
*ئه‌گه‌ر عه‌لاوی و مالیكی رێكبكه‌ون و بڕیاری په‌ڕاوێزخستنی كورد بده‌ن، ئه‌وكاته كورد زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت
* ئه‌و داوایانه‌ی كورد كردوویه‌تی هی ئه‌وه نییه ئه‌مه‌ریكا گووشاری بخاته سه‌ر تا لێی په‌شیمان ببێته‌وه
* به‌پێی ده‌ستووری عێراق سه‌رۆك كۆمار مافی ڤیتۆی نامێنێت ئه‌مه‌ش بۆ كورد زیانی هه‌یه
* هیچ پێداگرتنێك له‌لایه‌ن كورده‌وه له‌سه‌ر پۆستی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه نییه
* دڵنیام كه یه‌كێتی و پارتی پێش هه‌موو شتێك پۆسته سیادییه‌كانی عێراق له‌نێوان خۆیاندا دابه‌ش ده‌كه‌ن
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و به‌رپرسی مه‌كته‌بی بیر و هۆشیاریی یه‌كێتی، له رێی ئه‌م دیمانه تایبه‌ته‌وه تیشك ده‌خاته سه‌ر ره‌وشی سیاسیی ئێستای عێراق و ئه‌گه‌ره‌كانی پێكهێنانی حكوومه‌تی عێراق. شێواز و چۆنێتی و كاریگه‌ریی كورد له پێكهێنانی حكوومه‌ت و پرۆسه‌ی سیاسیی عێراقدا ده‌خاته روو، له به‌شێكی تری دیمانه‌كه‌شدا باس له گرنگیی پۆستی سه‌رۆك كۆمار و وه‌زاره‌ته سیادییه‌كان ده‌كات بۆ كورد، پاشانیش پێیوایه كه ده‌بێت له شێوه‌ی دابه‌شكردنی ئه‌و پۆستانه‌دا لاسه‌نگییه‌ك له‌نێوان لایه‌نه‌كاندا هه‌بێت.
ئاسۆ: چه‌ند مانگێك تێپه‌ڕیوه به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقدا و تائێستا حكوومه‌تی نوی پێكنه‌هێنراوه، له ئاسۆه سیاسییه‌كانیشدا قسه له‌سه‌ر چه‌ندین سیناریۆ ده‌كرێت بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانی پێكنه‌هێنانی حكوومه‌ت. یه‌كێك له‌و سیناریۆیانه‌ی لێره و له‌وی قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانه. ئه‌م سیناریۆیه تاچه‌ند رێگاچاره‌یه‌كی گونجاوه؟.
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: ئه‌م رێگاچاره‌یه، رێگاچاره‌یه‌كی گونجاو نییه، چوونكه ئه‌مه دیسان كێشه‌ی زۆرتری لێده‌كه‌وێته‌وه، به‌ڵام هه‌موو لایه‌نه‌كانی ناو عێراق هیچكامیان نایانه‌وێ به‌ره‌و هه‌ڵبژاردن بچنه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر ئه‌م قه‌یرانه هه‌ر درێژه‌ی كێشا، به‌دڵنیاییه‌وه یه‌كێك له چاره‌سه‌ره هه‌ره چاوه‌ڕوانكراوه‌كان دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه.
ئاسۆ: ئه‌گه‌رچی فراكسیۆنی لیسته كوردستانییه‌كان به‌به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه چوونه‌ته به‌غداد بۆ گفتوگۆ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت تا ئێستا نه‌یانتوانیوه بگه‌نه هیچ ئه‌نجامێك له‌گه‌ڵ هیچ لیستێك. به‌شێك له چاودێرانی سیاسیش پێیانوایه ئه‌مجاره كورد قورساییه‌كی ئه‌وتۆی نییه و ناتوانێت داواكانی خۆی بسه‌پێنێت. ده‌مه‌وێت ئه‌وه بپرسم قورسایی كورد له قه‌یرانی پێكنه‌هێنانی حكوومه‌ت له‌كوێدایه؟.
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: پێش هه‌ر شتێك من به گونجاوی نازانم وشه‌ی سه‌پاندن به‌كاربهێنرێت، چوونكه سه‌پاندن لایه‌نێكی به‌هێز و به‌توانا ده‌توانێ بیكات. ئه‌مه وتووێژه له‌نێوان دوو لایه‌ن، هه‌ر یه‌كێك له‌وانه‌ش به‌رنامه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، ئه‌و دوو به‌رنامه‌یه ده‌كرێت له‌ناوه‌ڕاستدا یه‌كبگرێت یاخود لایه‌نێك بتوانێت لایه‌نه‌كه‌ی تر رازی بكات بۆ ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌كه‌ی ئه‌و قبوڵ بكات. ئێستاش فراكسیۆنی لیسته كوردستانییه‌كان به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تی خۆی هه‌یه و له 16 خاڵ پێكهاتووه، ئه‌وه‌ی زانراویشه ئه‌وه‌یه كه دوو لیسته سه‌ره‌كییه‌كه‌ی عێراق واته لیستی عه‌لاوی و مالیكی هه‌ردووكیان پێی رازین. ئێمه گه‌ر ئه‌و دوو لایه‌نه مسۆگه‌ر بكه‌ین، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه كێشه‌یه‌كی زۆرمان له‌گه‌ڵیاندا نییه، چوونكه ده‌توانین ئه‌م به‌رنامه‌یه تێپه‌ڕێنین.
ئاسۆ:به‌ڵام ده‌وترێت ئه‌و دوو لیسته سه‌ره‌كییه‌ی عێراق ئاماده‌نین به فه‌رمی واژۆ له‌سه‌ر داواكارییه‌كانی لایه‌نی كوردیی بكه‌ن. ئه‌گه‌ر هات و بارودۆخه‌كه به‌مشێوه‌یه رۆیشته پێشه‌وه و هیچكامیان به‌لانی زۆری داواكارییه‌كانی كورد رازی نه‌بوون، به‌بڕوای تۆ ده‌بێت كورد چی بكات و چ رێوشوێنێك بگرێته به‌ر؟.
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: پێموانییه مه‌سه‌له‌كه ئیمزا بێت، ئه‌مه باسكردن و وتووێژه ده‌رباره‌ی ئه‌م به‌رنامه‌یه، پاش ئه‌وه‌ی ئه‌و دوولیسته له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا رێكده‌كه‌ون، ره‌نگه رێككه‌وتنێكی دوو قۆڵی له‌سه‌ر شێوه‌ی پێكهێنانی حكوومه‌ت و شێوه‌ی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان بكرێت، پاشان ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری رێكده‌كه‌ون ده‌بێت به‌شێوه‌ی چه‌ند خاڵێك له به‌رنامه‌ی حكوومه‌ت كه سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوو رایده‌گه‌یه‌نێت خۆی به‌رجه‌سته بكات.
ئاسۆ: گه‌رچی به‌شێكی زۆی كێشه‌كانی ئێمه له‌گه‌ڵ سووننه‌كاندایه، به‌ڵام له‌نێوه‌ندی سیاسیی كوردستاندا باس له‌وه ده‌كرێت كورد پشتگیریی له‌مالیكی ده‌كات. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه پشتگیریی كورد له مالیكی كێشه‌كان له‌نێوان سووننه و كورددا قووڵتر ناكاته‌وه؟.
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: من پێموایه ئێمه وه‌كوو كورد نه كێشه‌مان له‌گه‌ڵ سووننه هه‌یه و نه له‌گه‌ڵ شیعه. به‌شێوه‌ی سه‌ره‌كیی كێشه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه هه‌یه كه به‌رپه‌رچی جێبه‌جێ بوونی مادده‌ی 140 ده‌داته‌وه چ شیعه بێت چ سووننه. ئه‌مه‌ش ده‌وه‌ستێته‌وه سه‌ر قۆناغه‌كه، له‌هه‌ندێك له قۆناغه‌كاندا به‌شێك له شیعه‌كان بوونه‌ته رێگر له به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی مادده‌ی سه‌د و چل، له هه‌ندێك قۆناغی تردا سووننه‌كان بوونه‌ته رێگر، ئه‌وه به‌پێی سه‌رده‌مه‌كه گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه.
ئاسۆ: رایه‌كی سیاسیی هه‌یه پێواییه ئه‌گه‌ر مالیكی و عه‌لاوی رێكبكه‌ون ئه‌وا كورد زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م ده‌بێت و به‌شی زۆر پۆسته‌كان و بڕیاره سیاسییه‌كانی داهاتوو له‌ده‌ستی ئه‌و دوو هێزه‌دا ده‌بێت. پرسیاره‌كه با ئه‌وه بێت كورد له‌رێككه‌وتنی ئه‌م دوو لیسته زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت یان نا؟.
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: با ئێمه به‌وردیی سه‌یری مه‌سه‌له‌كه بكه‌ین، ئه‌گه‌ر هه‌ردوو لیستی عه‌لاوی و مالیكی له‌گه‌ڵ یه‌كتری رێكبكه‌ون و بڕیاری په‌ڕاوێزخستنی كوردیان دا، به‌ڵێ ئه‌وكاته كورد زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وان له‌گه‌ڵ یه‌كتری له‌سه‌ر زۆربه‌ی مه‌سه‌له‌كان رێكبكه‌ون و یه‌كێك له بڕیاره‌كانی رێككه‌وتنه‌كه‌شیان بریتی بوو له‌وه‌ی كوردیش بهێننه ناو هاوكێشه‌كه‌وه، پێموانییه ئێمه ئه‌وكاته زه‌ره‌رمه‌ند بین، به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌بینه سێ لایه‌نی به‌هێز و ده‌توانین به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌شمان هه‌بێت و ئیداره‌ی حكوومه‌تی داهاتووی عێراقی پێ بكه‌ین.
ئاسۆ: به‌بڕوای ئێوه قه‌یرانی پێكنه‌هێنانی حكوومه‌تی عێراق تاچه‌ند درێژه ده‌كێشێت؟.
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد:به‌پێی زانیارییه‌كان پێویسته كه ئه‌م قه‌یرانه له كۆتاییدا بێت، چوونكه دوو لیسته سه‌ره‌كییه‌كه‌ی عێراق تا ئه‌ندازه‌یه‌كی باش له‌یه‌كتری نزیك بوونه‌ته‌وه و گووشارێكی زۆری نێوده‌وڵه‌تیشیان له‌سه‌ره بۆ كۆتاییهێنان به‌م قه‌یرانه، جگه له‌وه‌ش خۆیان هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر رێكنه‌كه‌ون زه‌ره‌رێكی زۆر گه‌وره ده‌كه‌ن.
ئاسۆ: كورد پێداگریی زۆر له‌سه‌ر پۆسته سیادییه‌كانی عێراق ده‌كات به‌تایبه‌ت پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار. به‌بڕوای ئێوه پێداگریی كورد له‌سه‌ر پۆسته باڵاكان نابێته هۆكارێك بۆ پاشه‌كشه‌پێكردنی كورد له زۆر دۆزی تری وه‌كوو كێشه‌ی مادده‌ی سه‌د و چل و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ناوچه دابڕاوه‌كان بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان؟.
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد:پێموایه پرسی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار له مه‌سه‌له‌ی پێداگرتن ده‌رچووه، ئێستا مه‌سه‌له‌كه بۆته مه‌سه‌له‌یه‌كی یه‌كلاكراوه و كۆتایی پێهاتوو، كه ئه‌م پۆسته بۆ كورد ده‌بێت. ئێمه ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ عه‌لاوی یان له‌گه‌ڵ مالیكی یان له‌گه‌ڵ ئیئتیلافی نیشتمانیی رێكبكه‌وین، ئه‌مانه هه‌موویان رازین له‌وه‌ی ئه‌م پۆسته بۆ كورد بێت، ئه‌مه لایه‌نێكی زۆری گرنگی تێدایه و ئه‌گه‌ر ئێمه بتوانین ئه‌مجاره ئه‌و پۆسته وه‌ربگرینه‌وه، گرنگییه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی له‌وه‌دایه كه ئێمه ره‌نگه ئه‌مه بكه‌ینه نه‌ریتێكی سیاسیی له عێراقدا. ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره سه‌ركه‌وتوو بووین، ئه‌وا پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق بۆ كورد ده‌بێت به نه‌ریت، ئه‌مه ده‌كرێ ببێته هۆكاری داهێنانی سیستمێكی تازه له عێراقدا، واته سیستمێكی نافه‌رمی له عێراقدا دابهێنێت وه‌ك ئه‌وه‌ی له لوبنان هه‌یه. چوونكه له لوبنان ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له ده‌ستووردا باس نه‌كراوه، شێوه‌ی دابه‌شكردنی پۆسته سیادییه‌كان له ده‌ستووری لوبنانیدا ئاماژه‌ی بۆ نه‌كراوه و باسی لێوه نه‌كراوه، به‌ڵام له ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستوور و له په‌یمانی نیشتمانیدا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌یان یه‌كلا كردۆته‌وه. ئه‌مجاره‌یان ئه‌گه‌ر ئێمه پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمارمان به‌ر بكه‌وێت، پێموایه وه‌كوو نه‌ریتی لێدێ كه تا ئێمه له چوارچێوه‌ی عێراقدا بین، ئه‌م پۆسته بۆ كورد بێت.
ئاسۆ: هه‌ندێك چاودێری سیاسیی پێیانوایه كه ئه‌مه‌ریكا گووشاری زۆری خستۆته سه‌ر كورد له پرسی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراقیدا. من پرسیار ده‌كه‌م ئایا ئه‌مه‌ریكا گووشاری سیاسیی خستۆته سه‌ر لایه‌نی كوردستانی؟. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا گووشاری خستۆته سه‌ر بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی و سوودی كێیه؟.
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: من پێموانییه ئه‌مه‌ریكا گووشاری خستبێته سه‌ر كورد، چوونكه ئه‌و داوایانه‌ی كورد كردوویه‌تی هی ئه‌وه نییه ئه‌مه‌ریكا گووشاری بخاته سه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی لێی په‌شیمان ببێته‌وه. كورد داوای دوو شتی سه‌ره‌كیی كردووه. یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق بۆ كورد بێت، ئه‌مه‌ش ئه‌مه‌ریكییه‌كان خۆیان به لایانه‌وه شتێكی ئاساییه. دووه‌میشیان جێبه‌جێكردنی مادده‌ی سه‌د و چل و چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ناوچه دابڕاوه‌كانه. كه پار ئه‌مه‌ریكییه‌كان خۆیان به‌ڵێننامه‌یه‌كی نوسراویان دا به‌هه‌رێم و تیایدا دانیان به‌وه‌دا ناوه كه پشتگیریی له كورد ده‌كه‌ن له مه‌سه‌له‌ی جێبه‌جێكردنی ئه‌م مادده ده‌ستوورییه‌دا.
ئاسۆ: به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی پێتانوانییه كورد ناتوانێت به‌هه‌مان قورسایی رابردووه‌وه بچێته كرده‌ی سیاسییه‌وه له عێراقدا؟. ئایا هه‌ست به‌وه ناكرێت پێگه و سه‌نگی سیاسیی كورد به‌به‌رارورد به سه‌ره‌تای رووخاندنی رژێمی پێشوو به‌ته‌واوه‌تی كه‌م بۆته‌وه و ئه‌و كاریگه‌رییه‌ی پێشووی نه‌ماوه؟.
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: ده‌بێت ئه‌و راستییه له‌به‌رچاو بگرین كه گۆڕانێك له‌مباره‌یه‌وه روویداوه، ئێستا له عێراقدا دوو لیستی به‌هێز هه‌ن كه هه‌ردووكیان ئه‌گه‌ر رێكبكه‌ون ده‌توانن به‌بێ كورد رژێمی سیاسیی له عێراقدا به‌ڕێوه به‌رن، ئه‌مه خۆی له خۆیدا به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه كه ئه‌و دوو لیسته سه‌ره‌كییه ده‌توانن به‌بێ كوردیش حكوومه‌ت پێكبهێنن، ئه‌مه ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا رێكبكه‌ون. به‌ڵام بوونی كورد وه‌كوو نه‌ته‌وه‌ی دووه‌م له عێراقدا، هێزێكی درێژخایه‌ن و ستراتیجی پێده‌به‌خشێت، ئه‌مه‌ش شتێكه كه ده‌بێت له‌به‌رچاو بگیرێت.
من پێموایه دوو مه‌سه‌له لێره‌دا بوونی هه‌یه كه ره‌نگه تا ئه‌ندازه‌یه‌ك رۆڵی داهاتووی كورد كز و لاوازتر بكات له چاو جاراندا. یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه به‌پێی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق سه‌رۆك كۆمار مافی ڤیتۆی نامێنێت. ئه‌مه یه‌كێكه له‌و هه‌نگاوانه‌ی بۆ كورد زیانی هه‌یه، چوونكه ئه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌كی ده‌ستوورییه و ناتوانین به‌رپه‌رچی بده‌ینه‌وه. دووه‌میشیان پێكهێنانی ئه‌نجوومه‌نی سیاسیی ئاسایشی نیشتمانییه، ئه‌مه‌ش یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی ره‌نگه ببێته هۆی په‌یدابوونی ده‌زگایه‌كی تر له نێوان سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیراندا، ئه‌وه‌ش به‌شێك له ده‌سه‌ڵاته‌كانی تر بۆ خۆی قۆرخ ده‌كات و ره‌نگه ببێته هۆی ئه‌وه‌ی كاریگه‌ریی زۆری هه‌بێ له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی لایه‌نی كوردیی له حكوومه‌تی داهاتووی عێراقدا.
ئاسۆ: ئایا ده‌توانین بڵێین كه كورد له پێكهێنان و دروستكردنی ئه‌و ئه‌نجوومه‌ندا زیانی زۆر ده‌كات؟.
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: من وشه‌ی زیان به‌كارناهێنم، به‌ڵام پێموایه دروستكردنی ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه به قازانجی كورد ته‌واو نابێت و لایه‌نه‌كانی تری ناو عێراق قازانجی زیاتری لێده‌كه‌ن. به‌تایبه‌ت ئه‌و لایه‌نه‌ی كه ئه‌ندامێكی ئه‌و ده‌بێته لێپرسراوی یه‌كه‌می ئه‌م ده‌زگایه.
ئاسۆ: ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌كه به‌مجۆره‌یه كه‌واته پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمارمان بۆچییه؟. یان بابڵێین بۆچی ده‌بێت كورد هێنده پێداگریی بكات له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆمار؟.
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: پۆسته‌كه بۆ ئه‌وه‌یه كه ئێمه له چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی راپه‌ڕاندندا ده‌رنه‌چین و بمێنینه‌وه. چوونكه ئه‌گه‌ر ئێمه له چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی راپه‌ڕاندن هاتینه ده‌ره‌وه، گه‌وره‌ترین زیان ده‌كه‌ین، راسته پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان گرنگی و بایه‌خێكی زۆر تایبه‌تی هه‌یه، به‌ڵام له هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌زموونی عێراق نیشانیداوه، شه‌ڕه‌كه له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانه، چوونكه پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران نوێنه‌رایه‌تی راسته‌وخۆی ده‌سه‌ڵاتی راپه‌ڕاندن ده‌كات. راسته سه‌رۆك كۆماریش به‌پێی ده‌ستوور ئه‌م نوێنه‌رایه‌تییه ده‌كات، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی پرۆتۆكۆلی هه‌یه، ناتوانێت ئه‌و رۆڵه بگێڕێت كه سه‌رۆك وه‌زیران ده‌یگێڕێت.
هه‌روه‌ها سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌ركه‌كه‌ی زیاتر چاودێرییكردنی ده‌سه‌ڵاتی راپه‌ڕاندن و ده‌ركردنی یاسایه، ناتوانێت رۆڵێكی زۆر گه‌وره و كاریگه‌ر و بایه‌خدار له سیاسه‌تی عێراقدا بگێڕێت چ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و چ له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه. ئه‌مه‌ش نیشانی ده‌دات كه ئێمه به‌دڵنیاییه‌وه ناتوانین پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ربگرین، بۆیه ئه‌گه‌ر ئێمه بمانه‌وێت له چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی راپه‌ڕاندندا پێگه‌یه‌كی به‌هێزمان هه‌بێت تاكه ده‌رفه‌ت كه بۆمان ره‌خساوه ئه‌وه‌یه كه پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق له‌ده‌ست نه‌ده‌ین.
ئاسۆ:لێره و له‌وێ باس له‌وه ده‌كرێت، له پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراقدا پۆستی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه بۆ ئه‌م چوار ساڵه به‌ر كورد ناكه‌وێت. ئایا كورد به چ وه‌زاره‌تێكی تر رازییه وه‌ك ئه‌ڵته‌رناتیڤی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه؟. یان با بڵێین له به‌رامبه‌ردا كورد به‌ڵێنی چ وه‌زاره‌تێكی تری گرنگ و سیادیی پێدراوه؟.
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد:خۆی له‌بنه‌مادا هیچ پێداگرتنێك له‌لایه‌ن كورده‌وه له‌سه‌ر پۆستی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه نییه، له‌و وتووێژانه‌دا كورد داوای هیچ پۆستێكی دیاریكراوی نه‌كردووه، به‌ڵام لایه‌نه‌كان ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر ئه‌وه هه‌یه كه كورد لانیكه‌م یه‌ك یان دوو وه‌زاره‌تی سیادیی وه‌ربگرێت. له پڕۆژه‌كه‌ی "عه‌لاوی"شدا كه پێش ماوه‌یه‌ك پێشكه‌شی كردبوو، پێشنیار كرابوو دوو پۆستی زۆر گرنگ كه وه‌زاره‌تی دارایی و وه‌زاره‌تی به‌رگرییه بدرێت به كورد. یه‌كێكیش له هۆكاره‌كانی ئه‌وه‌ی زۆرجار، زۆر پۆستی هه‌ستیار و گرنگ ده‌درێت به كورد ئه‌وه‌یه كه ناكۆكیی هه‌یه له نێوان سووننه‌كان و شیعه‌كاندا، به‌وه چاره‌سه‌ری ده‌كه‌ن، مادام ئه‌وان هه‌ر یه‌كێكیان نایه‌وێ فڵانه وه‌زاره‌ت یان پۆست بۆ ئه‌ویتر بێت، كه با بۆ لایه‌نی سێیه‌م بێت كه كورده.
له‌م نێوانه‌دا ئێمه ده‌توانین زۆر پۆستی گرنگ وه‌ك ئه‌وه‌ی عه‌لاوی پێشنیاری كردووه به‌ده‌ستبهێنین. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر ئێمه پۆستی وه‌زاره‌تی نه‌وتمان چنگ بكه‌وێت، پێموایه ئه‌و كێشانه‌ی له‌نێوان به‌غداد و هه‌رێمدا هه‌یه به‌شێوه‌یه‌كی ئۆتۆماتیكی به‌ره‌و چاره‌سه‌ربوون ده‌ڕوات. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر كوردێك له به‌غداد وه‌زیری دارایی عێراق بێت، پێموایه ئه‌و كێشه داراییانه‌ی كه په‌یوه‌ندیی به بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌یه، ئاسانتر چاره‌سه‌ر ده‌بن.
ئاسۆ: باس له‌وه ده‌كرێت له نێوان پارتی و یه‌كێتی جۆرێك له ناكۆكی هه‌یه له‌مه‌ڕ جۆری هاوپه‌یمانییكردنی لایه‌نی كوردستانی له‌گه‌ڵ لیسته عه‌ره‌بییه‌كان و ده‌وترێت پارتی زیاتر به‌لای لیستی عه‌لاوی و یه‌كێتی به‌لای مالیكی دا دایده‌شكێنێته‌وه؟. ئایا ئه‌م دوو بۆچوونییه له‌واقیعدا بوونی هه‌یه؟. ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌كه به به‌ڵێیه چ كاریگه‌رییه‌كی نێگه‌تیڤی ده‌بێت له‌سه‌ر پێگه‌ی سیاسیی هه‌رێم؟.
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: پێموانییه جیاوازیی هه‌بێت له گووتاری كوردییدا، مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه‌یه به‌پێی رۆژ لێدوانه‌كان دراون، بۆ نموونه ئه‌وانه‌ی پێشتر پێشنیاری "عه‌لاوی"یان كردبوو، ئێستا ره‌نگه پاش دوو مانگ بۆچوونی جیاوازتریان هه‌بێت، ئه‌گه‌ر تۆ سه‌یری پرۆسه‌ی سیاسیی ئێستای عێراق بكه‌یت، ده‌بینیت لێدوانه‌كان زوو زوو ده‌گۆڕێت، ئه‌مه نه‌ك هه‌ر شیعه و سووننه‌كان، به‌ڵكو كوردیش ده‌گرێته‌وه. به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی كورد بۆچوونێكی دیاریكراوی له‌مباره‌وه نییه، هۆیه‌كه‌شی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ئه‌و ناتوانێت هیچ سه‌رۆك وه‌زیرانێك به‌سه‌ر عێراقییه‌كاندا بسه‌پێنێت، به‌تایبه‌تی له‌و روانگه‌یه‌وه ئه‌م مه‌سه‌له‌یه زیاتر په‌یوه‌ندیی به شیعه و سووننه و دوو لیسته سه‌ره‌كییه‌كه‌وه هه‌یه، كه ئه‌وان ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ یه‌كتری رێكبكه‌ون ده‌توانن سه‌رۆك وه‌زیران دیاری بكه‌ن.
ئاسۆ:وه‌ك ده‌زانین به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی فراكسیۆنی لیسته كوردستانییه‌كان، ده‌بێت وه‌رگرتن و به‌شكردنی پۆسته‌كانی به‌غداد به‌پێی خاڵ بێت، ئێستاش باس له‌وه ده‌كرێت یه‌كێتی جگه له پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، بۆی نییه هیچ پۆستێكی سیادیی تر وه‌ربگرێت. من پرسیار ده‌كه‌م كه ئایا هیچ قسه‌یه‌ك له نێوان پارتی و یه‌كێتی كراوه له‌سه‌ر چۆنێتی دابه‌شكردنی پۆسته باڵاكانی حكوومه‌تی داهاتووی عێراق؟.
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد:تا ئێستا باس نه‌كراوه، له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆمان نازانین پۆسته سیادیی و وه‌زاره‌ته‌كانی به‌ر كورد ده‌كه‌ون كامانه‌ن. به‌ڵام من ده‌توانم به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی باسی بكه‌م، پێموایه جگه له یه‌كێتی و پارتی، ده‌بێت لایه‌نه‌كانی تر به‌وه رازی بن كه پۆستی سیادیی وه‌رنه‌گرن، چوونكه ئه‌م دوو حزبه گه‌وره‌یه زیاتر مافیان هه‌یه كه پۆستی سیادیی وه‌ربگرن، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتیش‌دا نابێت لایه‌نه‌كانی تر فه‌رامۆش بكرێن و بخرێنه په‌ڕاوێزه‌وه و هیچ پۆستێكیان نه‌درێتێ.
ئاسۆ: پێتوانییه شێوه و میكانیزمی دابه‌شكردنی پۆسته‌كانی به‌غداد، ناكۆكیی و كه‌لێن ده‌خاته ریزی فراكسیۆنی لیسته كوردستانییه‌كان به‌تایبه‌ت كه هێزه‌كانی تر هه‌ست بكه‌ن پۆسته‌كان به ناعه‌داله‌تی دابه‌ش ده‌كرێن؟.
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد:به‌دڵنیاییه‌وه، ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان رازی نه‌بن به‌شێوه‌ی دابه‌شكردنه‌كه، كه‌لێنێك له‌مباره‌یه‌وه دروست ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێی دڵنیام ئه‌وه‌یه كه یه‌كێتی و پارتی پێش هه‌موو شتێك پۆسته سیادییه‌كان له‌نێوان خۆیاندا دابه‌ش ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه، كه زۆربه‌ی پۆسته ناسیادییه‌كانه، ره‌نگه ئه‌مه‌ش هه‌ر به‌شێكی بۆ پارتی و یه‌كێتی بێت، به‌ڵام به‌شه‌كه‌ی تری بۆ لایه‌نه‌كانی تریشه.
ئاسۆ: ئه‌گه‌ر پۆسته‌كانی به‌غداد به‌شێوه‌ی خاڵ به‌سه‌ر هێزه كوردستانییه‌كاندا دابه‌ش بكرێت، پێتوانییه یه‌كێتی نیشتمانیی تێیدا زیان ده‌كات و زۆرینه‌ی پۆسته‌كان به‌ر پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كه‌ون؟.
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: له‌رێككه‌وتنه‌كانی پێشووشدا شتێكی وا حیساب كرابوو، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر ئه‌ندامێكی یه‌كێك له‌م دوو حزبه سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم بووبێ، ده‌بوو جێگری سه‌رۆكی وه‌زیرانی عێراق بۆ حزبه‌كه‌ی تر بێت. له‌به‌رئه‌وه كاتێك كه نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم بوو، پۆستی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بۆ یه‌كێتی بوو كه د. به‌رهه‌م بوو، پاش ئه‌وه‌ی كه پۆستی سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێم درایه‌وه بۆ یه‌كێتی، پێویست بوو كه پۆستی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بدرێت به پارتی. به‌بڕوای من ده‌بێت له داهاتووشدا ئه‌م لاسه‌نگییه له نێوان پارتی و یه‌كێتیدا هه‌ر بپارێزرێت.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
| < Prev | Next > |
|---|





