆڕان و نوێبوونه‌وه هه‌یه، چوونكه رۆڵی حزبی سیاسیی ته‌نیا له گه‌یشتن به ده‌سته‌ڵات كورت ناكرێته‌وه، به‌ڵكو ده‌كرێت وه‌كو گروپێكی فشار، مینبه‌رێك بۆ ده‌ربڕینی را و دیدی تایبه‌ت یان وه‌كوو هێزێكی كۆمه‌ڵایه‌تی كاریگه‌ر ده‌توانن رۆڵی گرنگ له‌ناو جڤاتدا بگێڕن، به‌ڵام پێشوه‌خت ده‌بێ ئه‌و حزبانه خۆیان نوێبكه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌بن بۆ گێڕانی ئه‌و رۆڵه.
ئاسۆ:یه‌كێك له‌و هه‌نگاوانه‌ی باسی ده‌كرێت یه‌كگرتنی حزبه بچووكه‌كانه. ئایا خیاری یه‌كگرتی حزبه بچووكه‌كان ده‌توانێت ببێته هه‌نگاوی سه‌ره‌تا بۆ دروستبوونی حزبێكی به‌هێز هاوشانی هێزه ئیسلامییه‌كان؟.
فه‌تاح زاخۆیی: قه‌یرانی قووڵی حزبه بچووكه‌كان به سیاسه‌تی راكردن بۆ پێشه‌وه چاره‌سه‌ر ناكرێت، بۆیه بژاره‌ی یه‌كگرتنی ئه‌و حزبانه یان چوونیان بۆ نێو حزبێكی گه‌وره وه‌ك رێگایه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كه، به سیاسه‌تێكی راست نازانم و ته‌نیا قه‌یرانه‌كان قووڵتر ده‌كاته‌وه، بۆ وه‌بیرهێنانه‌وه دوای هه‌ڵبژاردنی یه‌كه‌م په‌رله‌مانی كوردستان له ساڵی 1992 و له ئه‌نجامی سه‌رنه‌كه‌وتنی زۆربه‌ی لایه‌نه به‌شداربووه‌كان، قه‌یرانێكی له‌م جۆره دروستبوو، بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ئه‌و قه‌یرانه سێ حزب یه‌كیانگرت كه ئه‌وانیش حزبی سۆسیالیست و پارتی گه‌ل و پاسۆك بوون، به‌ڵام چوونكه ئه‌م بژاره پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیژیی نه‌بوو ته‌نیا بۆ راكردن بوو له قه‌یرانه‌كه، نه‌یانتوانی به‌رده‌وامبن و له ئه‌نجامدا هیچیان نه‌مان و به‌سه‌ر هه‌ردوو حزبی ده‌سته‌ڵاتداری كوردستاندا دابه‌شبوون.
بۆیه پێموایه ئه‌م حزبانه پێش ئه‌وه‌ی هه‌ر هه‌نگاوێك بنێن ده‌بێ قه‌یرانه‌كانی خۆیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن به نوێكردنی شێواز و میكانیزمه‌كانی كاركردنیان و پێداچوونه‌وه‌ی جیددی به پڕۆژه و سیاسه‌ته‌كانیان، دواتر ده‌كرێت بیر له هه‌نگاوی تر بكه‌نه‌وه و له‌و حاڵه‌ته‌دا هه‌ردوو بژاره‌كه، چ كۆكردنه‌وه‌ی چه‌ند هێزێك له ژێر چه‌ترێكی فراواندا یان چوونه ناو پڕۆژه‌ی حزبێكی گه‌وره، ده‌كرێ كاریان له‌سه‌ر بكرێت، به‌تایبه‌تی ئێستا له كوردستاندا جۆرێك له جه‌مسه‌ربه‌ندیی له‌نێوان هێزه‌كانی ده‌سته‌ڵات و هێزی ئوپۆزیسیۆن و هێزه ئیسلامییه‌كاندا دروستبووه، به‌ڵام هه‌ر هه‌نگاوێك به‌بێ ئه‌و زه‌مینه‌سازییه‌ی ئاماژه‌م پێدا، ئومێدی سه‌ركه‌وتنی زۆر كه‌مه.
ئاسۆ:تائێستا ده‌نگۆ و قسه‌و باسی ئه‌وه هه‌یه زه‌حمه‌تكێشان ده‌چێته نێو یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه‌وه. پرسیاره‌كه‌ی من ئه‌وه‌یه به‌فه‌رمی زه‌حمه‌تكێشان و یه‌كێتی قسه‌یان له‌م بابه‌ته كردووه یان ئه‌وه ته‌نیا ده‌نگۆیه؟.
فه‌تاح زاخۆیی: تا ئێستا هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فه‌رمی له نێوان یه‌كێتی نیشتمانی و حزبی زه‌حمه‌تكێشاندا، سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته نه‌كراوه.
ئاسۆ:له25-7وه تاوه‌كو ئێستا بارگرژییه‌كی زۆر هه‌یه له‌نێوان ئۆپۆزیسیۆن و ده‌سه‌ڵاتدا. به‌بڕوای ئێوه چۆن ده‌كرێت په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌ندروست له‌نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆندا دروستبكرێت بۆ ئه‌وه‌ی چیتر وه‌ك دوژمن سه‌یری یه‌كتری نه‌كه‌ن؟.
فه‌تاح زاخۆیی: له 25-7 دا بۆ یه‌كه‌مینجار، له دوای راپه‌ڕینه‌وه ده‌سته‌ڵاتی كوردستان خۆی له به‌رامبه‌ر هێزێكی كاریگه‌ر بینی له به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی‌دا، ئه‌م حاڵه‌ته له جیاتی ئه‌وه‌ی حاڵه‌ته سروشتییه‌كه بێت، به حاڵه‌تێكی نه‌شاز سه‌یر كرا و مامه‌ڵه‌یه‌كی ته‌ندروستانه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌كرا. حكوومه‌تی هه‌رێم هه‌میشه جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه ئه‌وان ئۆپۆزیسیۆنێكی ئیجابیان قبوڵه، ئه‌مه‌ش داوایه‌كی لۆجیكییه، به‌ڵام دیوێكی تری ئه‌م دراوه ئه‌وه‌یه كه ده‌بێ ده‌سته‌ڵاتێكی ئیجابیش فه‌رمانڕه‌وایه‌تی بكات، ده‌سته‌ڵاتی ئیجابیش ده‌سته‌ڵاتێكه به فیعلی روون و شه‌فافه، یاسا تیایدا سه‌روه‌ره، هه‌موو هاووڵاتیان یه‌كسانن له ماف و ئه‌ركه‌كانیاندا، پێوه‌ری حزبی له جیاتی توانا و شاره‌زایی به هیچ شێوه‌یه‌ك كاری پێناكرێت و هه‌تا دوایی، له بنه‌ماكانی حوكمی چاك كه له به‌رنامه‌ی هه‌موو حزبه‌كاندا هه‌یه و له واقیعدا بوونیان زۆر لاوازه.
به‌بێ یه‌كتر ته‌واوكردنی ده‌سته‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆن، پرۆسه‌ی دیموكراسی گه‌شه ناكات، به‌ڵام ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه كه ئۆپۆزیسیۆن ره‌خنه نه‌گرێت و كه‌موكوڕییه‌كان ده‌رنه‌خات، ئامانجیش له‌م ره‌خنانه بنیاتنان و چاره‌سه‌ركردنه نه‌ك وێرانكردن و هه‌ر كاتێك رۆحییه‌تی یه‌كتر قبوڵكردن له نێو هێزه سیاسییه‌كاندا فه‌راهه‌مبوو، ئه‌و كاته په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌ندروست له نێوان ده‌سته‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆن دروست ده‌بێت.
فه‌تاح زاخۆیی
- فه‌تاح خه‌لیل زاخۆیی، له دایكبووی زاخۆ، ساڵی 1964.
-بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس له ئه‌ندازیاریی كاره‌با 1990، له زانكۆی ته‌كنۆلۆژیی به‌غداد.
-بڕوانامه‌ی دبلۆمی به‌رز له زانسته سیاسییه‌كان – زانكۆی سانت كلیمنس.
-له سه‌ره‌تای هه‌شتاكانه‌وه تێكه‌ڵی كاری رێكخراوه‌یی و سیاسیی بووه، له دوای راپه‌ڕینه‌وه چه‌ندین پۆستی له نێو حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستاندا وه‌رگرتووه له‌وانه: به‌رپرسی لقی دهۆك 1994، به‌رپرسی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه عه‌ره‌بییه‌كان – دیمه‌شق 1996-2000.
-وه‌زیری رۆشنبیریی – ئیداره‌ی سلێمانی 2001-2005.
-به‌شداربووه له‌دامه‌زراندنی بزووتنه‌وه‌ی ریفراندۆم و ئه‌ندامی لیژنه‌ی باڵای بزووتنه‌وه‌كه بووه 2003-2007.
-ئێستا ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
| < Prev | Next > |
|---|





