(تاكه چاره‌سه‌رو هۆكاری به ئارمانجگه‌یشتنی گه‌لی كورد ته‌نها یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی و یه‌كهه‌ڵوێستی و هاوبیریی هێزو پارت و حزبه كوردیه‌كانه)
گه‌لی ئێمه ئێستا له نێوان پێنج تاشه به‌رددا نیه (پێنج ده‌وڵه‌تی داگیركاری كوردستان توركیا، سوریا، ئێران، ئێراق، ئه‌رمه‌نستان) به‌ڵكو له نێوان په‌نجا تاشه به‌رددایه.. هه‌ر ده‌وڵه‌تێك، هه‌ر هێزێك، هه‌ر "وه‌حش و دڕنده‌یه‌ك" بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه گڵاوه‌كانی خۆی كه‌ڵك له یه‌كێتی نه‌بوون و پارچه‌پارچه‌یی كورد وه‌ر ده‌گرێت، ده‌وڵه‌تانی دژه یه‌كی وه‌ك (ماست و پلایس) له هه‌مبه‌ر له ناوبردنی ته‌ڤگه‌ری ئازادیخوازی كورد‌و (پ ك ك، پژاك، حدكا، پ ی د، پ ی ك س) و داگیركردنه‌وه‌ی هه‌رێمی ئازادی باشوری كوردستان، ده‌وڵه‌تی وا له‌سه‌ر په‌كخستنی تێكۆشانی گه‌لی كورد له سه‌ر مێزی گفتوگۆ كۆ ده‌بنه‌وه‌و بڕیاری له ناوبردنی كورد ده‌ده‌ن مرۆڤ سه‌ری ده‌سوڕمی!، ئه‌م ده‌وڵه‌تانه ئه‌گه‌ر له یاریی وه‌رزشییشدا به‌ر یه‌ك بكه‌ون ده‌بنه پرسیاری سه‌یر؟!! بۆ نمونه ئامریكا‌و ئێران، ئیسرائیل و سوریا، به‌لجیكاو توركیا، ئیسرائیل و ئێران، به‌رازیل و ئێران و توركیا‌و هه‌زار سه‌مه‌ره‌ی دیكه‌ی سه‌ر مێزی قڕكردنی سیاسیی كورد!، گه‌لی ئێمه له باشور نیمچه ئازادیه‌كی هه‌یه حكومه‌ت و په‌ڕله‌مان و هێزی چه‌كدارو ئه‌مانه‌ی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه ناكاته ئه‌وه‌ی كه هیوای سه‌ركه‌وتنی شه‌ڕی ئێران و توركیای لێبكرێت، ئه‌وه گومانی نیه كه هێزی حكومه‌تی و په‌ڕله‌مانی و سه‌ربازی باشور شه‌ڕی توركیا‌و ئێرانی پێناكرێت، پاشان گه‌لی ئێمه له باكور ڕێكخراوه‌و خاوه‌نی چه‌ندان سه‌رهه‌ڵدانی جه‌سورانه‌یه‌و تێكۆشانی مه‌ده‌نیانه بووه‌ته كاری ڕۆژانه‌ی گه‌لمان له باكور، ئه‌مه‌ش دیسان هیوای ته‌واوی سه‌ربه‌خۆیی یان به و ئارمانجگه‌شتنی لێناكرێت، باشه بۆ؟! چونكه وه‌ك (ڕێبه‌ر ئاپۆ) ئاماژه‌ی پێده‌كات ده‌وڵه‌تی توركیا له پێناوی مانه‌وه‌ی خۆیدا كۆكوژیی مه‌زن ده‌خولقێنێت، هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌ت بۆ بۆ كپكردنه‌وه‌ی به ناو دۆخی نائارامی ناوخۆی وه‌ڵات و به تیرۆریست ناساندنی خه‌باتڤانان هه‌وڵی كۆكردنه‌وه‌ی پشتگیریی ناوچه‌یی و جیهانیی داوه وه تا ڕاده‌یه‌ك بۆی پێش چووه، له یادمان نه‌چێت ده‌وڵه‌ت بۆ هێنانه‌دی مه‌رامه گڵاوه‌كانی ده‌ستپارێزی له سڤیل وپیرو منداڵ و نه‌خۆش ناكات و "شه‌لم كوێرم ناپارێزم" ده‌كه‌وێته وێزه‌ی گیانی تێكۆشانی گه‌ل و به سته‌م كپی ده‌كاته‌وه..، هه‌روه‌ها گه‌لمان له ڕۆژهه‌ڵات تا ڕاده‌یه‌ك بوونێكی گه‌وره‌ی هه‌یه به تایبه‌ت له ڕووی فه‌رهه‌نگی و سیاسیه‌وه و هه‌روه‌ها سه‌رهه‌ڵدانی نهێنی بوونی هه‌یه له‌و پارچه، ئه‌مه‌ژی دیسان نابێته هێنانه‌دی هیوای ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی، ئه‌مه‌یان بۆ؟!، ئاخر چونكه ده‌وڵه‌تی ئێران گوێناداته له داردانی مرۆڤی كورد‌و ئاساییه به لایه‌وه له یه‌ك كاتدا چه‌ندان مرۆی كورد له‌سه‌ر په‌تی سێداره‌ی به تێگه‌شتنی هه‌ڵه‌ی خۆی ته‌مبی بكات!، ئه‌و خه‌ریكه گه‌لمان له فه‌رهه‌نگ و كولتورو زمانی دایك دوور ده‌خاته‌وه به تایبه‌ت له كرماشان و ئورامیه‌و خۆی و سه‌ڵماس، ده‌وڵه‌ت خه‌ریكه شاره‌كانی سنه‌و مه‌ریوان و بۆكان وهتد... میلیتاریزه بكات و كوردان له به‌رگی به‌كرێگیراویی هه‌ڵژه‌نێت، له‌مانه‌ش ترسناكتر ئێران ده‌توانێت كۆكوژیی كورد بكات بی گوێدانه یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان..، گه‌لی ئێمه له باكوری ڕۆژهه‌ڵات سه‌رده‌مانێك بوونی سیاسی و فه‌رهه‌نگییان هه‌بوو وه‌لی ئێستا له سایه‌ی ده‌ستی حكومه‌تی ڕه‌شی ئه‌رمه‌نستاندا بوونی گه‌لمان له‌و پارچه زۆر كز‌و لاوازه، ئه‌مه‌ش بێ هیوایه‌كی دیكه‌مان!، خه‌ڵكی كورد له ڕۆژئاڤای وه‌ڵات تێده‌كۆشن، وریا‌و وشیارن، سه‌رهه‌ڵدان ده‌كه‌ن و پارتی باش و خه‌باتكاریش بوونی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه‌ش دیسان هیوایه‌كی گه‌وره‌ی لێً ناكرێت، باشه ئه‌مه بۆ؟! چونكه ده‌وڵه‌تی سوریا خاوه‌نی هێزێكی دیكتاتۆری سه‌تمگه‌ری داگیركاری عه‌ربیسته، و ده‌توانێت چه‌ندان كۆكوژیی وه‌ك و منداڵكوژییه‌كه‌ی شاری ئامودای ساڵی 1960 كه تێیدا نزیكه‌ی شه‌ش سه‌د منداڵی كورد به هۆی سوتاندنی سینه‌مایه‌كه‌وه بوونه قوربانی و 293 منداڵ شه‌هید بوون، ده‌وڵه‌تی سوریاش بۆ بنه‌بڕكردنی تێكۆشانی ئازادیخوانه‌ی گه‌لی ئێمه له ڕۆژئاڤا ئاماده‌یه ده‌گه‌ڵ هه‌ركه‌س و لایه‌ن وده‌وڵه‌تێك هاوپه‌یمانی و ئیتیفاقیه بكات بی گوێدانه چۆنایه‌تی ئه‌و لایه‌نه...، ئه‌ز به گۆتنی ئه‌و ووتانه‌ی سه‌ره‌وه خودا نه‌خواسته نامه‌وێت بێهیوایی و ڕه‌شبینیم له ئاست تێكۆشانی گه‌ل ده‌ر ببڕم، نه‌خێر به پێچه‌وانه‌وه من ده‌مێك كه سه‌رهه‌ڵدانی نه‌ورۆزیانه‌ی باكور له ده‌ڤه‌ره‌كانی گه‌ڤه‌رو ئامه‌د و سیرت و ئه‌سكه‌نده‌رونه‌و هه‌روه‌ها سه‌رهه‌ڵدانی قامیشلۆو ڕه‌قاو پاشان مانگرتنی سه‌رتاسه‌ریی ڕۆژهه‌ڵات وپاشانیش خه‌باتكاریی گه‌ریلاو ڕێكخستنه مه‌زنه‌كانی ئه‌وروپاو تێكۆشانی پێشه‌نگانه‌ی ژنی كورد‌و لاوی كورد ده‌بینم له خۆشیاندا خه‌ریكم گه‌شكه ده‌كه‌م و ته‌نانه‌ت له خۆشی‌دا له بری پێكه‌نین گریانم دێت. هه‌روه‌ها سوپاسی خودا ده‌كه‌م له‌سه‌ر هۆشیاری گه‌لی بێ كه‌سه‌كه‌م... نه‌خێر من بێ هیوا نیم له تێكۆشانی گه‌ل... به‌رخودانی گه‌ل... هه‌وڵ و ته‌قه‌لای گه‌ل...، به‌ڵام گه‌ره‌كمه بڵێم هاویشتنی "پێنج تیر بۆ یه‌ك ئارمانج ئه‌گه‌ری پێكانی پتره له هاویشتنی یه‌ك تیر"، ده‌مه‌وێت بێژم یه‌كخستنی خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی كورد له باكوره‌وه بۆ ڕۆژئاڤاو له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه بۆ باشور‌و پاش له‌وانیشه‌وه بۆ باكوری ڕۆژهه‌ڵات ده‌بێته گه‌ره‌نتی سه‌ركه‌وتنی تێكۆشانی گه‌ل و به وێًستگه گه‌شتنی شه‌مه‌ندۆفیری خه‌باتی چه‌ندان ساڵه‌ی گه‌لی كورد، با حزب و پارته كوردیه‌كانمان هه‌زار ڕێیان هه‌بێت وه‌لی یه‌ك "ئارمانج"، سه‌دان په‌یڕه‌وو پڕۆگرام و ئه‌ساسنامه با هه‌بن با فكری تایبه‌ت به پارتی و حزب هه‌بن، به‌ڵام له‌سه‌ر كێشه‌ی كورد با هه‌موو یه‌ك بین و بگه‌ینه ئه‌و بڕوایه‌ی كه یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی زامنی به‌دیهاتنی سه‌ربه‌خۆیی و به ئاواتگه‌شتنی گه‌له بێكه‌سه چه‌وساوه‌كه‌مانه!، ئێمه‌ی كورد زۆر ڕێگه‌مان ئه‌زموون و تاقی كردوه‌ته‌وه بی به‌رهه‌م ماوین، ده با یه‌كێتی و یه‌كبوونییش ئه‌زموون بكه‌ین!، با ئیتر دڵنیاو خاترجه‌م بین له‌وه‌ی كو ئێمه‌ی كورد كه‌س كه‌سمان نیه ته‌نها یه‌كێتی نێوان خۆمان و چیا سه‌ربڵنده‌كانی وه‌ڵات نه‌بێت..، دژایه‌تی توركیا بۆ باكور نیه‌و به‌س... دژایه‌تی ئێراق بۆ باشور نیه‌و به‌س... دژایه‌تی سوریا بۆ ڕۆژئاڤا نیه‌و به‌س... دژایه‌تی ئێران بۆ ڕۆژهه‌ڵات نیه‌و به‌س... دژایه‌تی ئه‌رمه‌نستان بۆ باكوری ڕۆژهه‌ڵات نیه‌و به‌س... به‌ڵكو دژایه‌تی (هه‌موو) ئه‌مانه بۆ (هه‌موو) كورده..، هه‌ر كه‌س كۆسپ بێت له به‌رده‌م یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وه خیانه‌تی دینی و ئه‌خلاقی و ئینجا نه‌ته‌وه‌یی كردوه.. ده‌ی به‌سه با ئیتر یه‌ك بین وده‌ست له ناو ده‌ست ژن، لاو، پیاو، لادێی، شاری، خوێنده‌وار، نه‌خوێنده‌وار، مامۆستای دینی، كۆمۆنیست و هه‌موو چین و توێژه‌كان پێكه‌وه تێ‌بكۆشین...،
ئه‌ی كوردینه.،
گشت چینه‌كان...
بێجیاوازی هه‌موو بۆچوون و بیره‌كان.،
تكا ده‌كه‌م تو خودا وه‌رن با (جه‌م) بین..،
با یه‌كێتیمان كۆك بكه‌ین!،
با به‌م جۆره دوژمن له وه‌ڵات ده‌ربكه‌ین.،
گرنگ نیه زۆر یان كه‌م بین..،
ئه‌وه‌ی گه‌له‌ك گرنگه ئه‌وه‌یه كه زوو جه‌م بین..،
بژی یه‌كێتی و ته‌بایی گه‌ل.. بڕوخی دووبه‌ره‌كی و له‌تله‌تی گه‌ل..،
Email:islam_kurdistan@yahoo. com
07507958507
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
| < Prev | Next > |
|---|





