نه‌مده‌ویست وتاری كه‌سێك به‌ناوی ئاشكرای خۆیه‌وه بكه‌م به‌ماڵ به‌سه‌ر رۆژنامه‌ی به‌ڕێزی كوردستانی نوێ-وه، به‌ڵام ئه‌م رۆژنامه‌یه، خۆی وتاره‌كه‌ی كاك مه‌حمود شێرزاد: (پارادۆكسی چه‌ك و سیاسه‌تی رۆزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌یی په‌كه‌كه‌و ده‌ته‌په) ی كردووه به‌ماڵ به‌سه‌ر خۆیه‌وه، به به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی وتاره‌كه‌ی له‌لاپه‌ڕه‌ی وێستگه‌كانی كوردستانی نوێ-دا بڵاوكردۆته‌وه‌و له‌دامێنی وتاره‌كه‌شدا نوسیویه‌تی: (ژووری توێژینه‌وه) و نوسه‌ره‌كه‌ش سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌و به‌شه‌ی رۆژنامه‌كه‌یه‌و پێده‌چێت هه‌ریه‌كێكیش له‌كارمه‌ندانی رۆژنامه‌كه بێ، بۆیه به‌هه‌موو پێوانه‌یه‌ك وتاره‌كه ماڵه به‌سه‌ر رۆژنامه‌كه‌وه‌و ده‌بێته باری سه‌رنجی نه‌ك هه‌ر رۆژنامه‌كه، به‌ڵكو باری سه‌رنجی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیش كه خاوه‌نی ئه‌و رۆژنامه‌یه‌یه‌و له‌لاپه‌ڕه 24ی ژماره 5046 رۆژی 13/12/2009 بڵاوكراوه‌ته‌وه، هه‌رچه‌نده (ی. ن. ك) به‌كرده‌وه هاوڕانییه له‌گه‌ڵ ئه‌و وتاره‌داو ده‌ستبه‌رداری چه‌ك نییه.
وتاره‌كه وه‌ك بیه‌وێت ره‌وایه‌تییه‌ك به‌بڕیاره‌كه‌ی دادگای یاسایی توركیا بدات بۆ داخستنی DTP هۆكاری داخستنه‌كه ده‌گێڕێته‌وه بۆئه‌وه‌ی ژێرخان و ئامانجه سیاسییه‌كانی ئه‌م پارته، دژایه‌تی له‌گه‌ڵ بنه‌ما نه‌ته‌وه‌یی و سیاسییه‌كانی حكومه‌تی توركیادا هه‌یه‌و خۆیشی به‌باڵی سیاسی PKK ده‌زانێت! دوای ئه‌وه خه‌باتی چه‌كداریی كورد ده‌داته به‌ر تانه‌و ته‌شه‌ر له‌م رستانه‌دا:
-1نه‌ته‌وه داگیركراوه‌كان به‌كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌میتۆدی چه‌كداری، جگه‌له‌وه‌ی دۆخه‌كه ئاڵۆزترده‌كه‌ن، ناتوانن به‌ده‌رئه‌نجامه به‌تایبه‌ت دیموكراتییه‌كانیان بگه‌ن.
-2خه‌باتی چه‌كداری بكوژی سه‌ره‌كی مه‌شروعیه‌ته.
-3كێشه‌ی كورد له‌هیچ كام له‌پارچه‌كانی كوردستان به‌چه‌ك چاره‌سه‌رنه‌بووه‌و نابێت.
-4دامه‌زراندنی په‌كه‌كه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌قڵیه‌تی چه‌كداری هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه.
-5په‌كه‌كه به‌ته‌واوی واز له‌خه‌باتی چه‌كداری بێنێت و بێته‌وه ناوشار.
-6هه‌موو جه‌نگێك ئه‌گه‌ر به‌جه‌نگ وه‌ڵامبدرێته‌وه جه‌نگێكی گه‌وره‌تر به‌رهه‌مدێنێت.
ئه‌م په‌ندو ئامۆژگارییانه، ئه‌گه‌ر بۆ وڵاتێكی وه‌ك سویسرا بووایه، ده‌مانووت ره‌نگه راستگۆیه‌تیه‌كیان تێدابێت، به‌ڵام بۆ هه‌ركام له‌و وڵاتانه‌ی پارچه‌یه‌كی كوردستانیان بنده‌ست كردووه، جگه له‌گه‌یاندنی زیان، به‌مه‌به‌ست یا بێ مه‌به‌ست، به‌دۆزی كورد چیتر نین، ئه‌وانه واتای خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان ده‌گه‌یه‌نن، كورد له‌هیچ رۆژو بارێكدا له‌خۆشی چه‌ك په‌نای نه‌بردۆته به‌رچه‌ك، به‌ڵكو نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌كان ناچاریانكردووه چه‌كی به‌رگری هه‌ڵگرێت له‌پێناوی ماف و بوون و مانه‌وه‌یدا، ئه‌و داگیركه‌رانه وه‌ڵامی كه‌مترین داوای ره‌وای كوردتیان به‌كوشنده‌ترین چه‌ك داوه‌ته‌وه، هه‌ندێجار به‌بێ هیچ داواكارییه‌ك و به‌بێ هیچ به‌گژداچوونێكیش! میرنشینییه كوردییه‌كان هه‌ڵیاننه‌كوتابووه سه‌ر تورك و فارس، په‌رزگه‌كانی زه‌رده‌شتیان به‌چه‌كه‌وه په‌لاماری ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌وییان نه‌دابوو، كۆماری كوردستان له‌مه‌هاباد له‌خودموختاری زیاتری بۆخۆی دیارینه‌كردبوو، قازی محه‌مه‌د به‌په‌یامی ئاشتییه‌وه چووه ده‌رباری شا، سه‌دو هه‌شتا هه‌زار خه‌ڵكی گه‌رمیان له‌هه‌موو جۆره چه‌كێك داماڵراوبوون، خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه ساروخی زه‌مین- ئاسمانیان دانه‌به‌ستبوو. ئه‌وانه هه‌موویان به چ چاره‌نووسێك گه‌یشتن؟!
سه‌رزه‌نشتكردنی ده‌ته‌په به‌وه‌ی ئامانجه سیاسییه‌كانی، دژایه‌تی له‌گه‌ڵ بنه‌ما نه‌ته‌وه‌یی و سیاسییه‌كانی حكومه‌تی توركیادا هه‌یه، قسه‌یه‌كی سه‌یروسه‌مه‌ره‌یه! ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌و ئامانجانه وه‌ك یه‌كبن، ئیتر بوونی ده‌ته‌په یان هه‌ر پارتێكی تر زیاده نابێ؟ یا وه‌ك پارته كارتۆنییه‌كانی سه‌رده‌می به‌عس نابێت؟ داخستنی ده‌ته‌په له‌به‌رئه‌وه‌نییه كه‌خۆی به‌باڵی سیاسی په‌كه‌كه ده‌زانێ كه ئه‌وه‌ش هه‌ر قسه‌ی ده‌سه‌ڵاتی تورك و به‌كرێ گیراوه‌كانیه‌تی، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌یه كه ده‌ته‌په جه‌ماوه‌رێكی كوردی زۆری لێكۆبووه‌وه‌و بووبوو به‌خاوه‌نی 21 كورسی په‌رله‌مان و 98 شاره‌وانی، هه‌روه‌ها بۆئه‌وه‌یه كه هیچ به‌رامبه‌ر (موخاته‌ب) ێك نه‌مێنێ تا چه‌ندو چوون له‌سه‌ر (به‌ناوكرانه‌وه‌كانی) ده‌سه‌ڵاتدا بكات، ئه‌مه یه‌كه‌م پارتی كوردیی بێ چه‌كیش نییه كه‌ده‌سه‌ڵاتی تورك دایده‌خات، پێشتر هه‌ر پارتێكی سه‌ر به‌كورد تۆزێ گۆشتی گرتبێت توركیا دایخستووه.
ئامانجی نه‌ته‌وه داگیركراوه‌كان، گه‌یشتن به‌دیموكراتی نییه وه‌ك له‌و نوسینه‌دا هاتووه، ئامانج رزگارییه، رزگاریش به‌سه‌ربه‌خۆیی ده‌سته‌به‌رده‌بێ، دیموكراتی له‌ناو نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌كانی كوردستاندا، یان هه‌ر بوونی نابێت، یان ئه‌گه‌ر بوونیشی هه‌بوو ئه‌وا ئه‌و دیموكراتییه ته‌نیا بۆخۆیان ده‌بێ وه‌ك ئه‌وه‌ی توركیا. هیچ هاوكێشه‌یه‌ك له‌نێوان دیموكراتی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست و رزگاری نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ستدا نییه، گومان له‌وه‌دانییه كه چه‌مك و قه‌باره‌ی دیموكراتی له‌توركیادا زیاتره له هی ئێران و عیراق و سوریا، ئه‌ی بۆچی چه‌وساندنه‌وه‌ی كورد، تاڕاده‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی زمانه‌كه‌شی، له‌توركیادا زیاتره له‌و سێ ده‌وڵه‌ته‌ی تر؟ خۆئه‌گه‌ر ئه‌وه خه‌تای چه‌كه‌كانی په‌كه‌كه بێت به‌پێی چه‌مكی وتاره‌كه‌ی كوردستانی نوێ، ئه‌وا له‌بیسته‌كانه‌وه تا هه‌شتاكانی چه‌رخی بیسته‌م، نه په‌كه‌كه‌و نه هیچ پارتێكی چه‌كداری كوردی نه‌بوو، ئه‌ی بۆچی كه‌مترین مافی كورد به‌دیموكراتییه‌كه‌ی توركیا ده‌سته‌به‌رنه‌بوو؟ ئێستا له‌عیراقی له‌ڕو لاوازدا جۆرێك دیموكراتی هه‌یه، ئه‌ی بۆچی به‌نیوه‌ی باشووری كوردستان ده‌وترێ ناوچه‌ی ناكۆكی له‌سه‌ر؟ ته‌نانه‌ت به‌مادده‌ی 140 رازینابن كه ئه‌و مادده‌یه قوماره به‌و ناوچانه‌وه‌و گه‌لێكی هۆشیار قومار به‌نیشتمانی خۆیه‌وه ناكات، مه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاته ئه‌قڵانی و دیموكراتیخوازه‌كه‌ی ئێمه!! راستییه‌كه‌ی ئه‌و مادده‌ی سه‌دوچله یان هه‌ر جێبه‌جێناكرێت، یان رۆژێك جێبه‌جێده‌كرێت كه لایه‌نی به‌رامبه‌ر له‌هه‌لێكدا دوو جۆكه‌ر بێنێ و بردنه‌وه‌ی قوماره‌كه مسۆگه‌ربكات! ئه‌وسا ئیتر مه‌گه‌ر هه‌ر بڵێین: به‌ده‌ستی خۆمان چیمانكرد به‌خۆمان!
خه‌باتی چه‌كداری بكوژی مه‌شروعیه‌ت نییه، راسته چه‌ك دیارده‌یه‌كی دڕندانه‌ی مرۆڤه‌و زیانی گه‌وره ده‌به‌خشێ به‌مرۆڤایه‌تی، به‌ڵام ئه‌وه ته‌نیا بۆ خه‌باتی چه‌كداری نییه، كاتێك مافێك زه‌وت ده‌كرێت، به‌مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیشه‌وه‌و هه‌موو رێگه‌كانی شارستانی ئه‌و مافه ناگێڕێته‌وه بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی، چه‌ك ئه‌وره‌وایه‌تییه ده‌پارێزێ و ده‌یگێڕێته‌وه، بڕیاری دادگاكان بۆنموونه به‌ته‌نیا ره‌وایه‌تی دابینناكه‌ن، دوای ئه‌و بڕیارانه، هێزی چه‌كداری پۆلیس ئه‌و بڕیارانه جێبه‌جێده‌كات، واتا چه‌ك ره‌وایه‌تی ده‌پارێزێ، نه‌ته‌وه داگیركراوو مافخوراوه‌كانیش كه له‌هه‌موو رێگه شارستانییه‌كان نائومێدده‌بن، وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی كورد، ئه‌وسا ته‌نیا چه‌ك ده‌مێنێته‌وه بۆ دابینكردنی مافه‌كانیان، واتا ئه‌وسا ته‌نیا خه‌باتی چه‌كداری پارێزه‌ری مه‌شروعیه‌ت ده‌بێ، ئا لێره‌وه ئه‌و نوسینه‌ی كوردستانی نوێ كه خه‌باتی چه‌كداری به‌نه‌ته‌وه داگیركراوو سته‌ملێكراوه‌كه‌مان ره‌وانابینێ، ده‌بێته گومڕاكردن!! دیسان هه‌ر له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه دامه‌زراندنی په‌كه‌كه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌قڵیه‌تی چه‌كداری، پێویستییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌نگاوێكی دروستبووه.
كێشه‌ی كورد كه له‌هیچ پارچه‌یه‌كی كوردستاندا به‌چه‌ك چاره‌سه‌رنه‌بووه، هۆكه‌ی ناڕه‌وایه‌تی خه‌باتی چه‌كداری نه‌بووه، به‌ڵكو هۆكه‌ی ئه‌وه‌بووه كه چه‌كی كورد هاوسان و هاوتا نه‌بووه به‌رامبه‌ر چه‌كی داگیركه‌رانی كوردستان، هه‌روه‌ها تێگه‌یشتنی پێچه‌وانه (مه‌فهومی موخالیف) ی ئه‌و قسه‌یه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه كێشه‌كانی كورد به‌بێ چه‌ك چاره‌سه‌رده‌بوون، ئه‌ی له‌و هه‌موو ساڵانه‌ی خه‌باتی بێ چه‌كدا بۆچی كێشه‌كانی كورد چاره‌سه‌رنه‌بوون؟ ئینجا خه‌باتی چه‌كداری كورد، ئه‌گه‌رچی تا ئه‌مڕۆ هه‌موو كێشه‌كانی چاره‌سه‌رنه‌كردووه، به‌ڵام كوردی له‌تواندنه‌وه‌و نه‌هێشتن رزگاركردووه، گه‌لێ سوودیشی گه‌یاندووه، ئه‌گه‌ر بزووتنه‌وه چه‌كداره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان نه‌بوونایه، به‌رگ و زمانی كوردی له‌وانیش قه‌ده‌غه‌ده‌كرا، شۆڕشه‌كانی شێخ مه‌حمود به‌رزان و شۆڕشی ئه‌یلول و نوێ نه‌بوونایه، به‌یانی یازده‌ی ئازار‌و حوكمه‌زاتیه‌كه‌ی به‌عس و (به‌هه‌موو خه‌وشه‌كانییه‌وه) و هه‌رێمی نه‌فڕین و قه‌واره‌كه‌ی ئێستای هه‌رێمی كوردستان به‌خه‌ویش نه‌ده‌بینران، بزووتنه‌وه چه‌كداره‌كه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان، گیانی كرده‌وه به به‌ری كوردی باكوورداو له‌یه‌كێتی ئه‌وروپای گه‌یاند كه له‌توركیادا نه‌ته‌وه‌یه‌كی تریش هه‌یه‌و مافی ده‌خورێت و ئه‌ویش مافی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌و مافی مرۆڤی كرد به مه‌رج بۆ وه‌رگرتنی توركیا له‌یه‌كێتی ئه‌وروپاداو دوایی ئوزاڵه‌كان و ئه‌ردۆگانه‌كانی ناچاركرد دان به‌بوونی كورددا بنێن، به‌گشتیش ئه‌گه‌ر بزووتنه‌وه چه‌كداره‌كانی كورد نه‌بوونایه، ناوی كورد وه‌ك ناوی ئه‌كه‌دییه‌كان مه‌گه‌ر ته‌نیا له‌لاپه‌ڕه‌كانی مێژوودا ببینرایه!
له‌ڕاستیدا، له‌و رۆژه‌وه مرۆڤ له‌سه‌ر گۆی زه‌وی كه‌وتۆته سه‌رپێ، هه‌رچه‌ك ئامڕازی هێزو ده‌سه‌ڵاتبووه، چ به‌رامبه‌ر گیانداره دڕنده‌كان، چ به‌رمبه‌ر یه‌كدیش، كه‌سیش نازانێ له‌هه‌گبه‌ی ئاینده‌دا چی ده‌بێ، ئه‌مڕۆ كه ئه‌مریكا كه‌ڵه‌گای دنیایه، له‌به‌رئه‌وه‌نییه ئه‌مریكاییه‌كان چاویان شین و قژیان زه‌رده، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌یه كاریگه‌رترین چه‌كیان هه‌یه، نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌كانی كورد، بۆیه تائێستا هه‌ر به‌سه‌ر ده‌سته‌یه‌تی ماونه‌ته‌وه، چونكه چه‌كه‌كانیان له‌هی كورد كاریگه‌رتره، ئا له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه‌یه كه نوسه‌ری ئه‌م وتاره، له‌چه‌ندین نوسین و بۆنه‌دا داوای خۆپڕچه‌ككردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كردووه له‌سوپایه‌كی یه‌كگرتووی پڕمه‌شقدا، ئه‌م داخوازییه ئه‌گه‌ر پێشتر له‌توانادا نه‌بووبێ، ئێستا دوای میزانیه‌یه‌كی ده ملیار دۆلاری كه‌شان له‌شانی میزانییه‌كانی هه‌ركام له‌سوریه‌و ئه‌رده‌ن و لوبنان ده‌دات، ئه‌وه‌ی تیاده‌بێ، جگه‌له‌وه، خه‌و بینین به به‌ڵێنه‌كانی ئه‌مریكاوه، یان گۆرانی هه‌ڵدان به‌باڵای دیموكراتی و ده‌ستوورو هاوپه‌یمانی و ته‌وافوقدا، نامانپارێزێ له‌و گه‌رده‌لووله‌ی نازانین له چ كاتێكدا هه‌ڵده‌كات!
به‌پێی ئه‌و نوسینه‌ی كوردستانی نوێ (په‌كه‌كه واز له‌چه‌ك بێنێ و بێته‌وه شار) مه‌به‌ست له‌كام شاره؟ شاره‌كانی سوید‌و نه‌رویج؟ یا شاره‌كانی توركیا؟ ره‌وانتر، بۆ ژێر چه‌قۆكانی قه‌ساب!
له‌راستیدا كێشه‌كانی كورد له‌هه‌موو پارچه‌كانی كوردستاندا، یه‌ك كێشه‌یه، ئه‌ویش كێشه‌ی رزگاری له‌ژێرده‌ستی و كۆیلایه‌تی، ئه‌ركی هه‌ر لایه‌نێكی كوردییه هاوكاریی و پشتگیری لایه‌نه كوردییه‌كانی تر بكات، به‌ئاشكرا یا به‌نهێنی، نه‌ك ساركردنه‌وه‌و سڕكردنیان، یا ته‌نیا هه‌ڵوێستی سه‌یركه‌ر وه‌رگرن، ئه‌فسه‌ری رووسی P. Awandanow له‌كتێبـی شه‌ڕه‌كانی نێوان توركیا‌و ئێران و روسیا له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا ده‌ڵێ: (له‌شه‌ڕی نێوان ئێمه‌و هه‌ر تیره‌یه‌كی كورددا، تیره‌كانی دی ته‌ماشاچیبوون! تا نۆره ده‌گه‌یشته سه‌ر ئه‌وانیش، هیچ بیریان له‌وه نه‌ده‌كرده‌وه به‌هانای هاوڕه‌گه‌زكانیانه‌وه بچن! هه‌تا هه‌ندێجار له‌ڕقی یه‌كدی یارمه‌تی ئێمه‌شیان ده‌دا!) ئێستا دوای دوو سه‌ده، نوسه‌ره‌كه‌ی كوردستانی نوێ و لایه‌نه‌كه‌ی، نه‌ك هه‌ر خۆیان به‌دوورده‌گرن له‌به‌هاناچوونه‌وه، به‌ڵكو ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌ش له‌پارتی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی ده‌گرن كه هاوسۆزه له‌گه‌ڵ پارتی كرێكارانی كوردستان! ئه‌م هاوسۆزییه‌ش به‌پارادوكسی چه‌ك و سیاسه‌ت ئه‌ژمارده‌كات له‌كاتێكدا كه چه‌ك و سیاسه‌ت ته‌واوكه‌ری یه‌كن نه‌ك دژییه‌ك.
ئه‌و قسه‌یه چ فه‌لسه‌فه‌یه‌كی تێدایه كه ده‌ڵێ: (هه‌موو جه‌نگێك ئه‌گه‌ر به جه‌نگ وه‌ڵامبدرێته‌وه جه‌نگێكی گه‌وره‌تر به‌رهه‌مدێنێت) ؟ ئاخۆ ده‌بێ وه‌ڵامی جه‌نگ به‌چی بدرێته‌وه؟! خۆجه‌نگ شه‌پازله ئاڕاسته‌كراوه‌كه‌ی رووی عیسانییه كه ئه‌گه‌ر به‌ر ئه‌ملای كه‌وت، ئه‌ولاشی بۆ ئاماده‌كات و به‌وه ئاو به‌ئاگردا بكرێ، مرۆڤیش وه‌ك شینه شاهۆ نییه به‌رامبه‌ر چه‌كی راوچی ملی خۆی بكات به‌ژێر باڵیدا، راسته ئه‌مریكاو لایه‌نه‌كانی تر تائێستا ده‌رئه‌نجامه نه‌رێتییه‌كانی ئه‌و جه‌نگانه ده‌دروونه‌وه كه ئه‌نجامیانداوه، به‌ڵام ئه‌ی ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی جه‌نگی ئه‌ڵمانیان به‌جه‌نگ نه‌دایه‌ته‌وه، تائێستاش له‌ژێر پۆستاڵی نازێتیدا نه‌یانده‌ناڵاند؟ ئه‌گه‌ر جه‌نگی عیراق و ئه‌فغانیان نه‌كردایه، چه‌ندین یازده‌ی سێپته‌مبه‌ری دی دووباره‌نه‌ده‌بوونه‌وه؟
ئه‌و هه‌موو بانگه‌وازه‌ی له‌و وتاره‌ی كوردستانی نوێ-دا هاتووه بۆئه‌وه‌ی باڵه‌كانی كورد ده‌سبه‌رداری چه‌ك بن، له‌پای چی و خزمه‌تی كێ ده‌كات؟! ئه‌گه‌ر چه‌ك به‌وجۆره ده‌وری نه‌ماوه، ئه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی به‌غداد بۆچی له‌ماوه‌ی پێنج ساڵی رابردوودا هه‌ر له‌ئه‌مریكا بایی سێ ملیار‌و نیو دۆلار چه‌كی كڕیوه بۆخۆی؟ ئه‌ی بۆ هه‌ولێر بایی چه‌ندی كڕیوه؟ سه‌دام حسێن له‌وتاری (خندق واحد ڕم خندقان) دا ده‌ڵێ: (ده‌بێ كارێكی وابكه‌ین كورد نه له‌باری ماددی و نه له‌باری مه‌عنه‌ویی و نه له‌ئێستاو نه له‌پاشه‌ڕۆژدا ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی نه‌بێ له‌عیراق جیابێته‌وه) واتا رزگاری نه‌بێ و نه‌بێته خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی خۆی، ئایا وتاره‌كه‌ی سه‌دام و وتاره‌كه‌ی كوردستانی نوێ یه‌ك ئامانج ناپێكن؟ ئه‌مه‌یه ئه‌و كاریگه‌رترین و دروستترین و ئه‌قڵانیترین شێواز‌و كه‌ره‌سته‌ی خه‌باته‌ی ژووری توێژینه‌وه‌ی كوردستانی نوێ له‌كۆتایی وتاره‌كه‌دا فێرمان ده‌كات؟ ئاخۆ ئه‌گه‌ر نووسه‌ری ئه‌و وتاره داوای چه‌ك داماڵین له‌ئه‌نكه‌ره‌ش بكات، وه‌ڵامی ئه‌نكه‌ره چی ده‌بێ!؟
جگه‌له‌وانه، ئه‌مشێوازی نوسینه سه‌یره‌ی ئه‌م رۆژانه چییه كه خه‌ریكه ده‌بێ به‌باو به‌وه‌ی چه‌ندین وشه‌و زاراوه‌ی بیانی نامۆ تێكه‌ڵ به‌نوسینی كوردی ده‌كه‌ن وه‌ك: (پارادوكس، دیسكورس، میتۆد) كه له‌و وتاره‌دا به‌كارهاتوون؟ من ناڵێم زمانی كوردی ئه‌وه‌نده ده‌وڵه‌مه‌نده كه‌پێویستی به وشه‌و زاراوه‌ی بیانی نه‌بێت، به‌ڵام شتێك كه به‌كوردی هه‌بێت بۆچی په‌نا بۆ بیانی ببرێ و خوێنه‌ره‌وه‌ی كوردی پێ وه‌ڕس بكرێ؟ به‌رامبه‌ر به‌هه‌ریه‌ك له‌و سێ وشه‌یه، دوو یا سێ یا چوار وشه‌ی كوردی ئاسان و ره‌وانمان هه‌یه وه‌ك:
دیسكورس Discourse وتار، وانه
پارادوكس Paradox نه‌گونجاو، دژیه‌ك، ناكۆك
میتۆد Method به‌رنامه، شێواز، رێگه، رێسا
كه ده‌توانرێ به‌پێی جێگه‌و مه‌به‌ست، هه‌ریه‌كه‌و له‌شوێنێكدا به‌كاربهێنرێ، نازانم نوسه‌رانی ئه‌م شێوازه ده‌یانه‌وێ وا خۆیان پیشانبده‌ن كه له‌ئینگلیزیدا ده‌ستێكی باڵایان هه‌یه؟ یا هه‌ر به‌ڕاستی له‌كوردیدا ده‌ستیان كورته؟
*سه‌رۆكی كۆنگره‌ی نیشتمانی له‌باشووری كوردستان
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
| < Prev | Next > |
|---|





