
من وه‌ك سروودبێژێكی نه‌ته‌وه‌كه‌م، چۆن شێلگیرانه و به‌رده‌وام دژی ئه‌و ده‌نگه ناسازانه وه‌ستاومه‌ته‌وه كه بێباكانه سووكایه‌تی به‌به‌ها پیرۆزه‌كانی گه‌لی كوردستان ده‌كه‌ن، اواش به‌توندی ڕه‌خنه له ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی كورد ده‌گرم به هه‌ردوو حیزبه باڵاده‌سته‌كه‌وه كه ئێستا حكوومه‌تیان پێكهێناوه، كه‌چی خه‌مساردانه و شه‌رمنانه مامه‌ڵه له گه‌ڵ دوژمنه‌كانی سیمبۆڵه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی گه‌لی كورد و نیشمانه‌كه‌ی ده‌كه‌ن، به‌ڵی ده‌سه‌ڵاتی كورد له هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵوێسته‌كانی كاردانه‌وه‌یه‌كی ڕژد نییه به‌رامبه‌ر به‌و كه‌سانه‌ی كه چاونه‌ترسانه بێڕێزی به‌به‌ها پیرۆزه‌كانی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی گه‌له‌كه‌مان ده‌كه‌ن، به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌م ڕایه‌ی من ئه‌وه‌یه سی ساڵ له‌مه‌وبه‌ر چه‌ند كه‌سانێك به مه‌به‌ستی لابردنی سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب و دانانی سروودێكی تر له جێگای، ئێمه خۆبه‌خشانه كه‌مپینێكی ناڕه‌زاییمان له دژیدا دامه‌زراند به ناوی ده‌سته‌ی به یاسایی كردنی سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب) بۆ ئه‌و مه‌به‌سته چه‌ندین به‌یانامه‌مان ده‌ركرد و نامه‌مان بۆ جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌ریم نارد و به‌هه‌زاران واژۆی ناڕه‌زاییمان كۆ كرده‌وه، كه ئێستاش به‌یاننامه و واژۆكانی ئه‌و هه‌زاران هاووڵاتی و ڕۆشنبیرانه‌ی گه‌له‌كه‌مان ماون و گه‌واهیی مێژوویی ئه‌م ڕاستییه ده‌ده‌ن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم لێی هاته وه‌ڵام و گوتی كه‌س بۆی نییه ده‌سكاری سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب بكات و ده‌بی له په‌رله‌مان ئه‌م سرووده بكری به یاسا) ئێمه وه‌ك ده‌سته‌ی به‌یاساییكردنی سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب، لیژنه‌یه‌كمان هه‌بوو له ده‌سته‌كه‌ماندا به‌ناوی لیژنه‌ی (یاسایی) كه بریتی بوون له چه‌ندین پارێزه‌ر و دادوه‌ر، لیژنه‌ی یاسایی ده‌سته‌كه‌مان به‌ئه‌ركی دڵسۆزانه‌ی خۆیان، پرۆژه یاسایه‌كی تێر و ته‌سه‌لیان بۆ به‌یاساییكردنی سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب له په‌رله‌مانی كوردستان نووسی و شاندێك له ده‌سته‌كه‌مان خێرا پرۆژه یاساكه‌مان برد بۆ په‌رله‌مان و له گه‌ڵ به‌ڕێز شیروان حه‌یده‌ری كۆ بووینه‌وه، ئه‌وه‌بوو پرۆژه یاساكه‌ی لی وه‌رگرتین و دڵنیای كردینه‌وه كه پرۆژه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ پرۆژه یاساكه‌ی په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به به‌یاساییكردنی سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب تاوتوی بكرێن، به‌ڕێزیان پێی ڕاگه‌یاندین كه به‌دڵنیاییه‌وه سرووده‌كه به یاسایی ده‌كری، به‌ڵام به‌داخه‌وه دوای ئه‌و هه‌وڵه زۆره‌ی ده‌سته‌كه‌مان و هه‌ڵویسته نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كه‌ی جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم، په‌رله‌مان بێده‌نگیی لی كرد و ده‌سه‌ڵاتی كوردیش به‌هه‌ردوو حیزبه‌كه‌وه له گوڵ كاڵتریان به‌وانه نه‌گوت كه بێباكانه سووكایه‌تییان به‌سروودی ئه‌ی ڕه‌قب كردووه، بۆیه سه‌باره‌ت به مامۆستا عه‌لی باپیر و هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌رده‌وام سووكایه‌تی به‌به‌ها پیرۆزه‌كانی گه‌له‌كه‌مان ده‌كه‌ن، دڵنیایان ده‌كه‌ینه‌وه كه ئه‌مجاره‌ش و ده‌یان جاری تریش هێرش بكرێته سه‌ر هه‌رچی پیرۆزییه‌كانی كورد هه‌یه، له گوڵ كاڵتریان پی ناگوتری.. ده‌ی خێراكه‌ن هه‌تا زووه وه‌ك مامۆستا عه‌لی باپیر چۆن گورج و گۆڵانه و په‌یگیرانه بۆ سروودی (مه‌وتنی) ی عیراق هه‌ڵده‌ستێته سه‌ر پێیان، ئێوه‌ش ده‌ست وبردكه‌ن، هه‌تا گه‌نجه‌كانمان له نێو زه‌بری ناعه‌داله‌تیدا دووچاری ده‌یان نه‌خۆشیی خه‌مۆكی هاتوون، خێراكه‌ن ناوی كورد و كوردستانش بگۆڕن.. كی به كێیه؟ وه‌رن هه‌رچی كرۆكی عڕووبه‌ی كولتووری شۆڤێنستانه‌ی عه‌ره‌بی و نه‌ریتی ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌ی توركچێتی عوسمانی و كه‌مالیزم و فارسچێتی هه‌یه، به‌ناوی ئاینی پیرۆزی ئیسلامه‌وه به‌سه‌ر كوردی به‌دبه‌ختی موسوڵمانیدا بسه‌پێنن و به‌رژه‌وه‌ندییه حزبییه سیاسییه‌كانی به‌ناو (ئیسلام) ی!! خۆتانی پی به‌هێز بكه‌ن و جه‌ماوه‌ری ساده و ساكاری ئه‌م هه‌رێمه‌ی كوردستانی پی فریو بده‌ن، ده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌به‌ر سه‌رقاڵییان به‌پرۆژه زۆر گرنگ و مه‌زنه‌كانه‌وه!! ناپه‌رژێنه سه‌ر ئه‌م كاره بچووك ولاوه‌كییانه‌وه، بۆیه ئێوه قه‌ت ده‌رفه‌تی له‌مه چاكترتان بۆ هه‌ڵناكه‌وی، كی هه‌یه زاتی ئه‌وه‌ی هه‌بی پێتان بڵی پشتی چاوتان برۆیه، تا ده‌توانن سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب و ئاڵای كوردستان و زمانی كوردی و كولتووره‌كانی كورد و جه‌ژنی نه‌ورۆزمان لی حه‌رام بكه‌ن، چونكه ئه‌وانه گه‌وره‌ترین مه‌ترسی له‌سه‌ر ئێوه‌ی سیاسه‌تمه‌داری به‌ناو موسڵمان دروست ده‌كه‌ن، ئێمه‌ش با هه‌ر له گوپی خۆمان بده‌ین و له گوێی گادا بی ده‌نگ و بێخه‌م بنووین، چونكه پێده‌چێ ڕاوه‌ستان له‌ڕووی زۆرداریی داگیركه‌ران و كاولكردنی گونده‌كان و وێرانكردنی مزگه‌وته‌كان و سووتاندنی په‌رتووكه ئاینییه‌كان به‌لای مامۆستا مه‌لا عه‌لییه‌وه دوور بن له ئاین و ئیمان، بۆیه به‌و ڕژدییه دژایه‌تیی ئه‌و سرووده نه‌ته‌وه‌ییه ده‌كات و له هه‌ڵنه‌ستانی بۆی سووكایه‌تیی پێده‌كات، كه له ڕاستیدا دژایه‌تیكردنی ئه‌ی ڕه‌قیب خۆی له خۆیدا نه‌بوونی ئیمان و هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی ده‌گه‌یه‌نێت.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
| < Prev | Next > |
|---|





